سبەی
توێژینەوەیەکی نوێی زانستی دەریخستووە، جگەرەکێشان تەمەنی مرۆڤ زۆر لەوە کەمتر دەکاتەوە کە پێشتر پزیشکان ئاماژەیان پێکردووە.
توێژەرانی کۆلێژی لەندەنی زانکۆیی لە ئەنجامی توێژینەوەیەک گەیشتونەتە ئەو دەرەنجامەی: تەنها یەک جگەرە بە تێکڕا تەمەنی جگەرەکێشەکە نزیکەی 20 خولەک کورت دەکاتەوە،
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی" گاردیان"ی بەریتانی لە دەرئەنجامی توێژینەوەکە دەرکەوتووە، تەنها یەک جگەرە دەتوانێت 20 خولەک لە تەمەنی جگەرە کێشەکە کەم بکاتەوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە پاکەتێک کە 20 جگەرەی تێدایە دەتوانێت تەمەنی مرۆڤ بە نزیکەی حەوت کاتژمێر کورت بکاتەوە.
بەپێی ئەم شیکارییە، ئەگەر جگەرەکێشێک رۆژانە 10 جگەرە بکێشێت، لە یەکی مانگی یەکی داهاتوودا واز لەم خووە بهێنێت، ئەوا دەتوانێت تا هەشتی مانگی یەکی داهاتوو رێگریی بکات لە لەدەستدانی رۆژێکی تەواوی ژیانی.
بەپێی هەڵسەنگاندنەکە، تا کۆتایی ساڵ، کەسێک کە واز لە جگەرەکێشان بهێنێت ئەوا دەتوانێت خۆی لە لەدەستدانی 50 رۆژی تەمەنی بەدوور بگرێت.
لە هەڵسەنگاندنێکی پێشوودا، کە لە گۆڤاری پزیشکی بەریتانی لە ساڵی2000دا بڵاوکرایەوە، دەرکەوتووە کە یەک جگەرە بە تێکڕا تەمەنی کەسێک نزیکەی 11 خولەک کەم دەکاتەوە.
سارا جاکسۆن، توێژەری سەرەکیی لە گروپی توێژینەوەی کحول و تووتن لە کۆلێژی لەندەنی زانکۆیی دەڵێت: بە تێکڕا ئەو جگەرەکێشانەی واز لە جگەرە ناهێنن، نزیکەی دە ساڵ لە ژیانیان لەدەست دەدەن.
ئاماژەی بەوەکردوە؛ خەڵک بەگشتی دەزانن جگەرەکێشان زیانبەخشە، بەڵام مەیلیان هەیە قەبارەی زیانەکان بە کەم سەیر بکەن، رەنگە هەندێک کەس پێیانوابێت کە جگەرە ئەو کاریگەرییە راستەوخۆیەی نییە کە لە تەمەنیان کەمبکاتەوە، لەکاتێکدا جگەرەکێشان هۆکاری سەرەکییە بۆ توشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان و سەرهەڵدانی زۆر نەخۆشیی دیکەش خێراتر دەکات.
ئەمەش بەو مانایە دێت کە جگەرەکێشێکی تەمەن 60 ساڵ، تەمەنی هاوشێوەی کەسێکی تەمەن 70ساڵ دەبێت کە جگەرە ناکێشێت.