سبەی
هەموو ساڵێک رۆژی 26ـی کانونی یەکەم، رۆژێک دوای جەژنی کریسمس و لە دایکبونی پێغەمبەر عیسا بە بۆکسینگ دەی دادەنرێت لە بەریتانیا و شانشینی یەکگرتوو، لەم رۆژەدا چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدەدرێت.
بۆکسینگ دەی رۆژێکی نەریتییە لای بەریتانییەکان و دەکرێتە پشووی فەرمی لە وڵاتانی سەر بە شانشینی یەکگرتوو و لەم رۆژەدا چەندین چالاکی جۆراو جۆر ئەنجامدەدرێت بە تایبەت چالاکییە وەرزشییەکان.
لە بۆکسینگ دەی، خەڵکی سەردانی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەکەن. لە بازاڕەکاندا جۆرەها داشکاندنی جۆراوجۆر دەکرێت بۆ کڕیاراران هاوشێوەی هەینی رەش (بلاک فرایدەی).
لای بەریتانییەکان خواردنی قەل یەکێکە لە نەریتەکانیان لە بۆکسیگ دەی و بە چەندەها شێواز خێزانەکان ئامادەی دەکەن، لەگەڵ چەندین جۆری دیکەی خواردن.
بنەڕەتی بۆکسینگ دەی
چەندین گێڕانەوە هەیە سەبارەت بە دیاریکردنی 26ـی کانونی یەکەم وەکو بۆکسینگ دەی، لێرەدا دوو گێڕانەوە خراوەتەڕوو.
بەپێی ماڵپەڕی بەریتانیکا لە رۆژی کریسمس واتە رۆژێک پێش بۆکسینگ دەی، کڵێسەکان پارە و دیاریان کۆکردووەتەوە لە بۆکسینگ دەی بەخشیویانە بە هەژار و بێدەرەتانەکان.
بەپێی ماڵپەڕی هیستۆری (History.com) گێڕانەوەیەکی دیکە هەیە و پێیوایە بەهۆی ئەوەی رۆژی کریسمس خزمەتکارەکان سەرقاڵی خزمەتکردن بوون، بۆیە رۆژی دواتر واتە بۆکسینگ دەی، ئاغا و دەرەبەگەکان دیارییان بەخشیوەتە خزمەتکارەکانیان لە سندوقی دیاریکراودا، ئەو کاتە پێی وتراوە (سندوقی کریسمس)، بەڵام دواتر گۆڕاوە بۆ بۆکسینگ دەی واتە رۆژی سندوق.
ئەو وڵاتانەی بۆکیسنگ دەی تێدا دەکرێت
ئەو وڵاتانەی کە بەشێکن لە شانشینی بەریتانیا وەکو کەنەدا، ئوسترالیا و نیوزلەندا، ئاهەنگ دەگێڕن بەهۆی بۆکسین دەیەوە، بەڵام ژمارەی وڵای دیکەی وەک ئەفریقای باشور و هۆنگ کۆنگ کە داگیرکراوی پێشووی شانشینی بەریتانیان بۆکسینگ دەی پشوو دەبێت لایان.
لە ئەمەریکا بۆکسینگ دەی دەکرێت؟
ئەمەریکا یەکێکە لەو وڵاتە ئینگلیز زمانانەی کە بۆکسینگ دەی تێدا ناکرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەمەریکا بەشێک نییە لە شانشینی یەکگرتووە. یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان کە بۆکسینگ دەی لە ئەمەریکا بۆنەیەکی گرنگ نییە، چونکە بۆکسینگ دەی 100 ساڵ دوای سەربەخۆیی ئەمەریکا ناسێندرا، ئەمەریکا لە 1776 سەربەخۆیی بەدەستهێنا، لە کاتێکدا بۆکسینگ دەی لە 1871 بە فەرمی ناسێندرا.
گرنگترین چالاکییە وەزشییەکانی بۆکسینگ دەی
بەریتانیا خاوەنی بەهێزترین خولی ناوخۆی تۆپی پێیە بە ناوی پرێمەر لیگ. لەم رۆژەدا بە پێچەوانەی خشتەکانی خولەکەوە کە زۆبەی یارییەکان لە رۆژی شەممە ئەنجامدەدرێت، بۆکسینگ دەی هەر رۆژێکی هەفتەکە بێت ژمارەیەک یاری خولی پرێمەر لیگی تێدا ئەنجام دەدەرێت.
ئەمڕۆ هەشت یاری گرنگ ئەنجامدەدەرێت، کە ئەمانەن:
مانچستەر سیتی و ئیڤەرتۆن کاتژمێر 3:30 ئێوارە
بۆرنمۆوس و کریستاڵ پاڵاس کاتژمێر 6:00 ئێوارە
چێلسی و فولهام کاتژمێر 6:00 ئێوارە
نیوکاسڵ و ئەستۆن ڤێلا کاتژمێر 6:00 ئێوارە
نۆتینگهام فۆرێست و تۆتنهام کاتژمێر 6:00 ئێوارە
ساوسهامپتن و وێستهام کاتژمێر 6:00 ئێوارە
وۆڵڤرهامپتۆن و مانچستەر یونایتد کاتژمێر 8:30 شەو
لێڤەرپوڵ و لیستەر سیتی کاتژمێر 11:00 شەو