سبەی
گوڵستان کڵچ کۆچییغیت، جێگری فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەیەوێت لەگەڵ بارزانی و تاڵەبانییەکان و مەزڵوم عەبدی کۆ ببێتەوە و دەڵێت: "ئەمە ئێجگار گرنگ دەبێت بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی".
گوڵستان کڵچ کۆچییغیت ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی حوزەیرانی 2025 لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند: پێویستە بەر لەوەی پەرلەمانی تورکیا بکەوێتە پشووەوە، ئەو لیژنەیە پێک بهێندرێت کە تەواوی پارتە سیاسییەکان داوای دەکەن بە مەبەستی ڕەخساندنی زەمینەسازیی یاسایی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە.
گوڵستان کڵچ کۆچییغیت بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی ناکرێت چیدیکە پەرلەمانی تورکیا بێدەنگی و خەمسار بێت و هەنگاو نەنێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، دەڵێت: "بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی ئێجگار گرنگ دەکەوێتە ئەستۆی پەرلەمانی تورکیا بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و زۆری نەماوە پشووی پەرلەمان دەست پێ بکات، بۆیە پێویستە دەستبەجێ ئەو لیژنەیە پێکبهێندرێت کە تەواوی پارتە سیاسییەکان داوای دەکەن بە مەبەستی ڕەخساندنی زەمینەسازیی یاسایی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە".
ناوبراو بە پێویستی دەزانێت چی زووە لیژنەکە پێکبهێندرێت و لە وەرزی پشووی پەرلەماندا لیژنەکە بەردەوام بێت لە کارەکانی و ئامادەکاری تەواوی یاسایی بکات بۆ وەرزی نوێی یاسادانان، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و دەڵێت: "پێویستە نوێنەرانی سەرجەم پارتە سیاسییەکان ڕۆڵیان هەبێت لە پێکهێنانی لیژنەکەدا و لیژنەکەیش بە ئەرکەکانی خۆی هەڵبستێت".
گوڵستان کڵچ کۆچییغیت بە پێویستی دەزانێت کە وەک ئەوەی ئۆجەلان داوا دەکات ڕێگە بە ڕۆشنبیران، ڕۆژنامەنووسان، ژنان و نوێنەرانی پارتە سیاسییە جیاوازەکان بدرێت کە سەردانی ئۆجەلان بکەن و جەختیش لەسەر گوتەکانی دوێنێی ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی دەکاتەوە و دەڵێت: "ئۆجەلان دەیەوێت لەگەڵ تاڵەبانی، بارزانی و (مەزڵوم) عەبدی کۆ ببێتەوە و ئەمەیش ئێجگار گرنگ دەبێت بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی ".
ئەو گەورە بەرپرسەی دەم پارتی بە توندی ئیدانەی دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانییەکانی جەهەپەی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ئەمە سزادانی دەنگدەرانە.
گوڵستان کڵچ کۆچییغیت داوا لە وڵاتانی جیهان، نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا دەکات هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە و هێرشەکانیش بە "کۆمەڵکوژی" ناو دەبات.