سبەی
ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتیی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) ڕایگەیاند: "ئێمە بەشێکین لە سوریا و باشترین کار ئەوەیە کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەین".
لە دوای کۆتاییهێنان بە حوکمی 61 ساڵەی رژێمی بەعس لە لایەن تەحریر شام (هەتەشە)، هاوکێشەکان لە سوریا گۆڕان. تورکیا دەیەوێت گۆڕانکارییەکان بە سودی خۆی تەواو بن و بە مەبەستی زیادکردنی هەژموونی خۆی بەسەر ئیدارەی نوێی سوریادا، وەک یەکەم وڵات هەر زوو کەوتە پەیوەندی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، فەرماندەی هەتەشە.
ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) لە 12ی کانونی یەکەم و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیایش 10 رۆژ دواتر لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە دیمەشق کۆبوونەوە.
ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیا بڵاوی کردووەتەوە ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەیەدە و هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە ڕایگەیاندووە هاتنی گەورە بەرپرسانی تورکیا بۆ دیمەشق پیلانگێڕی نوێی ئەو وڵاتەیە دژ بە کورد و دەڵێت: "تا ئێستا بە تەواوی ڕوون نییە لە کۆبوونەوەکاندا چی گوتراوە. بەڵام دیارە بە ئیدارەی نوێیان گوتووە لەگەڵ کورد دانوستان مەکەن و هیچ جۆرە پەیوەندییەکتان نەبێت لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری. تورکیا بەردەوام سیاسەتی خۆی بە جۆرێک دادەڕێژێتەوە، تا رێگر بێت لە دەسکەوتەکانی گەلی کورد".
تورکیا دەیەوێت سوریا بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی
ساڵح موسیلم جەخت لەوە دەکاتەوە لە ڕاستیدا تورکیا تەنیا بە قسە دەیەوێت ئارامی لە سوریا بەدی بێت و دەڵێت: "تورکیا دەڵێت دەیانەوێت سوریا لە تیرۆر دابماڵدرێت، بەڵام ئەوان گەلی کورد و ئەو هێزانەی سەر بە ئیدارەی خۆسەرین بە تیرۆریست لەقەڵەم دەدەن. بەبێ شەرمانە یەپەگە و هەسەدە بە تیرۆریست ناو دەهێنن و دەیانەوێت ئەمە بکەنە بەهانە بۆ دەستوەردان لە سوریا. تورکیا بە تەواوی هێزی خۆیەوە دەیەوێت سوریا بخاتە ژێر هەژموون و کۆنتڕۆڵی خۆی. بەڵام گەلانی سوریا و داهاتووی سووریا ڕێ بەوە نادات".
دوای نەمانی هێرش وهەڕەشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، چەک دادەندرێت
موسلیم جەختی لەوە کردەوە کە هەسەدە، یەپەگە و یەپەژە لەپێناو داکۆکیکردن لە گەلی کورد و پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد لە هەڕەشەکان دروست بوون و گوتی: "ئەو هێزانە تەنیا لە کاتێکدا دەتوانن چەکەکانیان دابنێن، کە هەڕەشەکان نەمێنن. ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر گەلەکەمان ڕابوەستن و دڵنایی بدرێت، ئەوکات پێویستیمان بە چەک نامێنێت. بەڵام هێشتا لەژێر هەڕەشەداین و هێرشمان دەکرێتە سەر. پاراستنی خۆمان و ئەو عەرەب، ئاشوری، تورکمان و نەتەوانەی دیکەی لە ناوچەکە دەژین مافی ڕەوای خۆمانە".
ئەحمەد شەرع دژی گروپە بەکرێگیراوەکانی تورکیایە
ساڵح موسلیم سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە تائێستا پێکدادانی راستەوخۆ لەنێوان هێزەکانی تەحریری شام (هەتەشە) و هێزە کوردییەکان ڕووی نەداوە و گوتی: "ئەوان پێیان ڕاگەیاندووین هێرش ناکەنە سەر کورد و تائێستایش لەسەر قسەی خۆیان بوون. بەڵام ئەو گروپانەی سەر بە تورکیان بەردەوام هێرشمان دەکەنە سەر. هەتەشە لە دوا لێدوانیدا داوای کردووە تەواوی گروپە چەکدارەکان لەژێر چەتری ئیدارەی نوێی سوریادا یەک بگرن. ئێمە ئەوە بە تەواوی ڕەت ناکەینەوە، نامانەوێت سوریا دابەش ببێت. بەڵام ئەمە بە نەمانی هەڕەشەکان بۆ سەر گەلەکەمان بەدی دێت. جۆلانی (ئەحمەد شەرع)یش دژی بوونی گروپەکانی سەر بە تورکیایە و دەیەوێت پەرتیان بکات. ئەگەر تورکیا واز لە سوریا بهێنێت و کۆتایی بە هەوڵە جیاخوازییەکانی بهێنێت، لەگەڵ جۆلانی دەگەینە ڕێککەوتن".
یەکڕیزی کورد و کۆبوونەوەکان لەگەڵ ئەنەکەسە
ساڵح موسلیم ئاماژەی بەوە دا بەردەوامن لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئەنەکەسە و وێڕای هەوڵەکانی تورکیا بۆ ڕێگەگرتن لە یەکڕیزی گەلی کورد، دەیانەوێت ئەنجامی باش بەدەست بهێنن، گوتی: "لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکان هەمیشە لەگەڵ یەکڕیزدا بووین. بەردەوامین لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ ئەنەکەسە کە لەگەڵ تورکیادایە و گوێ لە ئێمە ناگرێت".
ساڵح موسلیم سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە کۆبوونەوەکە بە نێوەندگیری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەگەڵ بەڕێز مەزڵوم عەبدی ئەنجام دراوە و ئەنەکەسە خواستەکانی خستووەتە ڕوو و دەڵێت: "بۆ قۆناغی داهاتوو لەگەڵ پارتە کوردییەکانی دیکەیش کۆدەبینەوە. دەمانەوێت بە یەکدەنگی و نوێنەرایەتی تەواوی گەلان بچینە دیمەشق. دەمانەوێت کێشەکان لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا چارەسەر بکەین. یاساکان پێکەوە دابڕێژینەوە و بە شێوەیەکی فەرمی بەردی بناغەیان بۆ دابندرێت. باشترین کار ئەوەیە کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەین".