حکومەتی کاتی سوریا یان حکومەتێک لە ژێر هەژمون و سێبەری تورکیادا

#تورکیا#سوریا#ڕۆژئاوای کوردستان
5 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 مانگ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • حکومەتی کاتی سوریا بە تەواوی کەوتوونەتە ژێر هەژموونی تورکیا و بەرپرسانی ئەو حکومەتە کاتییە کە زۆرێکیان هەستوسۆزیان بەلای تورکیادایە بە هەمان زمانی گەورە بەرپرسانی تورکیا دەدوێن و هەڕەشە لە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن.
Primary Asset

ئەحمەد شەرع و هاکان فیدان، وێنە: میدیاکان

سبەی

جگە لەو پێشوازییە گەرمییەی لەلایەن تورکیاوە لەو حکومەتە کاتییەی سوریا دەکرێت لە لایەن گروپە جیهادییەکان بە سەرۆکایەتیی تەحریری شام پێکهێندراوە، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی کابینەکەی هەست و سۆزیان لەگەڵ تورکیادایە.

دیمەشق بووەتە کاروان سەرا بۆ تورکیا و ڕۆژێک سەرۆکی دەزگای هەواڵگری و ڕۆژێکی دیکەی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە روی تێ دەکات.

 وەک ئەوەی ئەوەندەش بەس نەبێت، ژمارەیەکی بەرچاو لەوانەی پۆست و پلەیان لەو حکومەتە کاتییە پێدراوە، لە تورکیا ژیاون و خوێندوویانە یان فەرماندە بوون لەنێو ئەو گروپە جیهادییە چەکدارییانەی سەر بە تورکیان و ناویان لە خۆیان ناوە "سوپای نیشتمانیی سوریا".

ڕۆژنامەی یەنی شەفەق'ی سەر بە ئاک پارتیی دەسەڵاتداری تورکیا لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بە ژمارەیەک لەو کەسانە کردووە کە لە تورکیاوە نزیکن و پلەو پۆستیان پێدراوە لە حکومەتی کاتی سوریادا.

وەزیری دەرەوە

ئەسعەد حەسەن ئەلشیبانی وەک وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتی دەستنیشان کراوە. لە 1987 لە پارێزگای حەسەکە لەدایک بووە و دوای تەواوکردنی کۆلێژی ئەدەبیات و زانستە مرۆڤایەتییەکان لە دیمەشق لە 2009، لە 2022 ماستەری لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییەکانی دەرەوە لە زانکۆی سەباحەدین زەعیم لە تورکیا و دوو ساڵ دواتریش دکتۆرای لە هەمان بوار تەواو کردووە لە تورکیا. 

یەکەم ژنی پۆست پێدراو

یەکەم ژن کە لەنێو حکومەتی کاتی سوریا پۆستی پێ دراوە، ئایشە ئەلدەبس (ئایشە سەیدئۆغڵو)یە کە رەگەزنامەی تورکی پێ دراوە و سەرۆکی پلاتفۆرمی کۆمەڵە سورییەکان بووە و ئەو پلاتفۆرمەیش لەلایەن پەنابەرانی سوری لە تورکیا پێکهێنرابوو.

ئایشە ئەلدەبس کراوەتە بەرپرسی کاروباری ژنان لە حکومەتی کاتی سوریا.

پارێزگاری حەلەب

یەکێک لەوانە عەزام غەریب'ە کە فەرماندەی گشتیی بەرەی شامییە سەر بە سوپای نیشتمانیی سوریا بووە و کراوەتە پارێزگاری حەلەب.

عەزام غەریب لە 2019 بڕوانامەی ماستەری لە تەفیسری قورئان بە دەستهێناوە لە کۆلێژی شەریعەی زانکۆی چەولیک (بینگۆل) لە باکوری کوردستان. 

ناوبراو تورکییەکی زۆر باش دەزانێت، بە کلتوری تورکیا ئاشنایە و رۆڵی گرنگ دەگێڕێت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریای دوای بەشار ئەسەد.

پارێزگاری دەوروبەری دیمەشق

لە لایەکی دیکەیشەوە ئەمیر ئەلشێخ ئەبو عوبەیدە فەرماندەی ئەحرارولشام وەک پارێزگاری دەوروبەری دیمەشق (ریفی شام) دەستنیشان کراوە. 

 ئەحرارولشام یەکێکە لە گروپە هەرە گرنگەکان و رۆڵی هەبوو لە کۆنتڕۆڵکردنی حەلەب و شارەکانی دیکەی سوریا. لە 2020 بۆ رێگەگرتن لە لێکترازان و بوون بە دوو بەشی ئەو گروپە بە نێوەندگیری تورکیا، ئەبو عوبەیدە کرا بە فەرماندەی کە وەک دووەم گرنگترین کەسی ناو گروپەکە ناسرا بوو.

هەروەها ماهیر محەمەد مەروان وەک پارێزگاری دیمەشق، ئەحمەد عیسا ئەلشێخ وەک پارێزگاری ئیدلب و حوسێن سەلامە عەقیدی وەک پارێزگاری دێرازۆر دەستنیشان کران.

لە لایەکی دیکەیشەوە حەسەن سوفان وەک پارێزگاری لازقییە دەستنیشان کراوە. ناوبراو زۆربەی ژیانی لە لازقییە و زیندانی سەدنایا بەسەر بردووە و ماوەیەک فەرماندەی ئەحرارولشام بووە. 

حکومەتی کاتی سوریا یان حکومەتێک لە ژێر هەژمون و سێبەری تورکیادا

لە دوای کەوتنی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد لەلایەن گروپە جیهادییەکان بە سەرۆکایەتی تەحریری شام کە گروپێکی جیابوەوەیە لە ئەلقاعیدە، بە مەبەستی دەربڕینی پشتیوانی و بۆ ئەوەی ئەو حکومەتە کاتییە بکەوێتە دژایەتیکردنی کوردانی رۆژئاوای کوردستان، رۆژێک سەرۆکی میت دەچێتە دیمەشق و رۆژێکی دیکەیش وەزیری دەرەوە و بڕیاریشە دواتر سەرۆک کۆماری تورکیاش بچێتە دیمەشق.

لە لێدوانەکانی بەرپرسانی حکومەتی کاتی سوریایش دەردەکەوێت، کە بە تەواوی کەوتوونەتە ژێر هەژموونی تورکیا و بە هەمان زمانی گەورە بەرپرسانی تورکیا دەدوێن.

ئەوان جگە لەوەی رەتی دەکەنەوە هیچ جۆرە مافێکی وەک خۆسەری و فیدڕاڵی بە رۆژئاوای کوردستان بە رەوا ببینن، هەروەها هەسەدە کە 13 ساڵە کوردانی رۆژئاوای کوردستان لە هێرشەکانی داعش و گروپە جیهادییەکان و گروپەکانی سەر بە تورکیا دەپارێزێت، وەک پەکەکە ناوی دەبەن و دەڵێن لە سوریا جێیان نابێتەوە و دەبێت چەک تەنها بە دەست هێزەکانی سوپاوە بمێنێت. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی