ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق
سبەی
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، تەمەنی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی بۆ خولی ئێستا و بۆ ماوەی دووساڵ درێژكردەوە.
بەپێی بڕیارەكەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، تەمەنی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە 7-1-2025 تا 6-1-2027 درێژكردووەتەوە.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە نوسراوەكەیدا ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەگەر لە دۆخێكدا دیدگایەكی سیاسی هەبێت بۆ گۆڕانكاری لەو بڕیارەی دراوە، ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانێت بەپێی ئەو دەسەڵاتی یاسادانانەی هەیەتی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ژمارە 31 ی ساڵی 2019 هەموار بكاتەوە.
بڕیارەكە لەكاتێكدایە، تەمەنی یاسایی كۆمسیۆنی باڵای باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە بەرواری حەوتی كانوونی دووەمی 2025 ەوە بەسەرچووە.
پێشترو لەبەر سازدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، تەمەنی كۆمسیۆنەكە درێژكرایەوە.
لەدوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئۆكتۆبەری 2021ی پەرلەمانی عێراقەوە، لەناو لایەنە شیعەكان ناڕەزایەتیی دژی ئەم كۆمسیۆنە دروستبوو، كۆمسیۆنەكە لەلایەن دادوەرەكانەوە بەرێوەدەبرێت، هەندێك لە لایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێران داوایان دەكرد كۆمسیۆنەكە ببرێتەوە بۆسەر پەیكەرە كۆنەكەی خۆی، واتا بەڕێوەبردنی لەسەر بنەمای پشكێنەی حزبی.