کەسێکی برسی بڕستی لێ بڕاوە
سبەی
ماوەی چەند هەفتەیەکە، برسێتی لە کەرتی غەززە گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز. ژمارەی ئەو منداڵانەی بەهۆی بەدخۆراکی گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە، هەروەها هەزارانیش لە دانیشتوانی غەززە بەهۆی کەمی خۆراکەوە دەناڵێنن.
بەپێی راپۆرتێکی پێگەی هەواڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمەریکی (NBC News)، برسێتی لە غەززە گەیشتووەتە بەرزترین ئاست. وەلید ئەبو موحسن، دانیشتووی غەززە و باوکی حەوت منداڵە و دانیشتووی خان یونس، لەسەر برسێتی و کەمی خۆراک لە غەززە قسەی بۆ ئێن بی سی نیوز کردووە و دەڵێت: "تەنانەت ئێمەی گەنج، بەئاسانی ناتوانین بە رێگادا بڕۆین."
هەر سەبارەت بە رادەی برسێتی، دکتۆر محەمەد سالمییە، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی شیفا لە شاری غەززە دەڵێت: "لەئێستادا برسێتی لە غەززە مەترسیدارە، ناتوانین بەو هەموو نەخۆشە رابگەین کە بەهۆی برسێتییەوە سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن،" هەروەها دەشڵێت: "تەنها رۆژی شەممە (19ـی تەمووزی 2025)، دوو منداڵ لە نەخۆشخانەکەمان بەهۆی برسێتییەوە گیانیان لەدەستدا."
ئامارەکانی مردن بە هۆی برسێتییەوە بەرزن، وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە رایگەیاند، "لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 15 کەس بەهۆی برسێتییەوە گیانیان لە دەستداوە، چواریان منداڵن."
بەڕێوبەری نەخۆشخانەی شیفا، سەبارەت بە ئامارەکانی مردن بەهۆی برسێتیەوە دەڵێت: "لە دەستپێکی شەڕەوە تائێستا، زیاتر لە 70 کەس بەهۆی برسێتییەوە گیانیان لە دەستداوە،" هەروەها دەشڵێت: "لە ئازاری ئەمساڵەوە، 50 منداڵ بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانیان لە دەستداوە،" ئەوەش دوای ئەوەی ئیسرائیل چوونی هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ غەززە راگرت، ئەوەش بەپێی ئاماری رێکخراوی جیهانی تەندروستی (WHO).
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هەرچەندە ئیسرائیل لە مانگی ئایارەوە رێگە بە چوونی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە بەشێوەیەکی سنوردار دەدات، بەڵام ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی غەززە لە کاتی وەرگرتنی هاوکارییە مرۆییەکاندا لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون.
حکومەتی ئیسرائیل رەتی دەکاتەوە کە هاوڵاتییانی غەززەیان لە کاتی وەرگرتنی هاوکارییە مرۆییەکاندا کوشتبێت و رایانگەیاندووە کە چەکدارانی حەماس تەقە لە دانیشتوان دەکەن و دەیانەوێت دەست بەسەر هاوکارییەکاندا بگرن.
لەو نێوەندەدا هاوڵاتیانی غەززە بوونەتە قوربانی ئیسرائیل و حەماس.
ئیسرائیل رێگە بە چوونی ژمارەیەکی سنوردان هاوکاریی مرۆیی دەدات. لەلایەکی دیکەوە حەماس کە تائێستا بە چەک کۆنترۆڵی غەززە دەکات، دەست بەسەر هاوکارییەکداندا دەگرن و دواتر بە چەکداران و ئەندامانی خۆیانی دەدەن لەبری موچە.
بەپێی ئامارەکان لە سەرەتای جەنگەوە تائێستا، 101 هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیە 80 منداڵی تێدایە.