نوێترین ئاماری پرۆژەی روناكیی: نزیكەی 280 هەزار هاوبەش كارەبایان كراوە بە 24 كاتژمێری

#پرۆژەی روناکیی#کوردستان#هەولێر#سلێمانی#دهۆک#کارەبای 24 کاتژمێری
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • ئەمڕۆ پێنجشەممە تیمی پرۆژەی ئامارێكی بڵاوكردوەتەوە تیایدا هاتووە: "50%ـی بەشداربووانی پرۆژەی روناكی، كە ئەم مانگە داشكاندن و هاوكاریی پارەی پێشوویان بۆ گەڕێندراوەتەوە، لە هەولێر و سلێمانی كەمتر لە 20 هەزار دینار و لە دهۆكیش كەمتر لە 38 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوتەوە".
Primary Asset

پرۆژەی روناکیی

سبەی

پرۆژەی روناكیی نوێترین ئاماری سەبارەت بە پسوولەی مانگی پێنج لە سلێمانی و هەولێر و دهۆك بڵاوكردەوە، دەشڵێت "نزیكەی 280 هەزار هاوبەش كارەبایان كراوە بە 24 كاتژمێری، مانگی رابردوو 80%یان بێ پاڵپشتی، كەمتر لە 81 هەزار دیناریان بۆ هاتووەتەوە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-6-2025 تیمی پرۆژەی ئامارێكی بڵاوكردوەتەوە تیایدا هاتووە: "50%ـی بەشداربووانی پرۆژەی روناكی، كە ئەم مانگە داشكاندن و هاوكاریی پارەی پێشوویان بۆ گەڕێندراوەتەوە، لە هەولێر و سلێمانی كەمتر لە 20 هەزار دینار و لە دهۆكیش كەمتر لە 38 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوتەوە".

لە ئامارەكەدا هاتووە: "بەهۆی پاڵپشتیكردنی حكومەت و گەڕاندنەوەی 1.4 ملیار دیناری هاوبەشان كە پێشتر نرخی پارەی زیاتریان داوە، هەروەها داشكاندن بۆ مانگەكانی سەرەتای بەشداربوون لە پڕۆژەكە، زۆرینەی هاوبەشان بڕێكی كەم پارەیان بۆ هاتووەتەوە".

 ئامارەكە روونیكردووەتەوە، لە گەڕانەوەی 1.4 ملیار دینارەكە 60 هەزار خێزان سوودمەندبوون، نزیكەی 10 هەزاریان بەهۆی گەڕانەوەی ئەو پارەیەوە بۆ مانگی پێنج هیچ بڕە پارەیەكیان لێ وەرناگیرێت.

"لە هەندێك گەڕەكدا هاوبەشی كارەبا هەبووە لە پارەی گەڕاوەدا 80 هەزار دیناری بەركەوتووە و بەهۆیەوە هیچ پارەیەكی بۆ مانگی پێنج نەداوە". تیمی پرۆژەی روناكیی وا دەڵێت.

هەر بەوتەی تیمەكە " بەهۆی گەڕانەوەی پارە و بەشێكی داشكاندنەوە، 90%ـی دانیشتووانی گەڕەكی شادی لە هەولێر بۆ مانگی پێنج هیچ بڕە پارەیەك نادەن، بە هەمان هۆكار 8%ـی شوێنە بازرگانییەكان هیچ بڕە پارەیەك بۆ مانگی رابردوو نادەن".

چۆن پارەی كارەبای 24 كاتژمێری دەدرێت؟

بە گوێرەی وتەی تیمی پڕۆژەی رووناكی، دابەشكردنی پسوولەی پارەی كارەبا بۆ مانگی پێنج لە رێگەی نامەوە بۆ هەموو ئەو بەشداربووانە نێردراوە كەلە پڕۆژەكە سوودمەندن لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و بڕیارە دواتر بۆ بەشداربووانی دهۆكیش بنێردرێت.

ئامارەكانی ئەو هاوبەشانەی چوونەتە ناو پرۆژەی رووناكی: 

لە هەولێر 216 هەزار هاوبەش، كە دەكاتە نزیكەی 860 هەزار سوودمەندبوو.

لە سلێمانی 35 هەزار هاوبەش، كە دەكاتە نزیكەی 132 هەزار سوودمەندبوو.

لە دهۆك 29 هەزار هاوبەش، كە دەكاتە نزیكەی 114 هەزار سوودمەندبوو.

بڕی ئەو پارەیەی بۆ ماڵان هاتووەتەوە لە مانگی پێنج بەمشێوەیەیە:

50%ـی بەشداربووانی پڕۆژەكە، بە هاوكارییەكەی حكومەت و داشكاندنەوە،لە هەولێر كەمتر لە 20 هەزار دیناری بۆ هاتووەتەوە، لە سلێمانی كەمتر لە 18 هەزار دینار و لە دهۆك كەمتر لە 38 هەزار دیناریان بۆ هاتووەتەوە.

هەر بەگوێرەی داتاكان، بۆ مانگی پێنج ئەو گەڕەكانەی داشكاندنیان بۆ نەكراوە و پارەی پێشووشیان نەبووە بۆ گەڕاندنەوە، 50%یان لە شاری هەولێر كەمتر لە 42 هەزار و، لە سلێمانی كەمتر لە 24 هەزار دینار و لە دهۆك كەمتر لە 51 هەزار دیناریان بۆ هاتووەتەوە.

"هەروەها 80%ـی بەشداربووانی پڕۆژەی رووناكی بە پاڵپشتیی حكومەت و گەڕانەوەی پارەی زیادەی پێشوویان، لە هەولێر كەمتر لە 48 هەزار دینار یان بۆ هاتووەتەوە، لە سلێمانی كەمتر لە 32 هەزار دینار و لە دهۆك كەمتر لە 61 هەزار دیناریان بۆ هاتووەتەوە. هاوكات 80%ـی بەشداربووانی پڕۆژەكە بەبێ هیچ پاڵپشتییەك، لە هەولێر كەمتر لە 72 هەزار كەمتر پارەیان بۆ هاتووەتەوە، لە سلێمانی كەمتر لە 43 هەزار دینار و لە دهۆك كەمتر لە 81 هەزار دیناریان بۆ هاتووەتەوە". ئەمەش بەوتەی تیمەكە.

پسوڵەی هاوبەشانی بازرگانی:

هەروەها لە داتاكانی پڕۆژەی روناكیدا هاتووە: 50%ـی پسووڵەی شوێنە بازرگانییەكان لە هەرێمی كوردستان بەبێ هیچ پاڵپشتییەك بەم شێوەیە بووە:

لە هەولێر كەمتر لە 59 هەزار دینار

لە سلێمانی كەمتر لە 21 هەزار دینار

 لە دهۆك كەمتر لە 54 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی