دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان 2/12/2024
سبەی
بڕیارە دوای تەواوبوونی پشووەکانی ساڵی نوێ، هەفتەی داهاتوو دانوستانەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و ئەو دوو لایەنە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم دەست پێبکاتەوە.
مەحمود خۆشناو، راوێژکاری سیاسی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: هەفتەی داهاتوو کۆبونەوە و دانوستانەکانی نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی پۆستەکان دەست پیدەکاتەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی لێدوانی ئەو راوێژکارەی بڵاوکردوەتەوە کە تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، دانوستانەکان بە دوو ئاراستەیە، دانوستانی یەکێتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی براوەی هەڵبژاردن و ئاراستەی دووەمیش دانوستانەکانی نێوان پارتی و یەکێتییە، کە پێشتریش دوو کۆبونەوەیان بۆ هەمان مەبەست ئەنجامداوە.
بەوتەی خۆشناو، هەفتەی داهاتوو هەردوو شاندی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رەشنوسی ئەو پڕۆژە هاوبەشەی کە لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە نوسراوەتەوە، بۆیە کۆبونەوەی داهاتوو گرنگە و نەخشەڕێگا و ئاڕستەی دانوستانەکان بەشێوەیەکی ووردتر دیاری دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد؛ ئەو دانوستانانە تەنها دابەشکردنی پۆستەکانی سێ سەرۆکایەتییەکە نییە، بەڵکو پرسی فەلسەفەی حوکمڕانی و بەرنامە و میکانیزمی هاوبەشی سیاسی بۆ قۆناغی داهاتوو دیاری دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، محەمەد زەنگەنە کە وەک شیکەرەوەی سیاسی قسەی بۆ ئاژانسی فەرمیی عێراق کردووە، پێیوایە تائێستا هەنگاوە کردەییەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم دەستی پێنەکردووە، ئەوەی هەیە تەنها گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانە، کلیلی پێکهێنانەی کابینەی نوێی حکومەتیش لە دەستی پارتی و یەکێتییە وەک هێزی یەکەم و دووەمی براوەی هەڵبژاردن و هاوبەشی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان.
رەشنوسی بەرنامەیەکی هاوبەش
رۆژی 17/12/2024 لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆبونەوە، بەپێی راگەیەندراوی کۆتایی کۆبونەوەکە دوای باسکردنی بارودۆخی ناوچەکە هەردوولا کۆک بوون لەسەر تەبایی و هاوهەڵوێستی لە پارێزگاریی کردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان.
پارتی و یەکێتی رێککەوتون لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنن بۆ ئامادەکردنی رەشنوسی بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ کۆبونەوەی داهاتوویان، بۆ ئەو بنەمایانەی کە حوکمڕانی کوردستانیان بۆ قۆناغی ئایندە لەسەر بەڕێوەدەچێت.
لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆیان، یەکێتی و پارتی باسیان لە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەتی هەرێم و هەنگاوەکانی پێویست بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە کردووە. ئەوەش بەپێی راگەیەندراوی کۆتایی کۆبونەوەکە.
ئەوەش دووەم کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتیی بوو دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆبوونەوەی یەکەمیان لە 30ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە سلێمانی بەڕێوەچوو، بۆ قسەکردنی لە دانیشتنی یەکەمی خولی نوێی پەرلەمان.
دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان
دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20/10/2024، رۆژی دووشهممه 2/12/2024 دانیشتنی یهكهمى خولی ههڵبژاردنی شهشهمی پهرلهمانى كوردستان بەڕێوەچوو، دانیشتنەکە لەلایەن بەتەمەنترین پەرلەمانتاری هەڵبژێردراوەوە سەرۆکایەتی کرا، دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی نوێ، دانیشتنەکە بە کراوەیی هێڵرایەوە و نەتوانرا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرێت، کە ئەویش وەستاوەتە سەر رێککەوتنەکانی پارتی و یەکێتی بۆ دابەشکردنی پۆستەکان لەنێوان خۆیاندا.
لە ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کە لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی بەدەستھێنا.
دابەشکاری پۆستەکانی کابینەی نۆ
لە ھەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمان، پارتی دیموکراتی کوردستان 45 کورسی، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان 21 کورسی، بەدەستھێنا و بەھاوبەشی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان کە 12 کورسی پەرلەمانی هەبوو، هەروەها سۆسیالست و پێکهاتەکانی تورکمان و مەسیحی، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمیان پێکھینا، پۆستی سەرۆک وەزیران لەلای پارتی و جێگری سەرۆک وەزیران لای یەکێتی بوو، ھەروەھا نۆ وەزارەت لای پارتی، پێنج وەزارەت یەکێتی و چوار وەزارەتیش لای بزووتنەوەی گۆڕان بوو، مەسیحییەکان و و پارتی سۆسیالستیش هەریەکە و وەزارەتێکیان بەرکەوتبوو.
ھەر لە کابینەی نۆیەمدا سێ پۆستی وەزیر ھەرێم ھەبوون، کە بریتیی بوون لە وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ حکومەتی فێدڕاڵ (یەکێتی)، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان (پارتی)، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان (بەرەی تورکمانی).