لە ماهیر ئەسەدەوە بۆ ماهیر شەرع؛ جۆلانی براكەی دەكاتە وەزیری تەندروستی

#سوریا#ئەحمەد شەرع#ماهیر شەرع
6 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 مانگ نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • بەشێك لە سورییەكان ئەو هەنگاوەی ئەحمەد شەرع بە دووبارە كردنەوەی هەمان ڕەفتارەكانی بەشار ئەسەد لێك دەدەنەوە لە پەیڕەوكردنی خزمایەتی بە دانانی كەسە نزیكەكانی لە پۆستە باڵاكانی حكومەت، بەڵام بەشێكیان پشتگیری بڕیارەكە دەكەن و پێیان وایە ماهیر شەرع شایستەی ئەو پۆستەیە.
Primary Asset

ماهیر شەرع و ئەحمەد شەرع

سبەی

ئەحمەد شەرع “ئەبو محەمەد جۆلانی” فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریر شام، براكەی بەناوی "ماهیر كوزیر " دەكاتە وەزیری تەندروستی لە حكومەتی ڕاگوزەری سوریا، ئەمەش ڕوبەڕووی شەپۆلێك ڕەخنە بووەتەوە.

بەشێك لە سورییەكان ئەو هەنگاوەی ئەحمەد شەرع بە دووبارە كردنەوەی هەمان ڕەفتارەكانی بەشار ئەسەد لێك دەدەنەوە لە پەیڕەوكردنی خزمایەتی بە دانانی كەسە نزیكەكانی لە پۆستە باڵاكانی حكومەت، بەڵام بەشێكیان پشتگیری بڕیارەكە دەكەن و پێیان وایە ماهیر شەرع شایستەی ئەو پۆستەیە.

بەشێك لە سورییەكان بە سەرسوڕمانەوە مەسەلەی ماهیریان كردووە بە گاڵتەجاڕی، كە ناوەكەی لە مێژووی سوریادا ئامادەیە، دەڵێن ماهیر لە هەموو جۆرە حكومەتەكانی سوریادا ئامادەیە وەك ئەوەی نەفرەتێك بێت و نەیەوێت وڵاتەكە جێبهێڵێت.

ڕەخنەكان هەر بەوەوە نەوەستاون، ڕەخنەگرە جدییەكانی سوریا دەڵێن ترسیان هەیە هەمان سیناریۆی خێزانی ئەسەد لە سوریا دووبارە ببێتەوە، چونكە ئەحمەد شەرع جگە لە ماهیری برای، حازمیی برا گەورەشی كردووەتە بەرپرسێكی حكومەت.

ڕەخنەكان لەكاتێكدان، دەوترێت ماهیر شەرع دكتۆرای هەیە لە زانستی پزیشكیدا، پسپۆڕیشە لە نەشتەرگەری ژنان و چارەسەری نەزۆكی و منداڵبوون جگە لەوەی دبلۆمی لە ئیدارەی تەندروستیدا هەیە.

محەمەد بەشیر سەرۆكی ئیدارەی كاتیی سوریا كاتی ڕاسپاردنی ڕەخنەی ئەوەی لە ئیدارەی حكومەتەكەی بەشار ئەسەد گرت، كە ئیدارەیەكی گەورە و گەندەڵی جێهێشتووە كە بەهۆیەوە سوریا كەوتووەتە دۆخێكی ئابوری قورسەوە.

وتیشی: "حكومەت هیچ شتێكی نییە جگە لە لیرەی سوری كە بەهای نیە و هیچ دراوێكی بیانییان نییە، بەڵام سەرەڕای ئەو ئاڵنگاریانە دەكرێت دۆخەكە باش بكرێت هەرچەندە كاتی دەوێت".
 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی