سبەی
گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل قۆناغێکی بێپێشنەی بڕیوە، بەجۆرێک پێشتر هەرگیز گرژییەکانیان نەگەیشبووە ئەم قۆناغەی ئێستا. دوای ئۆپەراسیۆنی "شێری هەستاوە" لەلایەن ئیسرائیلەوە، بەئامانجگرتنی ژمارەیەکی زۆر ناوەندی ئەتۆمی و ژێرخانی سەربازیی، دوێنێ هەینی (13ـی حوزەیرانی 2025)، سەرەتا ئێران بە درۆن و پاشان بە موشەک ئیسرائیلی بەئامانجگرت.
وەک لە راگەیەندراو و وتەی بەرپرسانی وڵاتەکەدا هاتووە، سوپای ئیسرائیل بە چەند قۆناغێک کە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە (14ـی حوزەیرانی 2025) بەردەوام بوو، لەڕێگەی درۆن و فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشی کردە سەر چەندین ناوچەی جیاواز و بەرپرسانی پلەباڵای ئێران.
بەپێی وتەی بەرپرسانی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی "شێری هەستاوە" چەندین رۆژ بەردەوام دەبێت. ئێران رایگەیاند: وەڵامدانەوەیان هێشتا کۆتایی نەهاتووە.
گرژییە بێپێشێنەکەی نێوان جیروسلام و تاران، وڵاتانی لە سەرانسەری جیهان نیگەران کردووە، ترسیان هەیە شەڕەکەیان زیاتر فراوانبێت، ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی زلهێزی تێوەبگلێت.
دوێنێ شەو تاران بە زیاتر لە 100 موشەکی بالیستی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستگۆی 3"ـی بۆ سەر تەلئەڤیڤ ئەنجامدا. هەرچەندە سیستمی بەرگریی ئیسرائیل توانی بەشێکی موشەکەکان تێکبشکێنێت، بەڵام ژمارەیەک موشەک سیستمی بەرگریی وڵاتەکەیان تێپەڕاند، بەپێی راگەیەندراوی فەرمی ئیسرائیل، چوار کەس کوژراون و نزیکەی 60 کەس برینداربوون.
سەبارەت بە زیانە گیانییەکانی ئێران، ئەمیر سەعید ئارەڤانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 78 کەس کوژراون و 329ـی دیکەش برینداربوون.
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە کورە ئەتۆمییەکان، ئەوەش مەترسی تیشکدانەوەی دروست کردووە. سەبارەت بە ئەو بابەتە، رافایل گرۆسی، سەرۆکی رێکخراوی چاودێری ئەتۆمی نەتەوەیەکگرتووەکان، بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانی راگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندی ئەتۆمی نەتانز، بەشی سەرەوەی ناوەندی پیتاندنی لەناوبردووە، ئەوەش بووەتە هۆی تیشکدانەوەی کیمیایی، بەڵام کۆنترۆڵکراوە.
بەپێی وتەی بەرپرسێکی ئەمەریکی کە قسەی بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز کردووە، هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە یارمەتی ئیسرائیلیان داوە بۆ بەرپەرچدانەوەی موشەکەکانی ئێران، ئەوەش لە کاتێکدایە عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند: هەر وڵاتێک پاڵپشتی ئیسرائیل بکات، لەلایەن ئێرانەوە دەکرێتە ئامانج.
چاوەڕێ ناکرێت بەمزووانە ئاگری نێوان ئێران و ئیسرائیل بکوژێتەوە، ئەوەی پسپۆڕان پێشبینی دەکەن ئەوەیە شەڕەکە بەردەوامی دەبێت، بە ناچاری ئەمەریکاش بەشدار دەبێت، چونکە پێشبینی ناکرێت ئەمەریکا و ئێران لە دانوستانەکانیان سەبارەت بە بەرنامەی ئۆمی ئێران بەردەوام بن، کە بڕیار بوو سبەینێ لە میرنشینی عوممان ئەنجامبدرێت.