دیارترین فەرماندە و زانا ئەتۆمییەکانى ئێران کە لە هێرشەکەى ئیسرائیلدا کوژران

#ئێران#ئیسرائیل
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • لە هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرس و زاناى ئەتۆمى ئێرانى کوژران، کە ژمارەیان لانى کەم بە 20 کەس دادەنرێت و ئێران کوژرانى ژمارەیەکیانى پشتڕاستکردووەتەوە.
Primary Asset

سبەى

لە هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرس و زاناى ئەتۆمى ئێرانى کوژران، کە ژمارەیان لانى کەم بە 20 کەس دادەنرێت و ئێران کوژرانى ژمارەیەکیانى پشتڕاستکردووەتەوە.

حسێن سەلامی

ئەفسەرێکی سەربازی ئێرانییە، لە ساڵی ١٩٦٠ لە پارێزگای ئیسفەهان لەدایک بووە، ئەندازیاری میکانیکی لە تارانی پایتەخت خوێندووە. دوای سەرهەڵدانی شەڕی ئێران و عێراق (1980-1988) پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە کردووە، لەو ماوەیەدا فەرماندەیی چەندین فیرقەی ئاسمانی و دەریایی لە بەرەی ڕۆژئاوا و باشوور کردووە.

لە ساڵی 1992 زانکۆی فەرماندەیی و ئەرکانی لە تاران دامەزراند، بۆ ڕاهێنانی کارمەندانی سەربازی تایبەتمەند، تا ساڵی ٢٠٠٥ وەک جێگری سەرۆکی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەرکانی هاوبەشی سوپای پاسداران کاری کردووە.

هەر لەو ساڵەدا تا ساڵی ٢٠٠٩ فەرماندەیی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی گرتە ئەستۆ، پاشان بووە جێگری فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران تا ساڵی ٢٠١٩.

عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵاى ئێران لە ساڵی ٢٠١٩ بە فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران دەستنیشانى کرد. بووە هەشتەمین بەرپرسە کە سەرکردایەتی ئەو دامەزراوە سەربازییە دەکات کە هاوتەریبە لەگەڵ سوپای ئێران.

لە ٨ی نیسانی ٢٠١٩، ئیدارەی ئەمریکا سزای بەسەر فەرماندە باڵا سەربازییەکانی سوپای پاسداراندا سەپاند، بە سەرۆکایەتی جەنەراڵ حوسێن سەلامی.

محەمەد باقری

محەمەد حسێن باقری، فەرماندەیەکی سەربازیی ئێرانە و لە ساڵی 1958 لەدایک بووە، یەکێکە لە دیارترین ئەفسەرە سەربازییەکانی بەشدار لە شەڕی ئێران و عێراق. 

لە ساڵی ١٩٨٠ پەیوەندی بە ڕیزەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کرد، بڕوانامەى دکتۆرای لە جوگرافیای سیاسی بەدەستهێناوە و لە زانکۆی بەرگری نیشتمانی وانەبێژ بووە.

ئەزمونی بەرفراوانی لە بواری سەربازی و ئەمنی و هەواڵگریدا هەبووە، لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق رۆڵى هەبووە. لە کاتی ئۆپراسیۆنەکانی سپای پاسداران لە ساڵانی نەوەدەکاندا لەدژی بنکەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە بەرپرسیارێتی هەواڵگری لە ئەستۆ گرتووە.

باقری چەندین پۆستی فەرماندەیی هەبووە، لەوانە بەرپرسی هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنەکان بۆ هێزی زەمینی و بەرپرسی هەواڵگری بۆ بارەگای کەربەلا و خاتەم ئەنبیاو کە قۆڵی ئەندازیاری سوپای پاسداران بووە.

لەساڵی 2002 تا 2014 جێگری بەرپرسی بەشی ئیتلاعات و ئۆپراسیۆنەکانی ئەرکانی گشتی بووە و لە 2016 خامنەیی لە شوێنی جەنەڕاڵ حەسەن فیروزابادی، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی دەستنیشانى کردووە.

 باقری زنجیرەیەک سزای نێودەوڵەتیی بەسەردا سەپێنراوە، لە تشرینی دووەمی ٢٠١٩ دەستیپێکرد کاتێک وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەردا سەپاند بەهۆی تێوەگلانی لە هێرشەکانی لوبنان و ئەرجەنتین. دوای ئەوە سزاکانی کەنەدا لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە هاتە ئاراوە، لەوانە بلۆککردنى سەروەت و سامان و قەدەغەکردنی چوونە ژوورەوە بۆ کەنەدا. هەر لەو مانگەدا، یەکێتیی ئەورووپا بەهۆی ڕۆڵی لە دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لە شەڕی ئۆکراییا بەکارهاتووە بۆ ڕووسیا، خستیە لیستی سزاکانی خۆیەوە. سویسرا لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا خستیە هەمان لیستەوە بەهۆی پاڵپشتیکردنی لە شەڕی ڕووسیا دژی ئۆکراینا.

جەنەڕاڵ حاجی زادە

فەریق ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران، خاوەنى مەدالیای فەتحی پلە یەک بوو کە لەلایەن عەلی خامنەییەوە پێیدرابوو.

حاجیزادە لە ٢٨ی شوباتی ١٩٦٢ لە تاران لە دایکبووە، لە ساڵی ١٩٨٠ لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق پەیوەندی بە سوپای ئێرانەوە کردووە. لە یەکەی قەناس بەدەستەکانی سوپای پاسداران خزمەتی کردووە و تا کۆتایی جەنگ لە بەرەکانی شەڕدا ماوەتەوە و بەشداری چەندین ئۆپەراسیۆنی کردووە.

حاجیزادە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی خامنەیی بە فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی دەستنیشان کرا و تا ساتى کوژرانى لە هێرشەکەى ئەمڕۆى ئیسرائیلدا.

لێدوانەکانی لە زیاتر لە بۆنەیەکدا مشتومرى بەدوای خۆیدا هێنا، دیارترینیان لێدوانەکەی بوو لەبارەى ئەوەى کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکی کە دەیان فڕۆکەی جەنگی و نزیکەی شەش هەزار سەربازی ئەمریکی هەڵگرتبوو، بە "ئامانجێکی ئاسان" بۆ ئێران دانابوو.

جگە لەو فەرماندانە، رۆژنامەى نیۆیۆرک تایمزى ئەمەریکى لە زارى سەرچاوەیەکى ئێرانییەوە، هەواڵى کوژرانى ئیسماعیل قائانى فەرماندەى فەیلەقى قوسى ئێرانى بڵاوکردەوە، بەڵام هێشتا ئێران بەفەرمى پشتڕاستى نەکردووەتەوە.

هەر لە هێرشەکەى ئیسرائیلدا شەش زاناى ئەتۆمى ئێرانى کوژران کە پێکهاتوون لە، فەرەیدوون عەباسی سەرۆکی پێشووتری ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، محەمەد مەهدی تارانچی  سەرۆکی زانکۆی ئازادی ئیسلامیی تاران، ئەمیر حوسێن زانای پێشکەوتووی ئەتۆمی، مەتڵەبی زادە زانای ئەتۆمی، عەبدولحەمید مەنوچێهری زانای ئەتۆمی، ئەحمەد ڕەزا زولفەقاری زانای ئەتۆمی.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی