شەش قۆناغ و 300 هێرش؛ وردەکاریی هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر ئێران

#ئێران#ئیسرائیل
21 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 16 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • تەقینەوە لە تارانی پایتەختی ئێران لە دەوروبەری کاژێر 03:30 ى بەرەبەیان بە کاتی ناوخۆى ئەو وڵاتە دەستیان پێکرد، کاتێک سەدان فڕۆکەى ئیسرائیلى ئاسمانى ئەو وڵاتەیان بەزاند، سەرەڕاى بەکارهێنانى ناوەندێکى درۆنى لەناوخۆى ئێران کە ئیسرائیل دەڵێت پێشتر لەو وڵاتە دروستیکردبوو.
Primary Asset

سبەى

بەرەبەیانى رۆژی هەینی 13 ى حوزەیران ئیسرائیل لەسەرتاسەرى ئێران هێرشى دەستپێکرد و ڕایگەیاند "دڵی" بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی کردووەتە ئامانج، ئێرانیش هێرشى پێچەوانەى ئەنجامدا.

هێرشەکان لە رێگەى 200 فڕۆکەى جەنگییەوە ئەنجامدران کە 300 هێرشیان ئەنجامدا بۆ سەر 100 پێگەی ئێران.

ئەمەریکا دەڵێت، دەستیان لەو هێرشانەدا نەبووە، بەڵام ئێران دەڵێت بەبێ مۆڵەتى واشنتن هێرشەکە ئەنجام نەدراوە.

هێرشەکان

تەقینەوە لە تارانی پایتەختی ئێران لە دەوروبەری کاژێر 03:30 ى بەرەبەیان بە کاتی ناوخۆى ئەو وڵاتە دەستیپێکرد، کاتێک سەدان فڕۆکەى ئیسرائیلى ئاسمانى ئەو وڵاتەیان بەزاند، سەرەڕاى بەکارهێنانى ناوەندێکى درۆنى لەناوخۆى ئێران کە ئیسرائیل دەڵێت پێشتر لەو وڵاتە دروستیکردبوو.

میدیاکانی دەوڵەتی ئێران دەڵێن، ناوچەکانی نیشتەجێبوون بەرکەوتوون و دەنگى تەقینەوەکانیش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی تاران بیستراون. 

لە ئیسرائیل لە دەوروبەری هەمانکاتدا دانیشتووان بە ئاگادارکەرەوەی هێرشی ئاسمانی لە خەو هەڵسان و ئاگادارکردنەوەی بەپەلەی تەلەفۆنیان پێگەیشت.

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "دەیان ئامانجی سەربازییان پێداوە، لەنێویاندا ئامانجی ئەتۆمی لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران".

دوای چەند کاتژمێرێک لە هێرشە سەرەتاییەکان، تەقینەوەیەک لە دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز کە دەکەوێتە نزیکەی ٢٢٥ کیلۆمەتر لە باشووری تاران روویدا و ئیسرائیل دەڵێت بنکەکەى بە ئامانج گرتووە.

دواتر دەزگای چاودێری ئەتۆمی جیهانی، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، پشتڕاستی کردەوە کە دامەزراوەی نەتەنز بەرکەوتووە.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاندووە کە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە ئاگادار کراونەتەوە کە ئاستی تیشکدانەوە لە شوێنی نەتەنز زیاد نەبووە و مەترسی دروستنەکردووە.

ئیسرائیل چی دەڵێت؟

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەو هێرشانە - کە ناوی ئۆپەراسیۆنی شێری هەستاو -ى لێنراوە، "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئامانجدارە بۆ پاشەکشەکردن بە هەڕەشەکانی ئێران لەسەر ئیسرائیل".

جەختیشیکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکە "بەردەوام دەبێت بۆماوەى چەند ڕۆژێک، لە چەند مانگی ڕابردوودا ئێران هەندێ هەنگاوی ناوە کە بێپێشینە بووە بۆ دەستکەوتنى چەکى ئەتۆم.

"ئەگەر پڕۆسەکە ڕانەگیرێت، ئێران دەتوانێت لە ماوەیەکی زۆر کورتدا چەکی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت. دەکرێت ساڵێک بێت. دەکرێت لە ماوەی چەند مانگێکدا بێت، کەمتر لە ساڵێک. ئەمە مەترسییەکی ڕوون و ئێستایە لەسەر خودی مانەوەی ئیسرائیل".، ناتانیاهۆ وایوت.

ناتانیاهۆ لە وتارەکەیدا هەروەها سوپاسی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکای کرد کە "ڕووبەڕووبووی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بووەتەوە".

بەرپرسێکی سەربازی ئیسرائیل بە بی بی سی ڕاگەیاندووە، ئێران ئەوەندە مادەی ئەتۆمی لەبەردەستدایە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی "لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا".

ئێران چۆن وەڵامی دایەوە؟

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ئێران نزیکەی 100 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەرەو ئیسرائیل هەڵدا، لەگەڵ 800 موشەکى بالیستى.

عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران لە پەیامێکدا رایگەیاند، ئیسرائیل دەبێت چاوەڕوانی سزای توند بێت. "لە هێرشەکانی دوژمندا ژمارەیەک فەرماندە و زانا شەهید بوون. جێنشین و هاوکارەکانیان دەستبەجێ لە شوێنیان دەستبەکاردەبن. ڕژێمی زایۆنیستی بەم تاوانە چارەنووسێکی تاڵ و ئازاربەخشی بۆ خۆی دەستەبەر کرد و بە دڵنیاییەوە وەریدەگرێت."

هەروەها وەزارەتى دەرەوەى ئێران لە بەیاننامەیەکدا ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل بە "کردەوەی دەستدرێژی" ناوبرد و ڕایگەیاند، ئەمەریکاش بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرێت.

ئەمەریکا چی دەڵێت؟

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دەستیان لە ئۆپراسیۆنەکەدا نییە و هیچ هاوکارییەکی ئیسرائیلیان نەکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کارى سەرەکی ئەمەریکا پاراستنی هێزەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا و پێویستە ئێران بەرژەوەندییەکانى ئەمەریکا بە ئامانج نەگرێت.

کێ کوژراوە؟

میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە کە ئەو کەسانەی کوژراون بریتین لە حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران و غوڵاماڵی ڕەشید فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەم ئەنبیا و محەمەد باقری سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران.

May be an image of 4 people and text

هەروەها ئاژانسی هەواڵی تەسنیم سەر بە سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، شەش زانای ئەتۆمیش لەو هێرشانەدا کوژراون، کە پێنجیان ناویان هاتووە؛

فەرەیدون عەباسی، سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران

محەممەد مەهدی تارانچی لە بەرنامەی چەکی ئەتۆمی ئێران کاریکردووە

عەبدولحەمید مینۆچێهر، بەرپرسی ئەندازیاری ئەتۆمی لە زانکۆی شەهید بەهەشتی ئێران

ئەحمەد ڕەزا زۆڵفەغاری، مامۆستای ئەندازیاری ئەتۆمی لە زانکۆی شەهید بەهەشتی

ئەمیرحوسێن فەتحی، مامۆستایەکی تری ئەتۆمی لە زانکۆی شەهید بەهەشتی

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتە ئێرانییەکان، عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری باڵای ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە سەختی بریندار بووە.

هەڵوەشاندنەوەى دانوستانەکان

هێرشەکانى ئیسرائیل بووە هۆى هەڵوەشاندنەوەى گەڕى شەشەمى دانوستانى ئەتۆمى چاوەڕوانکراو لەنێوان تاران و واشنتن کە بڕیاربوو رۆژى یەکشەممە لە عومان بەڕێوەبچێت.

تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، حکومەتی وڵاتەکەی بەشداری لە دانوستاندنە ئەتۆمییەکاندا ناکات کە بڕیاربوو رۆژی یەکشەممە بەڕێوەبچن. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی