خەڵكی هەرێمی كوردستان؛ عێراق دۆزینەوەی 12 كۆچبەری لە لیبیا راگەیاند

#عێراق#لیبیا#کۆچبەر#هەرێمی کوردستان
5 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • ئەحمەد سەحاف، كاربەرێكەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقیە رایگەیاند:12 كۆچبەری عێراقیمان دۆزیوەتەوە كە بە شێوەی نایاسایی چوونەتە لیبیا.
  • بەوتەی ئەو كاربەڕێكەرەی باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، باڵیۆزخانەكەیان ئامادەیی خۆی بۆ گێڕانەوەی 41 كۆچبەری دیكە دەربڕیوە كە ئێستا لە ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی كۆچی نایاسایین لە تەرابلسی پایتەختی لیبیا.
Primary Asset

گەڕاندنەوەی ژمارەیەک کۆچبەر لە لیبیاوە بۆ عێراق

سبەی

حكومەتی عێراق دۆزینەوەی 12 كۆچبەری لە لیبیا راگەیاند كە خەڵكی هەرێمی كوردستانن.

ئەحمەد سەحاف، كاربەرێكەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقیە رایگەیاند:12 كۆچبەری عێراقیمان دۆزیوەتەوە كە بە شێوەی نایاسایی چوونەتە لیبیا.

وتیشی: لەگەڵ دەسەڵاتدارانی لیبیا كەوتووینەتە هەماهەنگی بۆ سەلماندنی ناسنامەكانیان و گەڕانەوەیان بۆ عێراق.

بەوتەی ئەو كاربەڕێكەرەی باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، باڵیۆزخانەكەیان ئامادەیی خۆی بۆ گێڕانەوەی 41 كۆچبەری دیكە دەربڕیوە كە ئێستا لە ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی كۆچی نایاسایین لە تەرابلسی پایتەختی لیبیا.

ئەحمەد سەحاف دەشڵێت “نزیكەی ساڵێكە بەهۆی تۆڕێكی بازرگانیكردن بە مرۆڤ، ژمارەیەكی زۆر عێراقی روویان لە لیبیا كردووە”.

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەكان، ئەو كۆچبەرە عێراقیانەی لە لیبیا دۆزراونەتەوە، خەڵكی چەند ناوچەیەكی جیاوازی هەرێمی كوردستانن.

هەفتەیەك لەمەوبەر، بەكر عەلی، سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، نیگەرانیی خۆی لەبارەی كۆچی بەلێشاوی گەنجان و كێشەكانی پەنابەرانی كورد لە وڵاتانی تونس و لیبیا و گەڕانەوەی دیپۆرتكراوەكان لە وڵاتانی ئەورووپا دەربڕی، هۆشداریشیدایە هاوڵاتییان لە مەترسییەكانی ئەم ڕێگەیە و داوای لە حكومەتی هەرێم و عێراق كرد كە چارەسەر بۆ بێكاری بدۆزنەوە، چونكە بە وتەی ئەو بێكاری هۆكاری سەرەكی كۆچكردنیانە.

لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەدا، بەكر عەلی ئاماژەی بە كارەساتی ئەو یەختانەدا، كە سەرنشینەكانیان لە ڕێگەی قاچاخچییەكانەوە خراونەتە سەر شەپۆلە بەهێزەكانی دەریاكان و ئەگەرە زۆرەكانی نقومبوونیان.

سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان، باسی لەوەشكرد، لە مانگی 10ـی ئەمساڵەوە وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەت ئەڵمانیا، سوید و نەرویج دەستیان بە گەڕاندنەوەی كۆچبەران بۆ عێراق كردووە، لەو مانگەدا یەكەم قۆناغی ئەو پەنابەرانەی مافی پەنابەرییان ڕەتكرابووەوە، گەیشتوونەتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد، بە وتەی بەكری عەلی، ئامارەكە سەرووی ١٠٠ كەس بووە و بەشێكی زۆریان خێزاندار بوون، ئەو هاوڵاتییانە پێكهاتوون لە دانیشتوانی دەڤەری ڕاپەڕین، زاخۆ، دهۆك و سلێمانی.

لە درێژەی قسەكانیدا، سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان داوای لە هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان كرد،" ڕۆڵەكانیان نەخەنە ئەم ڕێگە پڕمەترسیدارە، چونكە دواجار بە زۆرەملێ و بە شێوازێك لە شێوازەكان دیپۆرت دەكرێنەوە، ئێستا دۆخی وڵاتان بەرامبەر بە پەنابەران لە دۆخێكی دژوار و خراپدایە".

" تا ئێستا نزیكەی ٣٠٠ هاوڵاتی لە تونس و لیبیا گیرساونەتەوە، كە بەشێكیان لە ژێر دەسەڵاتی حكومەت دان، سوپاسی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم و فەرمانگەی پەیوەندییەكان دەكەم كە لەسەر خەتن و هەوڵیان داوە ئەوانەی لەسەر خەتن بیانگێڕنەوە". سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان وا دەڵێت.

بەپێی ئامارەكانی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان، لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە شەش هەزار هاوڵاتی هەرێمی كوردستان ڕوویان كردووەتە ئەوروپا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی