سبەی
پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق دوو رۆژی ماوە و تەواو نەکراوە، بڕیارە ناوەڕاستی مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو ئەنجامی کۆتایی سەرژمێرییەکە رابگەیەندرێت.
مەهدی عەلاق، راوێژکاری سندوقی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ دانیشتوانی راگەیاند: هەرچەندە ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی گشتی دانیشتوانی عێراق راگەیاندراوە، بەڵام هێشتا پڕۆسەکە تەواو نەکراوە و رۆژی 14ی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ تەواوکردنی کۆی پڕۆسەکە و هێشتا دوو رۆژ لەبەردەستی تیمەکانی سەرژمێری ماوە بۆ تەواوکردنی پڕۆسەکە و وەرگرتنی داتای کۆتایی لەسەر خێزانەکان.
ئاماژەی بەوەکرد؛ لەم قۆناغەدا بەشێکی داتاکان راستەوخۆ دەچێتە سەنتەری داتاکان، ژمارەیەکی زۆر لە پارێزگاکان 100%ی پڕۆسەکەیان کۆتایی پێهێناوە و کارەکانیان تەواو بوون.
مەهدی عەلاق پێشبینی دەکات، ناوەڕاستی مانگی شوباتی ساڵی 2025 ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی گشتی دانیشتوانی عێراق رایگەیەندرێت.
دواتر سەرژمێرییەکە ببێتە نەخشەڕێگای بوژاندنەوەی عێراق و دیاریکردنی پشکی وەبەرهێنانی بەپێی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکان بە پلەی یەکەم و هەروەها ئاستی مەحرومییان لە پڕۆژەکان پێوەرێکی دیکەیە.
رۆژی 16/11/2024 قۆناغی دووەمی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دەستیپێکرد، کە لە قۆناغی یەکەمدا لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولەوە پڕۆسەی گەمارۆسازی و ژمارە لێدان ئەنجام درابوو.
رۆژی 20/11/2024 قۆناغی کردەیی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق دەستی پێکرد و بۆ ماوەی دوو رۆژ قەدەغەی هاتووچۆ راگەیەندرا، بۆ تەواوکردنی تۆماری خێزانەکان.
رۆژی 25/11/2024 ئەنجامی بەرایی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق و هەرێمی کوردستان راگەیەندرا.
دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی سەرەتای سەرژمێری گشتی دانیشتوان و ئاڤاهیی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند و ئەنجامەکان بەمشێوەیە بوو:
ژمارەی دانیشتوانی هەرێم: شەش ملیۆن و 370 هەزار و 668 کەس
ژمارەی خێزان: یەک ملیۆن و 379 هەزار و 163 خێزان
ژمارەی نێر: سێ ملیۆن و 200 هەزار و 506 کەس
ژمارەی مێ: سێ ملیۆن و 170 هەزار و 162 کەس
هەمان رۆژ، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی سەرەتایی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی راگەیاند و ئاشکرای کرد، ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتوەتە 45 ملیۆن و 407 هەزار و 895 کەس.
بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکانی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق، دانیشتوانی هەرێم رێژەی 14%ی دانیشتوانی عێراق پێکدەهێنێت.
بەپێی ئەنجامی سەرەتایی سەرژمێری گشتی دانیشتوان:
ژمارەی دانیشتوان: 45 ملیۆن و 407 هەزار و 895 هەزار
ژمارەی خێزان: حەوت ملیۆن و 898 هەزار و 588 خێزان
قەبارەی خێزان: بە تێکڕای گشتی 5.3 کەس بۆ هەر خێزانێک
ژمارەی نێر: 22 ملیۆن و 784 هەزار و 62 کەس
ژمارەی مێ: 22 ملیۆن و 623 هەزار و 833 کەس
لەسەر ئاستی عێراق و لە هەر 18 پارێزگاکە (هەڵەبجەش وەک بەشێک لە پلانی پارێزگای سلێمانی بەشداریی سەرژمێری کرد) 120 هەزار بژمێر بەشداریی لە پرۆسەكەدا دەكەن و بودجەی تەرخانكراو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ سەرژمێری 459 ملیار دینارە.
پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق بۆ ساڵی 2024، جیاكردنەوەی تایبەتمەندی كۆمەڵایەتی و تەمەن و تەندروستی و ئەو كەلوپەل و شێوازە ژیانەی هەیانە دەگرێتەوە، جگە لە هەندێك زانیاریی دیكە كە لەلایەن بژمێرەكانەوە تۆمار کراوون لەسەر خێزانەكان و تاكی خێزانەكان و جۆری ژیان و ئەو پێداویستیانەی بەكاریدەهێنن.