وەزارەتی دارایی: لەگەڵ گەیشتنی پارە هەفتەی داهاتوو موچەی مانگی 11دابەش دەکرێت

#وەزارەتی دارایی#مووچە#بودجە#کورتهێنان#داهاتی ناوخۆ
7 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 مانگ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • وەزارەتی دارایی بۆ مووچەی مانگەکانی 11 و 12 داوای نزیکەی یەک ترلیۆن دیناریان لە بەغدا کردووە
  • هەرکات ئەو پارەیەی بەغدا بڕیاری ناردنی داوە، بنێردرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 11ی فەرمانبەران دەکەن
  • ساڵی رابردوو بەغداد زیاتر لە 10 ترلیۆن و 750 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە
  • وەزارەتی دارایی هەرێم تەنها 960 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە خەرج کردووە
Primary Asset

سبەی

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان رایگەیەندراوێکی سەبارەت بە پرسی مووچە بڵاو کردەوە و ئاشکرای کرد بۆ مووچەی مانگەکانی 11 و 12 داوای نزیکەی یەک ترلیۆن دیناریان کردووە، بەڵام بەغدا کەمتر لەو بڕەی ناردووە، هەرکات ئەو پارەیەی بەغدا بڕیاری ناردنی داوە، بنێردرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 11ی فەرمانبەران دەکەن.

بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی ساڵی رابردوو بەغداد زیاتر لە 10 ترلیۆن و 750 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، وەزارەتی دارایی هەرێمیش تەنها 960 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە خەرج کردووە.

موچەی مانگەکانی 10و 11و 12

وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە: بۆ مووچەی مانگی تشرینی یەکەم وەک وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داوای تەموویلکردنی بڕی (999.124.329.000) نۆسەد و نەوەد و نۆ ملیار و سەد و بیست و چوار ملیۆن و سێسەد و بیست و نۆ هەزار دینارمان کردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ تەنها (760.262.000.000) حەوتسەد و شەست ملیار و دووسەد و شەست و دوو ملیۆن دیناری ناردووە، بەو شێوەیەش نزیکەی (239 ملیار) کورتهێنانی هەبووە و لەداهاتی ناوخۆ پڕ کراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەکردووە؛ بۆ مووچەی مانگی یانزە بەپێی راپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە پێویستمان بەنزیکەی یەک ترلیۆن دینار بووە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنها (631.335.000.000) شەشسەد و سی و یەك ملیار و سێ سەدو سی و پێنج ملیاری ناردووە.

هەروەک بۆ مووچەی مانگی دوانزە پێویستمان بە نزیکەی یەک ترلیۆن دینار بووە بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنها بڕیاری لەسەر خەرجکردنی تەنها (441.493.000.000) چوارسەد و چل و یەک ملیار و چوار سەدو نەوەدو سێ ملیۆن دینار داوە، واتە بۆ مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو وەزارەتی دارایی عێراق لە کۆی سێ ترلیۆن دینار تەنها (1.833.090.000.000) یەک ترلیۆن و هەشت سەدو سی و سێ ملیارو نەوەد ملیۆن دیناری ناردووە بەوەش نزیکەی (1.167.000.000.000) یەك ترلیۆن و سەد و شەست و حەوت ملیار دیناری لە تەمویلی مووچەی هەر سێ مانگەکە بڕیوە.

هەفتەی داهاتوو موچەی مانگی 11 دابەش دەکرێت

وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە: لەگەڵ گەیشتنی ئەو بڕە پارەیەی لەم هەفتەیە بڕیاری لەسەردراوە، لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی یانزە دەکرێت، وەک وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێم سورین لەسەر بەدەستهێنانی مووچەی مانگی دوانزە، کە لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە دابینی بکات.

وەزارەتی دارایی لە راگەیەندراوەکەیدا ئەوەی خستوەتەڕوو،حکومەتی فیدراڵ پێشێلی مافە دەستوریەکانی خەلکی هەرێمی کوردستان دەکات و ئامادە نییە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک خۆی بنێرێ.

بەغدا زیاتر لە 10 ترلیۆن دیناری بۆ هەرێم ناردووە

ئاشکرای کردووە؛ کۆی تەرخانکراوی هەرێمی کوردستان لەهەردوو بڕگەی (تعویضات الموضفین) و (الرواتب التقاعدیة و الرعایة الاجتماعیة) بۆ ساڵی 2024 بریتیی بووە لە (11.576.521.000) یانزە ترلیۆن و پێنجسەد و حەفتا و شەش ملیار و پێنجسەد و بیست و یەک ملیۆن و سێسەد و سی و پێنج هەزار دینار، هەرچەندە پێویستی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی ساڵی ڕابردوو نزیکەی (12) دوانزە ترلیۆن دیناربووە و هەوڵمانداوە لەڕێگەی (المناقلة)ەوە ئەو کورتهێنانە پڕ بکەینەوە، بەڵام لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بۆ تێکڕای ساڵەکە تەنها (10.752.852.558.480) دە ترلیۆن و حەوتسەد و پەنجا و دوو ملیار و پێنج سەدو هەشتا و هەشتاو دوو ملیۆن و پێنج سەدو پەنجاو هەشت هەزار و چوار سەدو  هەشتا دینار خەرج کراوە.

لەبەرامبەردا بڕی (823.938.776.720) هەشت سەد و بیست و سێ ملیار و نۆ سەدو سی و هەشت ملیۆن و حەوت سەدو حەفتاو شەش هەزارو حەوت سەدو بیست دینار لە تەرخانکراوی هەرێم بۆ مووچە ماوەتەوە و خەرج نەکراوە، حکومەتی فیدراڵی دەیەوێت فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکاتە قوربانی کێشەکانی خۆی و بەبیانووی نەمانی تەرخانکراو و کەمی سیولەی نەقدی ئەمساڵیش مووچەیەکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەدات.

960 ملیاری داهاتی ناوخۆ دراوەتە مووچە

سەبارەت بە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024، وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە: لەسەرەتای ساڵ تا مانگی تشرینی یەکەم حکومەتی هەرێمی کوردستان بەناچاری نزیکەی (960) ملیار دینار داهاتی ناوخۆی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی ئەو مانگانە تەرخان کردووە کە وەزارەتی دارایی عێراق هەرجارەی بەبیانوویەک بڕیویەتی، ئەوەی لە داهاتی ناوخۆ ماوەتەوە، بەشی زۆری بۆ خەرجی بەکاربردن بەکارهاتووە کە مانگانە زیاترە لە (160) ملیار دینار بۆ ساڵەکە دەکاتە نزیکەی دوو ترلیۆن دینار، (بۆ پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری بەهاوڵاتیان وەک خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردە و خوێندنی باڵا و کارەبا و پاککردنەوەو ئاو و هەموو ئەو سێکتەرانەی خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن)،

ئەوە جگە لەخەرجی ئەو پرۆژانەی حکومەتی هەرێم لە ناوچە جیاوازەکان ئەنجامی دەدات، کە سەرجەمیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە بەهۆی ئەوەی چەند ساڵێکە حکومەتی فیدراڵی یەک دیناری بۆ پرۆژەکان نەناردووە.

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستوەتەڕوو کە؛ لەماوەی چەند مانگی رابردووشدا وەک وەزارەتی دارایی سەرجەم تێبینی و کێشە هونەریەکانی لیستی مووچەی چارەسەر کردووە و تیمە تەکنیکیەکانیان بەردەوام لەگەڵ تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر هێڵ بوون تا هیچ بیانوویەک بەدەست حکومەتی فیدراڵەوە نەمێنیت بۆ نەناردن و دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

تەیف سامی بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی 12ی داوە

بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی بێت، لە دواین کۆبوونەوەی شاندی هەردوو وەزارەت کە رۆژی 15/12/2024 لە بەغداد بەڕێوەچووە، وەزیری دارایی عێراق بەڵێنیدا  کە تەمویلی مانگی دوانزە و ئەو بڕەی بۆ مانگی یانزە پێویستە چارەسەر بکات، لەگەڵ ئەوەی چەند تەرخانکراوێک لە پشکی هەرێم لە یاسای بوودجە هەیە و بەپێی یاسا دەتوانن گواستنەوەی پێبکەن بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە، بەڵام دوای چەندین بڕیار بۆ گواستنەوەی بڕی (430) ملیار بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵ بەڵام کێشەی نوێ بۆ جێبەجێکردنی دروستکرا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی