بۆ لێدان لە کەرتی وزەی روسیا؛ ئەمەریکا زانیاریی هەواڵگریی بە ئۆکراینا دەدات

#ئەمەریکا#ئۆکراینا#کیێڤ#مۆسکۆ#روسیا
4 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
جێگر تەیب
پوختە :
  • ماوەی چەند مانگێکە واشنتن لە رێگەی زانیاریی هەواڵگرییەوە یارمەتی کیێڤی داوە بۆ بە ئامانجگرتنی کەرتی وزەی روسیا
Primary Asset

عەمبارێکی نەوتی روسیا لەلایەن ئۆکرایناوە بە ئامانجگیراوە

سبەی

بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمەریکا و ئۆکراینا، ماوەی چەند مانگێکە واشنتن لە رێگەی زانیاریی هەواڵگرییەوە یارمەتی کیێڤی داوە بۆ بە ئامانجگرتنی کەرتی وزەی روسیا، وەک بۆرییەکانی گواستنەوەی سوتەمەنی و وێستگەکانی کارەبا.

سەبارەت بە گرنگی زانیارییەکانی ئەمەریکا، وەک لە راپۆرتێکی فاینانشەڵ تایمز-دا هاتووە، لە ناوەڕاستی وەرزی هاوینی ئەمساڵەوە، ئەمەریکا زانیاریی هەواڵگریی بە ئۆکراینا دەدات، زانیارییەکانی ئەمەریکا یەکلاکەرەوەن و بە هۆیەوە ئۆکراینا گورزی بەهێزی لە کەرتی وزەی روسیا وەشاندووە.

ئەوە یەکەمجارە، واشنتن پشتڕاستی کردووەتەوە راستەوخۆ پشتیوانی سوپای ئۆکراینای کردووە لە هێرشەکانیان بۆ قوڵایی خاکی روسیا، ئەو کارە پێشتر لەلایەن ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا رەتکراوەتەوە، ئەوەش لە ترسی پەرەسەندنی زیاتری شەڕ و ئاڵۆزییەکان.

ئەو گۆڕانکارییە ئاماژەیەکی روونە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پشتیوانییەکانی بۆ ئۆکراینا دژی روسیا زیاتر کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا بێهوا بوو لە ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا بۆ راگرتنی شەڕ و ئاگربەست.

دوێنێ شەممە (11ـی تشرینی یەکەمی 2025)، ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە قسەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کرد، و دوای لێکرد وەک چۆن ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرپاکرد، بە ئەو جۆرەش ئاشتی بۆ ئۆکراینا بەرقەرار بکات.

سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، زیلینسکی رایگەیاند، گفتوگۆیەکی بەرهەمداری لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکادا کردووە و لەسەر توانا دوورمەوداکان (موشەکی تۆماهۆک) قسەیان کردووە.

زیلینسکی دەشڵێت: "گفتوگۆمان لەسەر ئەم پرسانە کرد: بەرگرییکردن لە وڵاتەکەمان، بەهێزکردنی تواناکانمان لە بەرگریی ئاسمانیدا و توانا موشەکییە دوورمەوداکان."

یارمەتییەکانی واشنتن بۆ کیێڤ خۆی دەبینێتەوە لە پلان دانان، بڕیاری ستراتیژی بۆ هێرشە موشەکییە دوورمەوداکان بە یارمەتیدانیان بۆ تێپەڕاندنی بەرگریی ئاسمانی روسیا بۆ لێدانی ئامانجەکانی بە سەرکەوتوویی. 

بەپێی سێ سەرچاوەی تایبەت کە قسەیان بۆ فاینەنشەڵ تایمز کرووە، ئەمەریکا لە نزیکەوە بەشدارە لە قۆناغەکانی پلاندانان لە هیرشەکانی ئۆکراینا بۆ سەر روسیا. بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا قسەی بۆ فاینەشنەڵ تایمز کردووە و دەڵێت: "ئۆکراینییەکان ئامانجەکان هەڵدەبژێرن، دواتر واشنتن زانیاری هەواڵگریی لەسەر خاڵە لاوازەکانی ئامانجەکە لەگەڵ سوپای ئۆکراینا هاوبەشی پێدەکات."

گۆڕانکارییەکان لە سیاسەتی ئەمەریکا بۆ شەڕی ئۆکراینا، دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترەمپ و زیلینسکی هات کە تیایدا هانی زیلیسنکی دا بۆ چڕکردنەوەی هێرشەکان و داوای لێکرد ئایا دەتوانێت مۆسکۆ بکاتە ئامانج ئەگەر ئەمەریکا موشەکی دوورمەودای پێببەخشێت؟

کەمپەینی ئەمجارەی هێرشی ئاسمانی ئۆکراینا بۆ سەر روسیا، زیاتر سێکتەری ئابووری مۆسکۆی گرتووەتەوە بە لێدان لە کەرتی نەوت و غازی ئەو وڵاتە.

تا ئێستا بەشی سەرەکی ئابووری روسیا لەسەر نەوت و غازە، ئۆکراینا بە لێدان لە سێکتەری وزە دەیەوێت ئابووری روسیا ئیفلیج بکات.

زانیارییە هەواڵگرییەکان ئەمەریکا لە بواری بەرگرییشدا یارمەتی ئۆکراینا دەدات لەسەر هێرشە درۆنی و موشەکییەکانی روسیا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی