ئیسرائیل ئامادەکاریی دەکات .. ئێران هەڕەشە دەکات

#ئیسرائیل#ئێران#ئەمەریکا#نیویۆرک تایمز#The New York Times
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • وادەردەکەوێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێی مەترسیدارەوە، ئەمەریکا ئەو کارمەندانە دەکشێنێتەوە کە پێویست نین، ئیسرائیل ئامادەکاریی دەکات و ئێران هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی بنکە ئەمەریکییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
Primary Asset

سبەی

وادەردەکەوێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێی مەترسیدارەوە، ئەمەریکا ئەو کارمەندانە دەکشێنێتەوە کە پێویست نین، ئیسرائیل ئامادەکاریی دەکات و ئێران هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی بنکە ئەمەریکییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

بەپێی راپۆرتێکێ رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی، ئیسرائیل ئامادەکاریی دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئێران، ئەوەش بەپشتبەستن بە وتەی بەرپرسانی ئەمەریکا و ئەوروپا. ئەو هەنگاوەی ئیسرائیل دەبێتە هۆی پەرەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەکانی رۆهەڵاتی ناوەڕاست. ئەنجامدانی هەر ‌هێرشێک بۆ سەر ئێران دەکرێت هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بهێنێتەوە خاڵی سەرەتا.

وەک لە راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمزدا هاتووە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە شیانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دواتر هەوڵی ئێران بۆ تۆڵەکردنەوە هۆکار بووە بۆ فەرمانکردن بە کشاندنەوەی خێزانی کارمەندان و هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق.

لەماوەکانی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، رێگر بووە لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر تاران، پێداگربووە لە دانوستان لەگەڵ ئێران بۆ رێککەوتن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران. دواینجار دوو هەفتە لەمەوبەر، دۆناڵد ترەمپ، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی ئاگادار کردەوە لە راگرتنی هەر هەوڵێک کە کاریگەری نەرێنی هەبێت لەسەر رەوتی دانوستانەکانی واشنتن و تاران.

ئەوەی هۆکار بووە بۆ ئاماژەی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان، بێهیوایی ترەمپە سەبارەت بە دانوستانەکانیان لەگەڵ ئێران، دوای ئەوەی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، پێشنیازی ئەمەریکای بۆ دەستبەرداربوون لە بەرنامەی ئەتۆمی و راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمی رەتکردەوە.

هەرچەندە بەپێی پلانەکان، بڕیارە یەکشەممەی دهاتوو (15ـی حوزەیرانی 2025) ئەمەریکا و ئێران جارێکی دیکە کۆببنەوە و درێژە بە دانوستانەکانیان بدەن، بەڵام مەحاڵە تاران بە داواکارییەکانی واشنتن رازیببێت.

سەبارەت بە هەڵوێستی تاران دوێنێ چوارشەممە عەزیز ناسرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران، رایگەیاند، "ئەمەریکا دەبێت ناوچەکە جێبهێڵێت چونکە دەستمان دەگات بە هەموو بنکە سەربازییەکانیان، ئێمە بەبێ گوێدانە دەرەنجامەکان لە هەر وڵاتێکبن بە ئامانجیان دەگرین."

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی