سبەی
یەکێک لەو جەستانەی لە نەخۆشخانەی حەرستای دیمەشق دۆزرایەوە، تەرمی مازن حەمادەیە کە یەکێک لە سیمبوڵەکانی شۆڕشی سوریا و بوو بە رەمزی زیندان و ئازارو ئەشکەنجە و سوکایەتی دەستدرێژییەکانی رژێم بۆ سەر چالاکوانان و خۆپیشاندەرانی ئەو وڵاتە.
دوای پشکنین و بەدواداچوونی ورد، دەرکەوت یەکێک لەو تەرمانەی لە نەخۆشخانەی حەرستای دیمەشق دۆزرانەوە تەرمی مازن حەمادەیە، کەسوکارەکەی بە هەندێک نیشانە و شوێنی ئازار و ئەشکەنجەکانی پێشووی ناسیویانەتەوە، کە پێش چوونی بۆ دەرەوەی وڵات چەندجارێک لەلایەن رژێمی سوریاوە گیراوە و ئازارو ئەشکەنجە دراوە و چوار ساڵ لەمەوبەریش بە فێڵ لە هۆڵەنداوە گەڕێندرایەوە سوریا و جارێکی دیکە دەستگیرکرایەوە و ئەشکەنجە دراوەتەوە تا مردن.
حەمادەی تەمەن 47 ساڵ، دوای ئەوە ساڵی 2014 و دوای سێ ساڵ ئازار و ئەشکەنجەی قورس توانی سوریا بەجێبهێڵێت و خۆی بگەیەنێتە هۆڵەندا، لە دەرەوەی وڵات بوو بە سیمبوڵی شۆڕشی سوریا و لە چەندین چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی و کۆڕو سیمیناردا باسی ئازارو ئەشکەنجەکانی زیندانی دەکرد کە بە توندترین شێوە ئەشکەنجە دراوە و سوکایەتی پێکراوە.
ئەو گەنجە بە جەستەیەکی لاواز و چاوێکی پڕ لە گریان و ورەیەکی بەرزەوە ببووە سیمبوڵی ئازارو ئەشکەنجەدان لە خۆپیشاندانەکانی سەرەتای سوریا لە ساڵی 2011.
مازن ساڵی 2020 بە هۆی تێکچوونی زیاتری باری دەرونییەوە لە هۆڵەنداوە گەڕایەوەی سوریا، بەووتەی کەسوکاری لەلایەن رژێمی سوریاوە هەڵخەڵەتێنراوە و بە هەڕەشەکردن لە کەسوکاری ناچاری گەڕانەوە کراوە، لەگەڵ گەیشتنەوەی بە دیمەشق دووبارە دەستگیرکرایەوە و خرایەوە زیندان.
دوای روخانی رژێمی سوریا لە رۆژی هەشتی ئەم مانگە و شکاندنی دەرگای زیندانەکانی سوریا و بەتایبەتی سیدنایا، ئومێدێک هەبوو مازن حەمادەش لە زیندانەکاندا بدۆزرێتەوە، بەڵام دواتر تەرمەکەی لەگەڵ دەیان تەرمی دیکە لە نەخۆشخانەی حەرستای دیمەشق دۆزرایەوە، کە بەپێی پشکنیەکان ماوەیەکی کەم پێش کەوتنی رژێمی سوریا لەژێر ئەشکەنجەی قورسدا گیانی لەدەستداوە.
دۆزینەوەی تەرمی مازن حەمادە، دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکرد، یەکێک لە هاوڕێکانی بۆی نوسیووە "خۆزگە یەک هەفتەی تر بەرگەت دەگرت" و ئەم ئازادییەت دەبینی.
مەعاز مستەفا، لە هێزی فریاکەوتنی سوریا کە هاوڕێیەکی حەمادە بووە، ئاشکرای کرد: پێدەچێت حەمادە تازە کوژرابێت، رەنگە چەند سەعاتێک پێش هەڵاتنی ئەسەد ئەوکارە کرابێت.
ستیڤ راپ، سەرۆکی لیژنەی لێپرسینەوە و دادپەروەری نێودەوڵەتی بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەکانی تاوانی جەنگ لە سوریا رایگەیاند: نەخۆشخانەی حەرستا، یەکێکی تر بوو لە وێستگەکانی زیندان و ئەشکەنجەدان، دەستگیرکراوەکان تا مردن ئەشکەنجەدراون، ئەو سەدان تەرمەشی کە دۆزراونەتەوە، بەنیازبوون لە گۆڕی بەکۆمەڵ ژێر خاکیان بکەن، بەڵام فریا نەکەوتوون.
ستیڤ پێیوایە؛ مازن حەمادە رەنگە دواین کەس بێت کوژرابێت، بەتایبەتی نەیانویستووە ببێتە شایەتحاڵی زیندووی تاوانەکانی رژێمی ئەسەد.
دوێنێ سێشەممە، تەرمی مازن حەمادە لەگەڵ 40 تەرمی دیکە لە نەخۆشخانەی سەربازیی حەرستا لە نزیک دیمەشق دۆزرایەوە، کە زۆرینەیان بە توندترین شێوە و تا مردن ئازار و ئەشکەنجە دراون.
دوو هەفتە لەمەوبەر، ئەوکات نە هێرشی تەحریر شام دەستی پێکردبوو، نەهیچ دەنگۆیەک لەبارەی کەوتنی رژێمی ئەسەدەوە هەبوو، "سبەی" راپۆرتێکی وردی لەسەر حەمادە و ئازار و ئەشکەنجەکانی زیندان و گەڕانەوەی بۆ سوریا و دوبارە دەستگیرکردنەوەی بڵاوکردەوە، دەتوانن دووبارە بینەری ببنەوە.