گەڕان بەدواى پێشنیازى نوێدا؛ یەکێتى ناکۆکییەکان لەگەڵ پارتى لەسەر دابەشکردنى پۆستەکانى کابینەى نوێ ئاشکرادەکات

#یەکێتى#پارتى#کابینەى نوێ
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • سەعدی ئەحمەد پیرە: لەکاتی دابەشکردنی پۆستەکان، ئەو پۆستانەی کە پارتی دەیەوێت پۆستی شەراکەت نییە پۆستی حاکمیەتە، یەکێتیش حاکمیەتی موشتەرەکی قبووڵە بەڵام حاکمیەتی کەسی تری قبووڵ نییە و ئەمەش کێشەکەیە کە ئومێد دەکەین لە ماوەیەکی کورتدا بتوانین بگەینە ئەنجامێکی باشتر.
Primary Asset

سبەى

یەکێتى ناکۆکییەکان لەگەڵ پارتى لەسەر دابەشکردنى پۆستەکانى کابینەى نوێ ئاشکرادەکات، لەکاتێکدا دواى نزیکەى هەشت مانگ لە بەرێوەچوونى هەڵبژاردن هێشتا دانوستانەکانیان بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ نەگەیشتوونەتە ئەنجام.

رۆژى 21 ى ئایار، دواى زیاتر لە 20 رۆژ لە وەستانى دانوستانەکانیان بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەت، هەردوو شاندى دانوستانکارى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە هەولێر کۆبوونەوە. لەو کاتەوە دانوستانەکانى هەردوو حزب وەستاوە و دیار نییە کەى دەستپێدەکاتەوە.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بە پێگەى کوردپرێسى ئێرانى راگەیاند، "گفتوگۆکانی ئێمە و پارتی لەسەر پێکهێنانی حکوومەت بەردەوامن،  هەردوولامان ڕازین لەسەر ئەوەی کە ئێمە شەریکی یەکتر بین".

وتیشى "بەڵام لەکاتی دابەشکردنی پۆستەکان، ئەو پۆستانەی کە پارتی دەیەوێت پۆستی شەراکەت نییە پۆستی حاکمیەتە، یەکێتیش حاکمیەتی موشتەرەکی قبووڵە بەڵام حاکمیەتی کەسی تری قبووڵ نییە و ئەمەش کێشەکەیە کە ئومێد دەکەین لە ماوەیەکی کورتدا بتوانین بگەینە ئەنجامێکی باشتر".

وتەبێژى یەکێتى دەشڵێت، هەردوولا خەریکی ئەوەن کە پێشنیازی گونجاوتر بۆ بەرنامەی پێکەوە حوکمڕانیکردن بدۆزنەوە کە هەردوولا ڕازی بکات.

"تا ئەو کاتەی بەرنامەیەک نەبێت کە هەردوولامان ڕازی بکات بێهوودەیە بڵێین بەڵێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەتی نوێنەرانی عێراق دەبێت پێکبهێنرێت"، سەعدى پیرە وایوت.

لەدوايين کۆبوونەوەى نێوانیان، یەکێتى بەفەرمى داواى پۆستى سەرۆکى هەرێم و وەزارەتى ناوخۆى خستنە بەردەم پارتى، لەکاتێکدا ئەو حزبە ئەو دوو پۆستە بە پشکى خۆى دادەنێت، ئەوەش بەوتەى سەرچاوەیەکى باڵا لە یەکێتى نیشتیمانى کوردستان کە دواى کۆبوونەوەکە بۆ سبەى ئاشکرایکردبوو.

بەڵام قوباد تاڵەبانى سەرۆکى شاندى دانوستانکارى یەکێتى رۆژى 26 ى ئایار لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان ئاماژەى بەوەدا، "رەنگە لە کۆبوونەوەى داهاتوو داواکارى نوێمان هەبێت، ئەوان رەنگە بڵێن ئەمەمان پێباشە، ئێمە رەنگە سبەینێ شتێکى دیکەمان پێ باش بێت، بۆیە ئەوەى بڵاوبووەتەوە نەگۆڕ نییە و لەکۆبوونەوەى داهاتوو بەلاتانەوە سوپرایز نەبێت ئەگەر یەکێتى هەندێ داواکارى دیکەى هەبێت".

بەپێى بەدواداچوونى سبەى، پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە هەشت پۆستى باڵاى کابینەى داهاتوو، تەنها لەسەر دابەشکردنى پۆستەکانى سەرۆکى حکومەت و جێگرەکەى هاوڕان و لەسەر ئەوانەى دیکە ناکۆکن، ئەوەش دانوستانەکانى خستووەتە قۆناغێکى نوێوە.

ئارى هەرسین بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژى 26 ى ئایار لە لێدوانێکیدا بۆ سبەى رایگەیاندبوو، لەگەڵ یەکێتى ناکۆکى لەنێوانیان نییە لەبارەى پێکهێنانى حکومەت، بەڵام پێویستە بەیەکەوە لەسەر چەند پرسێک قسە بکەن.

وتیشى "ئەگەر پڕۆسەکە هەمووى کۆبکەیتەوە و لەسەر 100 قسە بکەیت، ئێمە 80% رێککەوتووین لەسەر زۆر شت، بەشێکى کەمى ماوە کە لە رێگەى دانوستانەوە چارەسەر دەکرێت".

بەردەوامى ناکۆکییەکانى پارتى و یەکێتى، دواى نزیکەى هەشت مانگ لە هەڵبژاردن چارەنوسى پێکهێنانى کابینەى نوێى بەنادیارى هێشتووەتەوە، سەربارى پەکخستنى پەرلەمانى نوێ بۆ ماوەى زیاتر لە شەش مانگ، لەکاتێکدا هەردوو حزب دوو مانگ لەمەوبەر گەیشتنە رێککەوتن لەسەر رەشنوسى پێکهێنانى کابینەکە.

لەدوایین هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، پارتى 39 کورسی بەدەستهێنا لەبەرانبەر 23 کورسی بۆ یەکێتى و هیچ لایەکیان بەتەنها ناتوانن حکومەت پێکبهێنن.

لەپێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، بەرپرسانی یەکێتی جەخت لە "گەڕانەوەی هاوسەنگی هێز و شەراکەت" دەکەنەوە، بەرپرسانی پارتیش جەخت لە پێکهێنانی "حکومەتێکی بەهێز" لەسەر بنەماى یەک حکومەت و یەک پێشمەرگە و یەک پەرلەمان دەکەنەوە.

لە ھەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمان، پارتی دیموکراتی کوردستان 45 کورسی، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان 21 کورسی، بەدەستھێنا و بەھاوبەشی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان کە 12 کورسی پەرلەمانی هەبوو، هەروەها سۆسیالست و پێکهاتەکانی تورکمان و مەسیحی، کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمیان پێکھێنا، پۆستی سەرۆک وەزیران لەلای پارتی و جێگری سەرۆک وەزیران لای یەکێتی بوو، ھەروەھا نۆ وەزارەت لای پارتی، پێنج وەزارەت یەکێتی و چوار وەزارەتیش لای بزووتنەوەی گۆڕان بوون، مەسیحییەکان و سۆسیالستیش هەریەکە و وەزارەتێکیان بەرکەوتبوو.

ھەر لە کابینەی نۆیەمدا سێ پۆستی وەزیری ھەرێم ھەبوون، کە بریتیی بوون لە وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بۆ یەکێتی، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان بۆ پارتی، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان درایە بەرەی تورکمانی.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی