سبەی
بەبەشداریی زیاتر لە یەک ملیۆن خوێندکاری، تاقیکردنەوەی وزاریی پۆلی شەشەمی ئامادەیی بەسەرجەم بەشەکانییەوە لە عێراق دەستیپێکرد، لە هەرێمی کوردستانیش سەرجەم تاقیکردنەوەکانی وزاریی و خولی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان بۆ ماوەی هەفتەیەک دواخرا.
ئەمڕۆ شەممە (14ـی حوزەیرانی 2025) وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڵاوی کردەوە: تاقیکردنەوەی وزاریی پۆلی شەشەمی ئامادەیی بەسەرجەم بەشەکانییەوە بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 دەستیپێکرد.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق (ئیرنا) بڵاوی کردەوە، بەبەشداریی زیاتر لە یەک ملیۆن خوێندکار لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق (جگە لە هەرێمی کوردستان) تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵی خوێندن بۆ قۆناغی شەشەمی ئامادەیی دەستیپێکرد و خوێندکاران بەسەر 9600 ناوەندی تاقیکردنەوە دابەش کراون، سەرجەم پێداویستییە کارگێڕی و هونەری و لۆجستیی و ئاسایشییەکان دەستەبەرکراون و تاقیکردنەوەکان بەبێ گرفت و لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەدەچن.
بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە لیژنەیەکی باڵا پێکهێنراون بۆ چاودێریی پێگە ئەلیکترۆنییەکان و ناوەندەکانی تاقیکردنەوەکان لە رێگەی سیستمی پێشکەوتووی کامێرای چاودێرییەوە.
هەر ئەمڕۆ شەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ناوەندێکی تاقیکردنەوەی وزاریی کرد لە ناوچەی کەرخی بەغداد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە رەوشی تاقیکردنەوەکان ببینێت.
ئەوە لەکاتێکدایە درەنگانی شەوی رابردوو، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە لەبەر بەرژەوەندی گشتیی، ئەم هەفتەیە لە رۆژی شەممە 14ـی 6ـی 2025، هەموو تاقیکردنەوەکان لە قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان بە قوتابخانە ناحکومییە نێودەوڵەتیەکان و تاقیکردنەوەکانی وەزاری پۆلی 12ـی ئامادەیی بەهەموو بەشەکانیەوە، تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی قوتابخانە حکومی و ناحکومیەکانیش هەموی دوادەخرێت بۆ هەفتەی داهاتوو.
وەزارەتی پەروەردە رایگەیاندووە: لە هیچ ناوەندێکی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە تاقیکردنەوەکان ئەنجام نادرێن و دواترلە رێگەی راگەیەندراوێکەوە لە خشتەی تاقیکردنەوەکان ئاگادارتان دەکەینەوە.
هەر شەوی رابردوو وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بڵاوی کردەوە؛ لەسەر فەرمانی وەزیری خوێندنی باڵا، بەهۆی ناجێگیری بارودۆخی ئاسایشی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان، بریاردرا بە دواخستنی (پرۆسەی خوێندن و تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم و دووەم) لەسەرجەم زانکۆکان و ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەت و دامودەزگاکانی ديكە بۆ ماوەی یەک هەفتە.
بە بڕیاری وەزارەتی سەرجەم کۆرسەکانى زمانى ئینگلیزى، پێداگۆجى، خول و راهێنانەکانى تایبەت بە وەزارەتی خوێندنی باڵا، بۆ ماوەى یەک هەفتە ئۆنڵاین بەڕێوەدەچێت.
پێچەوانەی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێمی رایگەیاند: ئاگاداری سەرجەم قوتابخانەکانی خوێندنی ئیسلامی سەر بە وەزارەت دەکەینەوە تاقیکردنەوەکانی گشتی پۆلی 12 خولی یەکەم و تاقیکردنەوەی نیشتیمانی پۆلی 9 خولی دووەم و پۆلە ناکۆتاکان خولی دووەم لەسەر خشتەی دیاری کراو بەڕێوەدەچێت و دواناخرێت، واتا هەموو تاقیکردنەوەکان بەپێی خشتەی دیاریکراوی خۆی بەڕێوەدەچێت.