ئێران وەڵامى هێرشەکانى ئیسرائیلى دایەوە...خامنەيى: ئیسرائیل سەلامەت دەرناچێت

#ئێران#ئیسرائیل
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
سبەی
Primary Asset

سبەى

کۆمارى ئیسلامى ئێران وەڵامى هێرشەکانى ئیسرائیلى دایەوە، لە رێگەى ئاڕاستەکردنى سەدان موشەک بۆ تەلئەبیب، عەلى خامنەیش دەڵێت سازش ناکەن و ئیسرائیل سەلامەت دەرناچێت.

وەڵامەکەى ئێران بۆ هێرشەکانى ئیسرائیل بەچەند قۆناغێک ئەنجامدران، کە چەند ئامانجێکیان لە تەلئەبیب پێکا، لەناویاندا باڵەخانەیەکى نزیک لە بارەگاى وەزارەتى بەرگرى ئیسرائیل، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک کەس برینداربوون.

هاوکات لەگەڵ وەڵامدانەوەى هێرشەکانى ئیسرائیل، عەلى خامنەیی رابەرى باڵاى ئێران لە پەیامێکى تەلەفزیۆنیدا جەختیکردەوە، وڵاتەکەى بەتوندى وەڵامى ئیسرائیل دەداتەوە و بە سەلامەت رزگارى نابێت و هێزە چەکدارەکانى ئێران هیچ کەمتەرخەمییەک ناکەن لەو بارەیەوە.

ئێران هەروەها هێرشى ئەلیکترۆنى بۆ سەر ژمارەیەک دامەزراوەى ئیسرائیل ئەنجامدا.

لەبەرانبەردا وەزیرى بەرگرى ئیسرائیل رایگەیاند، بە هەڵدانى موشەک بۆ سەر شوێنى نیشتەجێ بوون ئێران هێڵى سورى بەزاند.

ئێران هەروەها تێکشکاندنى دوو فڕۆکەى جەنگى ئیسرائیل و بە بارمتەگرتنى ژنە فڕۆکەوانێکى ئیسرائیلى راگەیاند، بەڵام ئیسرائیل ئەوەى رەتکردەوە.

وەڵامەکەى ئێران دواى چەند کاتژمێرێک هات لە هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە 100 پێگەى ئەو وڵاتەى کردە ئامانج.هێرشەکان لە رێگەى 200 فڕۆکەى جەنگییەوە ئەنجامدران کە 300 هێرشیان ئەنجامدا بۆ سەر 100 پێگەی ئێران.
 

تەقینەوە لە تارانی پایتەختی ئێران لە دەوروبەری کاژێر 03:30 ى بەرەبەیان بە کاتی ناوخۆى ئەو وڵاتە دەستیپێکرد، کاتێک سەدان فڕۆکەى ئیسرائیلى ئاسمانى ئەو وڵاتەیان بەزاند، سەرەڕاى بەکارهێنانى ناوەندێکى درۆنى لەناوخۆى ئێران کە ئیسرائیل دەڵێت پێشتر لەو وڵاتە دروستیکردبوو.

میدیاکانی دەوڵەتی ئێران دەڵێن، ناوچەکانی نیشتەجێبوون بەرکەوتوون و دەنگى تەقینەوەکانیش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی تاران بیستراون. 

لە ئیسرائیل لە دەوروبەری هەمانکاتدا دانیشتووان بە ئاگادارکەرەوەی هێرشی ئاسمانی لە خەو هەڵسان و ئاگادارکردنەوەی بەپەلەی تەلەفۆنیان پێگەیشت.

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "دەیان ئامانجی سەربازییان پێداوە، لەنێویاندا ئامانجی ئەتۆمی لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران".

دوای چەند کاتژمێرێک لە هێرشە سەرەتاییەکان، تەقینەوەیەک لە دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز کە دەکەوێتە نزیکەی ٢٢٥ کیلۆمەتر لە باشووری تاران روویدا و ئیسرائیل دەڵێت بنکەکەى بە ئامانج گرتووە.

دواتر ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، پشتڕاستی کردەوە کە دامەزراوەی نەتەنز بەرکەوتووە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی