هێزێکی ئەمەریکا لە رۆژئاوای کوردستان
سبەی
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتی ئەمەریكا، چالاكییەكانی لە باكوری حەسەكە لە رۆژئاوای كوردستان چڕكردۆتەوە، وەكو راهێنانی هاوبەش لەگەڵ هەسەدە و پتەوكردنی هاوكاری سەربازیی و لۆجیستی، ئەمەش لەپێناو زیاتر ئامادەیی سەربازیی و هەماهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەكانی ناوچەكە.
بەپێی راپۆرتی روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا، چوار خولی راهێنانی سەربازیی ئەنجامداوە، جگە لە بردنی 15 بارهەڵگر چەك و پێداویستی سەربازیی، هەروەها نیشتنەوەی فڕۆكەیەكی بارهەڵگر كە چەكی قورس و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی تێدا بووە، هەروەها ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەشیان ئەنجامداوە كە یەكێكیان بۆ كوشتنی جیهادییەكی بیانی بووە لە سوریا.
ئەو جموجوڵ و زیاتركردنی هاوكارییە سەربازییانە لەكاتێكدایە، لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا و رۆژئاوای كوردستان ئاڵۆزی لەنێوان حكومەتی سوریا و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە هەفتەی رابردوو سەریهەڵدا، سەرەڕای ئەو هەڕەشە ئەمنییە بەردەوامەی داعش لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا دروستیكردووە.
رۆژی10ـی تشرینی یەكەمی 2025)، 10 ساڵ بەسەر دامەزراندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات تێپەڕی، لە راگەیەندراوی دامەزراندنیشیدا هەسەدە ئاماژەی بەوەكردووە: لەسەر میرات و قوربانییەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەكینەكانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە تاریكترین قۆناغەكانی سوریا دامەزراون، كە ئاژاوەگێڕی حوكمی دەكرد و سەرجەم بەرەكان هەڵوەشابونەوە، تیرۆریستان دەستیان بەسەر روبەرێكی فراوانی وڵاتەكەدا گرتبوو.
هەسەدە ئاماژەی بەوەكردووە، لە ماوەی ١٠ ساڵدا، شەرڤانانی هەسەدە قوربانییەكی یەكجار زۆریان داوە، خوێنی هەزاران شەهیدیان ڕشتووە كە شار و گوندەكانیان لە دەستی داعش ڕزگار كرد. ملیۆنان هاوڵاتی مەدەنییان لە جینۆساید و ئاوارەبوون پاراست. لە سەنگەرەكاندا شەڕیان بۆ بەرگریكردن لە بەها بەرزەكان كرد، ئاسایشیان لەو شوێنانە چاند كە مردن باڵی كێشابوو بەسەریدا و تیرۆر شوێنپەنجەی خۆی بەجێهێشتبوو.
پەیوەندی هەسەدە و هاوپەیمانان
پەیوەندی نێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بۆ 10 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. هاوپەیمانییەكە پشتیوانی لە دامەزراندنی هەسەدە كرد وەك هاوبەشێكی ناوخۆیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سوریا.
لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، هەسەدە لەپشتگیری و هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا سودمەند بووە.
سەرەڕای پشتیوانی دارایی، بەشێك لەو پاڵپشتییە داراییەی كە هاوپەیمانان و هێزەكانی ئەمەریكا پێشكەشی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەكەن، لە شێوەی پاڵپشتی سەربازی و لۆجستیدایە، كە لە چوارچێوەی كاروانە سەربازی و پاڵپشتییە لۆجستیدا و لە بنكەكانیان لە عێراق و هەرێمی كوردستانەوە دەگەیەنرێنە بنكەكانیان لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.
ئەو پاڵپشتییە چەك و تەقەمەنی و كەرەستەی سەربازی و زرێپۆش لەخۆدەگرێت، جگە لە هاوكاری لۆجستی، لەوانەش كەرەستەی چاودێری و پەیوەندیكردن، بۆ بەهێزكردنی سیستمی كۆنترۆڵ و ئەمنی لە كەمپ و زیندانەكانی نیشتەجێبوونی ئەندامانی داعش و خێزانەكانیان لەو ناوچانەی كە لەژێر كۆنترۆڵی هەسەدەدایە.
ئەم پاڵپشتییە بۆ هەسەدە كە مەشقیش لە خۆ دەگرێت، لە شێوەی مانۆڕی سەربازی هاوبەش لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان دەردەكەوێت. ئەم مانۆڕانە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٢ەوە بە شێوەیەكی بەرچاو زیادیانكردووە.