سبەی
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی بە ئاماژەدان بەوەی کە هەمان ئەو ڕۆژەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا دانی بەوە داناوە ڕووداوەکانی تۆرۆسی سپی هەڵە بوون کە لەلایەن یەکە نهێنییەکانی دەوڵەتەوە چالاکوانانی کورد تیرۆر دەکران، داواکارێکی گشتیی لە تورکیا هێمای تۆرۆسی سپی لە شوێنی کارکردنی داناوە، دەڵێت: "پێویستە دەسەڵاتی دادوەری لە تۆرۆسی سپی بێتە خوارەوە".
ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی تەمموزی 2025 تونجەر باکرهان بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە هەرچەند پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە هەنگاوی باشی بڕیووە، بەڵام ڕۆژانە بە جۆرێک لە جۆرەکان و بە کارە قێزەونەکانی ڕابردووی دەوڵەت برینە ساڕێژنەبووەکانی کورد دەکولێننەوە.
تونجەر باکرهان ئاماژەی بەوەدا نیگەرانن لەوەی دوای ئەوەی ئەردۆغان چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دانی بەوەدا کە ڕووداوەکانی تۆرۆسی سپی و بکوژ نادیار هەڵەی گەورەی دەوڵەت بوون بەرامبەر بە کورد، هەمان ڕۆژ جاهید جیهاد ساری، داواکاری گشتیی وێنەیەکی لە شوێنی کارکردنی بڵاو کردەوە و هێمای تۆرۆسی سپی لەسەر مێزەکەی دانابوو و دەڵێت: "چاو لەوە ناپۆشین".
هەر لە دوای ئەوە چالاکوانانی کورد و کەسوکاری قوربانییانی ڕووداوەکانی تۆرۆسی سپی و بکەر نادیار هاتنە دەنگ و داوایان کرد کە دەستبەجێ جاهید جیهاد ساری لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە.
دواتر ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە ڕەخنەی توندی لەو کارەی جاهید جیهاد ساری گرت و بەم هۆیەشیەوە، لەبری کردنەوەی دۆسیە لەسەر ئەو داواکارییە گشتییە، کەچی دۆسیەی لێپرسینەوە لەسەر ئۆزگور ئۆزەل کرایەوە.
لە 6ـی ئاداری 2023 بەر لە دەستپێکی یاریی نێوان یانەکانی ئامەدسپۆر و بورساسپۆر لە یاریگای بورسا، شەڕ لەنێوان یاریزانەکانی هەردوو یانەکە ڕووی دا و وەک ئازاردان و کولاندنەوەی برینی ساڕێژنەبووی هاندەران و یاریزانە کوردەکان، لە یاریگاکە پۆستەی وێنەی تۆرۆسی سپی و مەحمود یڵدرم کە ناسناوی "یەشیل"ە و تۆمەتبارە بەوەی ئەنجامدەری سەرەکیی تاوانەکانی بکوژ نادیار بووە بەرز کرانەوە.
ڕووداوەکانی تۆرۆسی سپی
ڕووداوەکانی "تۆرۆسی سپی" یان "تاکسییەکانی مەرگ" لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو بوونە هێمایەکی ترسناک. ئەم کارانە زیاتر لە ناوچەکانی باکووری کوردستان ئەنجام دەدران و لە دژی هاووڵاتیان، چالاکوانانی سیاسی، ڕۆژنامەنووسان، نووسەران و سەرمایەدارانی کورد.
ئۆتۆمبێلی جۆری "ڕینۆ 12"ی سپی، کە بە "تۆرۆسی سپی" ناسرابوو، لەلایەن یەکە نهێنییەکانی دەوڵەت، بەتایبەت یەکەی هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری جەندرمە (JITEM)، بۆ ڕفاندن، ئەشکەنجەدان و کوشتنی خەڵک بەکاردەهێنرا. زۆربەی قوربانییەکان چارەنووسیان نادیار دەبوو و تەرمەکانیان لە گۆڕی بەکۆمەڵ یان شوێنی چۆڵدا دەدۆزرایەوە، دۆسیەکانیشیان وەک "بکوژ نادیار" تۆمار دەکرا.
ئامارە نافەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەو ماوەیەدا نزیکەی 17 هەزار کەس بێسەروشوێن کراون و تیرۆر کراون.
دیارترین کەسایەتییە تیرۆرکراوەکان:
موسا عەنتەر: نووسەر و ڕۆشنبیری ناسراوی کورد کە لە ساڵی 1992 لە ئامەد تیرۆر کرا.
وەدات ئایدن: سەرۆکی لقی ئامەدی پارتی کاری گەل (HEP) کە لە ساڵی 1991 ڕفێندرا و دواتر تەرمەکەی دۆزرایەوە.
ساڤاش بوڵدان: سەرمایەداری کورد و هاوسەری پەروین بوڵدان (هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە)، کە لە ساڵی 1994 لەگەڵ دوو هاوڕێی دیکەی بە ناوەکانی عەدنان یڵدرم و حیکمەت شیمشەک لە ئەستەمبوڵ ڕفێندران و کوژران.