هەسەدە بە مەرج دەچێتە ڕیزی سوپای سوریاوە

#سوپای سوریا#هەسەدە#مەزڵوم عەبدی#کوبانێ#ڕۆژئاڤا#تیرۆر#داعش#تورکیا#بەرەی نوسرە#جۆلانی#ئەحمەد شەرع
7 مانگ لەمەوپێش
ئەرسەلان ڕەحمان
پوختە :
  • هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، چاوەڕوانی دەستپێکردنی دانووستانە بۆ یەکخستنی هێزەکانی لە چوارچێوەی سوپای داهاتووی سوریا.
Primary Asset

سبەی

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، چاوەڕوانی دەستپێکردنی دانووستانە بۆ یەکخستنی هێزەکانی لە چوارچێوەی سوپای داهاتووی سوریا.

ئیدارەی تازەی دیمەشق بڕیاری داوە سەرجەم گروپە چەکدارییەکان هەڵبوەشێنێتەوە و سوپایەکی تازە دروست بکات.

نواف خەلیل، بەڕێوبەری سەنتەری کوردی بۆ توێژینەوە پێی وایە، چوونی هەسەدە بۆ ڕیزی سوپای تازەی سوریا، دەبێت لەسەر بنەمای ڕێکەوتن و بە مەرج بێت.

وتیشی: گرنگە بۆ قۆناغی داهاتوو گفتوگۆی سوری – سوری دەستپێبکات و دەستوورێکی تازە بۆ وڵات بنووسرێتەوە.

سێشەممەی ڕابردوو، دەسەڵاتدارانی دیمەشق ڕایانگەیاند، گەیشتوونەتە ڕێکەوتن بۆ هەڵوەشاندنەوەی گروپەکان و یەکخستنیان لە ڕیزی سوپایەکی تازەدا.

ئەو ڕێکەوتنەی گروپەکانی بەرەی نوسرەی جاران و دەستەی تەحریری شامی تازە کردوویانە، هێشتا هەسەدە ناگرێتەوە.

هەسەدە، هێزێکی ڕێکخراوی خاوەن دیسپلینی سەربازییە و ئەزموونێکی گرنگی لە شەڕی دژ بە تیرۆردا هەیە و کارەکتەرێکی گرنگی مەیدانیی سەر بە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعشە.

ئەمەریکا زیاتر لە دوو هەزار سەربازی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە ڕۆژئاڤای کوردستان بڵاوکردووەتەوە و بە پشتیوانی سەرەکی هەسەدە دەناسرێت.

ماوەی دوو هەفتەیە سوپای تورکیا لەشکرکێشی دەکاتە سەر بەنداوی تشرین و گەمارۆی کوبانێی داوە بە ئامانجی داگیرکردنی شارەکە.

هەسەدە لە یەک کاتدا ڕووبەڕووی پەلاماری سوپای تورکیا و بۆردومانە ئاسمانییەکان و پەلاماری گروپە میلیشیا توندڕەوەکانی سەر بە تورکیا بووەتەوە و هاوکات داوای ئاشتیی بۆ سوریا و کۆتایهێنان بە شەڕی چەکداری دەکات.

لە بەرەبەیانی دوێنێ هەینییەوە تا ئەمڕۆ 22 چەکداری سەر بە میلیشیاکانی لایەنگری تورکیا کوژراون و 25ی دیکەشیان بریندار بوونە لە ئاکامی ئەو پەلامارانەی دەیکەنە سەر ناوچە کوردستانییەکانی ڕۆژئاڤا.

وەزارەتی بەرگری تورکیا بڵاویکردووەتەوە، هەریەک لە منبج و بەنداوی تشرین کەوتوونەتە دەست میلیشیاکانی سەر بە سوپای بەناو نیشتمانی سوریا، کە تورکیا بۆ میلیشیاکانی هاوپەیمانی دروستیکردووە و پڕچەکی کردووە.

مەزڵوم عەبدی، فەرمانداری گشتیی هەسەدە، ڕایگەیاند، ئێمە ئامادەین بچینە ناو سوپای تازەی سوریاوە، بەڵام ئەمە دەبێت بە ڕێکەوتن بێت.

تورکیا فشارەکانی زیاتر کردووە لەسەر هاوپەیمانەکانی، کە ئێستا لە دەسەڵاتن لە دیمەشق بۆ ئەوەی سازش بەرامبەر بە کورد نەکەن و بڕیاری چەکدانانی هەسەدە بسەپێنن.

ئەبو محەمەد جۆلانی، ئەمیری باڵی قاعیدە لە سوریا، کە ئێستا ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام ڕایگەیاندووە، دەسەڵاتەکەیان ڕێگە بە سیستمی فیدڕاڵی لە سوریا نادات و دەبێت یەکپارچەیی خاکی سوریا بپارێزرێت، ئەمەش هەمان داواکاری تورکیایە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، لە دوای کەوتنی ئەسەدەوە لە هەشتی ئەم مانگە، سوپای ئیسرائیل ڕێکەوتنی 1974ی نێوان دیمەشق و تەلئەڤیڤی هەڵوەشاندەوە و دەیان کیلۆمەتر خاکی سوریای داگیر کردووە و تەنیا بیست کیلۆمەتر ماوە بگاتە دیمەشق، بەڵام ئەحمەد شەرع و گروپە میلیشیاکانی هاوپەیمانی تورکیا تا ئێستا لەو بارەیەوە هیچ هەڵوێستێکیان دەرنەبڕیوە و تەنانەت ئیدانەشیان نەکردووە، بەڵام داوای پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا بەرامبەر بە کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستان دەکەن.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی