ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی ئێران لەکاتی هێرشی ئیسرائیل
سبەی
ئێران لە دوای 12 ڕۆژ شەڕی توند لەگەڵ ئیسرائیل و سەرەڕای تێچووی زۆر توانی وڵاتەكەی لە ڕوخان بپارێزێت، بەڵام بەشێك لە شارەزایانی دۆخی ئێران دەڵێن مەرج نییە كۆماری ئیسلامی لە هێرشێكی دیكەش هەر ئاوا رزگاری بێت و پێویستە گۆڕانكاری گەورە لە وڵات ڕوو بدات.
لە كاتێكدا ئێران لە جەنگی 12 ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل تووشی زیانی گەورەی سەربازیی و ماددی بووەوە، بەڵام توانی چوارچێوەی دەسەڵاتەكەی لە ڕووخانی یەكجاری بپارێزێت و ئەو جۆرەی پێشبینی دەكرا هێرشەكانی ئیسرائیل نەبوو بە دەرفەتێك بۆ راپەڕینی سەرتاسەری لە ئێران و شۆڕش لە دژی دەسەڵات.
بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی هەر دوابەدوای راگەیاندنی ئاگربەست بێدەنگی خەڵكیان وەك جۆرێك لە پشتیوانی لە دەسەڵاتی سیاسی وڵات وێنا كرد، جەختیان لەوە كردەوە كە سەرەرای پێشبینییەكان بەڵام خەڵك لە پشتی سیستەمی سیاسی وڵات ماونەتەوە، ئەویش لە كاتێكدایە كە زۆربەی چاودێران و شرۆڤەكارانی دۆخی ئێران لەو باوەڕەدان كە كۆماری ئیسلامی بەنیازە بێدەنگی خەڵك وەك كارتێك لە قازانجی خۆی كەڵك وەربگرێت، بەڵام بەپێچەوانەوە نابێت ئەو بێدەنگییە بە مانای پشتیوانی لە دەسەڵات وێنا بكرێت.
هەر لەو پەیوەندییەدا بەشی ئینگلیزی ماڵپەری ئێران ئینترنەشناڵ لە راپۆرتێكدا روانینی بەشێك لە ریفۆرمخوازەكانی ئێرانی هێناوەتەوە كە تێیدا بە ئاراستەیەكی جیاواز لەوەی حكومەتی ئێران بیری لێدەكاتەوە قسە دەكەن.
لای خۆیەوە سەعید حەجاریان، یەكێك لە ریفۆرمخوازە دیارەكانی ئێران بە ڕۆژنامەی هەمیهەن دەڵێت" هاولاتیانی وێران لە ماوەی 12 ڕۆژی جەنگدا لە ژێر ئاگربارانی توندی ئیسرائیل بوون و ئەوەی بیریان لێدەكردەوە رزگاربونیان لە مردن بووە، بۆیەش دەستیان نەدایە راپەرین، بێدەنگی ئەوان نابێت بە مانای پشتیوانیكردنیان لە دەسەڵات لێكبدرێتەوە".
حەجاریان دەشڵێت" ئەگەر هەركەسێك وا گریمانە بكات كە پشتیوانی گشتی لە ڕەزامەندی لە دۆخی ئێستا سەرچاوە دەگرێت، ئەوا هەڵەیەكی ستراتیژی دەكات- هەڵەیەكی ستراتیژی كە دەتوانێت خەڵك بێهیوا بكات و دوژمن بوێر بكات."
حەجاریان باسی لەوەش كردوە " یەكێتی سەردەمی جەنگ لە نیشتمانپەروەرییەوە هاتووە نەك لە ناسیۆنالیزم و نەتەوەپەرستی". بۆیەش و هۆشداریدا لەوەی كە ڕەنگە ئەو دیاردەیە بەردەوام نەبێت.
ئەو شرۆڤەكارە سیاسییە دەشڵێت" ناسیۆنالیزم بەرهەمی دەوڵەتێكە كە بەڕاستی گرنگی بە نەتەوەكەی دەدات، بەڵام لە ئێراندا لە نێوان خەڵك و دەسەڵات بۆشایی زۆرە و حكومەت نەیتوانیوە دڵی هاوڵاتیانی بەدەست بهێنیت".
عەلی سووفی، یەكێكی دیكە لە ڕێفۆرمخوازە بەناوبانگەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لە ئێستا دا حكومەت دەبێت چاكسازی گەورە ئەنجام بدات.
بەشێك لە ریفۆرمخوازەكانی ناو دەسەڵاتیش بانگەوازی جۆرێك لە ریفراندۆم دەكەن بۆ گۆڕینی یاسای بنەڕەتی بەشێكیشیان وەك میر حسێن موسەوی كاندیدی پێشوی سەرۆك كۆماری ئێران، كە زیاتر لە 16 ساڵە لە ماڵەكەی خۆیدا زیندانیكراوە داوای پێكهێنانی ئەنجومەنێكی گشتی دەكات بۆ ئەوەی یاسای بنەڕەتی بنووسرێتەوە، دەشڵێت"حكومەتی ئێستا نوێنەرایەتی هەموو گەلی ئێران ناكات".
ئەحمەد زەیدئابادی، شرۆڤەكاری سیاسی لەو بارەیەوە هۆشداریدا لەوەی ئەو بێدەنگییەی هاوڵاتیان و یەكدەنگی بۆ پاراستنی وڵاتەكەیان لە هێرشی دەرەكی ناتوانێت بۆ هەمیشە بەردەوام بێت.
هەر لەو بارەیەوە هادی عەلامی، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت"پێویستە حكومەت بە تەواوەتی چارەسەری نایەكسانی، گەندەڵی و هەڵاواردن بكات و لە دۆخی بژێوی هاوڵاتیان چاكسازی گەورە بكات". هۆشداریش دەدات لەوەی مەرج نییە لەكاتی هێرشی دوبارەی ئیسرائیل یا خود ئەمەریكا دوبارە هاوڵاتیانی ئێرانی بێدەنگ بن.