سبەی
پۆلیسی بەغداد دەستگیرکردنی دوو هاوسەری بە تۆمەتی کوشتنی هەشت ئەندامی خێزانێک راگەیاند، کە سەرجەمیان ژن و منداڵن تاوانەکەش بۆ دەستکەوتنی بڕە پارەیەک ئەنجامدراوە.
فەرماندەیی پۆلیسی کەرتی رەسافەی بەغداد بڵاوی کردەوە: ئەمڕۆ سیشەممە دوو هاوسەریان دەستگیرکردووە، کە هەشت ئەندامی خێزانێکیان لە ناوچەی سەدر کوشتوە و پارەکانیان بردوون.
پۆلیس وردەکاریی زیاتری لەبارەی روداوەکەوە خستوەتەڕوو، کە دوای ئاگادارکردنەوەیان لە روداوێکی کوشتن لە ناوچەی سەدری رۆژهەڵاتی بەغداد هێزێکی پۆلیس چونەتە شوێنی روداوەکە و بینیوانە ژنێک و دوو منداڵ کوژراون.
دوای لێکۆڵینەوە لە روداوەکە و کۆکردنەوەی زانیاریی و سەیرکردنەوەی کامێراکانی چاودێریی گەیشتونەتە بکوژی سەرەکی لە ناوچەی حەمیدییەی کشتوکاڵی و شوێنی نیشتەجێ بوونیان، دواتر بکوژی سەرەکیی لەگەڵ هاوسەرەکەی دەستگیرکراون.
پۆلیسی بەغداد ئاشکرای کردووە؛ لەکاتی گەڕان و پشکنینی ماڵی بکوژەکە پێنج تەرمی دیکەی هەمان خێزانیان دۆزیوەتەوە و بەهۆیەوە سەرجەم ئەندامانی ئەو خێزانەیان دەستگیرکردووە کە لە ماڵەکەدا بوو تاوانەکەیان ئەنجامداوە.
فەرماندەیی پۆلیسی بەغداد زانیاریی زیاتری ئاشکرا کردووە، لەکاتی لێکۆڵینەوە تاوانبارەکان دانیان بەوەداناوە کە ژنێک و پێنج منداڵیان بەزۆر پەلکێشی ماڵی خۆیان کردووە و کوشتویانن، دواتر گەڕاونەتەوە بۆ ماڵی قوربانییەکە و سەرەجەم ئەو کەسانەی دیکەیان کوشتووە کە لە ماڵەکە ماونەتەوە و لە دوو منداڵ و ژنێکی دیکە پێکهاتبوون، ئەنجامدانی تاوانەکەش بۆ دەستکەوتنی بڕە پارەیەک بووە کە لە ماڵی قوربانییەکان بووە، بەبێ ئەوەی بڕی پارەکە دیاری کرابێت.
لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی ناوخۆ دەستگیرکردنی دوو هاوسەری بە تۆمەتی دزینی (250) هەزار دۆلاری ئەمەریکی دەستگیرکرد.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتەکە؛ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان دوو هاوسەریان دەستگیرکردووە کە هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵێک و ئەو بڕە پارەیەیان دزیووە، ئەوەش دوای ئەوەی پیاوەکە بە جلوبەرگی ژنانەوە چوەتە ماڵەکە و دوای هێرشکردنە سەر ئەو ژنانەی لەناو ماڵەکەدا بوون پارەکەی بردووە، هاوسەرکەشی لە ناو ماتۆڕسکیلێکی سێ تایەی جۆری (توک توک) لە دەرەوە چاوەڕێی کردووە و پێکەوە هەڵاتون.
وەزارەتی ناوخۆ بڵاوی کردەوە؛ تۆمەتبارەکان لە پارێزگای واست دەستگیرکراون و دەست بەسەر ئەو بڕە پارەیەدا گیراوە کە دزیویانە، بەپێی مادەی 444ی یاسای سزادانی عێراقی روبەڕووی دادگا کراونەتەوە.