دەسەڵاتی تازەی دیمەشق ملیۆنێک حەپی کەپتاگۆنی سوتاند

#کەپتاگۆن#کەوتنی دیمەشق#بەشار ئەسەد#بەعس#ماددەی هۆشبەر
7 مانگ لەمەوپێش
ئەرسەلان ڕەحمان
پوختە :
  • دەسەڵاتە تازەکەی دیمەشق، دەستیکرد بە سوتاندنی ئەو ماددە هۆشبەرانەی لە کارگەکانی سەردەمی بەشار ئەسەد بەجێماون.
Primary Asset

سبەی

دەسەڵاتە تازەکەی دیمەشق، دەستیکرد بە سوتاندنی ئەو ماددە هۆشبەرانەی لە کارگەکانی سەردەمی بەشار ئەسەد بەجێماون.

فرانس پرێس لە زاری سەرچاوەیەک لە بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی گشتیی دەسەڵاتی تازەی دیمەشقەوە بڵاویکردەوە، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی تازە دەستیانگرتووە بەسەر کۆگایەکی ماددەی هۆشبەردا لە دیمەشق.

ئەو سەرچاوەیە وتویەتی: کۆگاکە کەوتبووە چوارگۆشەی ئەمنیی لە ناوچەی کفرسوسە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکان نزیکەی یان زیاتر لە ملیۆنێک دەنکە حەپی کەپتاگۆنی هۆشبەریان سوتاندووە.

هەروەها بڕێکی زۆر لە قەنبی هیندی و سندوقی پڕ لە حەپی ترامادۆڵ و پەنجا کیسەی حەپی کەپتاگۆن سوتێنراون.

لە سەردەمی بەشار ئەسەددا، هێزە ئەمنیی و هەواڵگرییەکانی سوریا سەرقاڵی بەرهەمهێنانی حەپی کەپتاگۆن و ماددەی هۆشبەر بوون، بە جۆرێک سوریا بە پایتەختی کەپتاگۆن لە جیهاندا ناوی دەرکردبوو.

ساڵانە دیمەشق لە فرۆشتنی کەپتاگۆن 2.4 ملیار دۆلاری دەستکەوتووە، وەک ئەوەی پەیمانگەی نیو لاینز لە نیویۆرک لێکۆڵینەوەی لە بارەوە کردووە.

ساڵانە لە جیهاندا بە بڕی 10 ملیار دۆلار بازرگانی بە کەپتاگۆنەوە دەکرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی