ئەمڕۆ یان سبەینێ دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان دەکات

#عەبدوڵڵا ئۆجەلان#دەم پارتی#سەردان#گۆشەگیریی#ئیمراڵی#زیندانی
7 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 مانگ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • وەزارەتی دادی تورکیا رەزامەندی نیشاندا شاندێکی دەم پارتی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەن لە زنیدانی ئیمراڵی.
  • ئۆندەر رایگەیاند: بە هۆی دۆخی کەشوهەوای دورگەی ئیمراڵییەوە رێککەوتنی سەردانەکە دیاری نەکراوە و ئەمڕۆ یان سبەی سەردانەکە ئەنجام دەدەن
Primary Asset

سبەی

وەزارەتی دادی تورکیا رەزامەندی نیشاندا شاندێکی دەم پارتی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەن لە زنیدانی ئیمراڵی، ئەندامێکی شاندەکەش ئاشکرای دەکات ئەمڕۆ یان سبەینێ سەردانەکە ئەنجام دەدرێت.

ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا بڵاوی کردەوە: وەزارەتی دادی تورکیا بە ئەرێنی وەڵامی دەم پارتی داوەتەوە بۆ ئەوەی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بکەن لە زیندانی دورگەی ئیمراڵی.

بەپێی ئاژانسەکەی باکوری کوردستان، هەریەک لە سڕی سوڕەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان پەرلەمانتارانی پاری یەکسانی و دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) ئەمڕۆ یان سبەینێ دەچنە زیندانی ئیمراڵی و چاویان بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەوێت.

ئۆندەر: ئەمڕۆ یان سبەینێ سەردانەکە دەکرێت

لای خۆیەوە پەرلەمانتاری دەم پارتی، سڕی سورەییا ئۆندەر کە لەگەڵ پەروین بوڵدان سەردانی ئۆجەلان دەکەن بە ئاژانسی هەواڵی دەمیرئۆرەن DHAی راگەیاند: "هەرچەند وەزارەتی داد رەزامەندی داوە بۆ ئەنجامدانی سەردانەکە، بەڵام هێشتا رۆژەکە دیاری نەکراوە".

ئۆندەر تیشکی خستە سەر ئەوەی بە هۆی دۆخی کەشوهەوای دورگەی ئیمراڵییەوە رێککەوتنی سەردانەکە دیاری نەکراوە و ئەمڕۆ یان سبەی سەردانەکە ئەنجام دەدەن.

دوێنێ یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا بە ئەرێنی وەڵامی داواکارییەکەی دەم پارتی دایەوە کە دوای داواکارییەکەی باخچەلی بۆ ئەوەی لەگەڵ ئۆجەلان ڕووبەڕوو یەکتر ببینن، پێشکەشی وەزارەتی دادی کردبوو.

لەنێو شاندی دەم پارتیدا هەریەک لە سڕی سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان بەدی دەکرێن.

داواکاریی دەم پارتی بۆ بینینی ئۆجەلان

رۆژی 26ی تشرینی دووەم، هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغڵوڵڵاری داواکارییەکیان پێشکەشی وەزارەتی دادی تورکیا کردووە بۆ ئەوەی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەن لە گرتوخانەی ئیمراڵی.

تونجەر باکرهان ئاماژەی بەوە دا دەیانەوێت تێڕوانینی ئۆجەلان بزانن لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوە بە پرۆسەی ئاشتی کە تائێستا تەنیا دەنگۆیە و هیچ زەمینەسازییەک بۆ ئەوە نەکراوە و دەڵێت: "بە مەبەستی بینینی ئۆجەلان داواکاریمان پێشکەشی وەزارەتی داد کردووە. وەک دەم پارتی چی لە توانامدا بێت درێغی ناکەین بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگای ئاشتییانە و بە دیموکراتیزەکردنی تورکیا".

داواکاریی هاوسەرۆکانی دەم پارتی راستەوخۆ دوای ئەوەهات کە سەرۆکی گشتیی مەهەپە، دەولەت باخچەلی داوای لە گەورە بەرپرسانی دەم پارتی کرد سەردانی ئۆجەلان بکەن و روبەڕوو لە دورگەی ئیمراڵی بیبین، هەمان رۆژ هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی بۆ ئەو مەبەستە داواکارییەکیان پێشکەشی وەزارەتی داد کرد.

پێشتر "سبەی" بڵاوی کردەوە، حکومەتی تورکیا بە دوو قۆناغ ئامادەکاری دەکات بۆ دیاریکردنی ئەو شاندەی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەن لە دورگەی ئیمراڵی. لە قۆناغی یەکەمدا ئەندامانی شاندەکە لە لایەن حکومەتەوە دیاری دەکرێن و لە قۆناغی دووەمیشدا دەم پارتی چەند کەسێک لەوانە هەڵدەبژێرێت کە حکومەت دیاری کردوون بۆ سەردانەکە.

گۆشەگیرییەکەی بەردەوام

لە کاتێکدا سەرۆکی مەهەپە، دەولەت باخچەلی جەخت لەوە دەکاتەوە لەسەر پێشنیازەکەی خۆی سورە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە ئەگەر بێتە پەرلەمانی تورکیا و لەوێ پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا زەمینەسازی دەکەن بۆ ئەوەی ئۆجەلان سودمەندبێت لە مافی هیوا و بە مەرج ئازاد بکرێت، کەچی دوو هەفتە لەمەوبەر بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە چوونی پارێزەران بۆ لای ئۆجەلان قەدەغە کرا.

پێشتر لە سێی ئایاری 2024 بۆ ماوەی شەش مانگ بڕیاری قەدەغەکردنی چوونی پارێزەران درا بۆ لای ئۆجەلان. ئەوکاتیش تیمی پارێزەران تانەیان لە بڕیارەکەدا، بەڵام تانەکەیان ڕەت کرایەوە.

لە مانگی تەممووزی 2016ەوە تا شوباتی 2018 چوونی پارێزەران بۆ لای ئۆجەلان قەدەغە دەکرا. لە دوای ئەو ڕێککەوتەوە شەش مانگ جارێک بڕیاری قەدەغەکارییەکە نوێ دەکرێتەوە. 

بەم بڕیارەیشەوە لە هەشت ساڵی ڕابردوو 14 جار چوونی پارێزەران بۆ لای ئۆجەلان قەدەغە کراوە. بە بڕیاری هاوشێوە چوونی کەسوکارەکەیشی بۆ لای ئۆجەلان قەدەغە دەکرێت.

داواکارییە چاوەڕواننەکراوەکەی باخچەلی لە ئۆجەلان

باخچەلی 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 ڕایگەیاند، "ئەگەر گۆشەگیرییەکەی سەری هەڵبگیرێت با 'سەرۆکی تیرۆرستان' (ئۆجەلان) بێت لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا کۆتایی بە 'تیرۆر' بێنێت و پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوکات با یاساکان بە جۆرێک ڕێکبخرێنەوە، ئۆجەلان بتوانێت داوای مافی هیوا بکات و ئێمەیش ئامادەین زەمینە بۆ ئەوە دەڕەخسێنن".

ئەو گوتانەی باخچەلی لە کاتێکدایە 25 ساڵ تێپەڕ بووە بەسەر زیندانیکردنی ئۆجەلان و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیە "مافی هیوا" بە شایستەی ژمارەیەک لەو کەسانە دەزانێت کە بە زیندانی هەتاهەتایی قورسکراو سزا دراون، بۆ ئەوەی بە شێوەی مەرجدار ئازاد بکرێن.

یەکەم بینینی ئۆجەلان دوای تێپەڕینی 43 مانگ

ڕۆژێک دوای داواکارییەکەی باخچەلی لە ئۆجەلان لە  ڕێگە بە عومەر ئۆجەلان برازای ئۆجەلان و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ڕها (ئورفا)ی درا ئۆجەلان ببینێت و عومەر لە زاری مامیەوە ڕایگەیاند، "ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێندرێت توانای تیۆری و کردەییم هەیە ئەم پرۆسەیە لە پێکدادان و ئەنجامدانی توندوتیژییەوە بگۆڕم بۆ زەمینەی سیاسی و یاسایی".

ڕێگەدان بە چوونی عومەر ئۆجەلان بۆ لای مامی لە کاتێکدا بوو ماوەی 43 مانگ بوو ڕێگە بە کەس نەدرابوو ئۆجەلان ببینێت و بە درێژایی ئەو ماوەیە هیچ هەواڵێکی ئۆجەلان نەدەزاندرا. هۆکاری ئەو ڕێگەدانەیش بۆ ئەوە گەڕێندرایەوە کە باخچەلی ڕاستەوخۆ پەیامەکەی ئاڕاستەی ئۆجەلان کردبوو نەک دەم پارتی و دەمیرتاش و قەندیل.

چارەکە سەدەیەکە لە زیندانە

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە چواری نیسانی 1949 لە گوندی ئەمارا لە قەزای خەلفەتی سەر بە پارێزگای ڕها (ئورفا) لەدایک بووە.

ئۆجەلان و ژمارەیەک لە هاوڕێکانی لە 27ی تشرینی دووەمی 1978 پارتیی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان دامەزراند و دوای چوار ساڵ دەستیان کرد بە خەباتی چەکداری.

ناوبراو لە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتیدا لە 15ی شوباتی 1999 لە کینیا دەستبەسەر کرا و یەک چارەکە سەدەیە لە دورگەی ئیمڕاڵی لە پارێزگای بورسا لە تورکیا زیندانی کراوە. 

بەم جۆرەیش عەبدوڵڵا ئۆجەلان یەک لەسەر سێی تەمەنی خۆی لە زیندان بەڕێ کردووە.

هەرچەند سەرەتا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، بەڵام وەک پابەندبوون بە یاسا کارپێکراوەکانی یەکێتیی ئەوروپا حکومەکەی گۆڕا بۆ زیندانی هەتاهەتیی قورسکراو.

ئۆجەلان جگە لە خەباتی سیاسی و چەکداری هەروەها بەر لە زیندانیکردنی شەش کتێب و دوای زیندانیکردنیشی 17 کتێبی نوسیووە. 

هەروەها چەندین خەڵاتیشی بە شایستە زاندراوە لە لایەن پارتە چەپەکانی وڵاتان و مافی هاوڵاتیی فەخری پێنج شاری بەناوبانگ و گرنگی ئیتاڵیایشی پێ دراوە. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی