سبەی
سەرەڕای ئەوەی پرسی زیانەکانی سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، هێشتا لە هەڵسەنگاندنی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکادایە، ئەمەریکا دەڵێت وێستگە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی لەناوبردوو، تارانییش جەخت دەکاتەوە کە زیانێکی ئەوەتۆی بەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەکەوتووە، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی ئەنجامدانەوەی هێرش بۆ سەر بەرنامەی ئەتۆمییەکەی ئێران دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند: ئەگەر پێویست بکات هێرش دەکەینەوە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر لێدوانێکی عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کە رایگەیاندبوو، کە وڵاتەکەی دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامە ئەتۆمییەکەی نابێت.
وەزیری دەروەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند، دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران زیاتری گەورەی بەرکەوتووە و هێشتا هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی زیانەکان دەکرێت لەلایەن ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی ئێرانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا زانیاریی ووردی نییە لەسەر کەرەستە ئەتۆمییەکان و یۆرانیۆمە پیتێنراوەکان، ئەوە ئەرکی دامەزراوەی ئەتۆمی وڵاتەکەیەتی کە چۆن لەگەڵ ئەو دۆسیەیە مامەڵە دەکات و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات.
سەبارەت بە چالاکییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم، عەباس عەراقچی رایگەیاند: لەئێستادا چالاکیی پیتاندنی یۆرانیۆم راگیراوە، ئەوەش بەهۆی ئەو زیانانەی بەر وێستگە ئەتۆمییەکان کەوتووە، سەرەڕای ئەوەش دەستبەرداری بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم نابن، ئەوەش دەستکەوتێکی گەورەی وڵاتەکەیەتی.
سەبارەت بە پرسی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: ئێران کراوەیە بەرامبەر دانوستانەکانی بەرنامەی ئەتۆمی، بەڵام نایەوێت بەشێوەیەکی راستەوخۆ ئەو دانوستانانە ئەنجام بدرێت.
ئەوە لەکاتێکدایە دوێنێ دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاوی کردەوە: رۆژی هەینی دانوستان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکانیانی لەگەڵ سێ وڵاتی ئەوروپی لە ئیستانبوڵ ئەنجام دەدات.
پێشتریش، ئێران و ئەمەریکا زنجیرەیەک دانوستانی ناڕاستەوخۆیان لەسەر پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکان ئەنجامدا، بەڵام دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل لە 13ـی حوزەیران و شەڕی 12 رۆژی ئیسرائیل و ئێران، دانوستانەکان راگیران.