پارتەکانی ئایندە، دەڤا و سەعادەت یەک دەگرن

#ئایندە#دەڤا#سەعادەت#ئاک پارتی#تورکیا
6 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 مانگ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • هەرچەند لە دوایەمین هەڵبژاردنە گشتییەکانی تورکیا ئەو سێ پارتە پاشخان ئیسلامییە توانییان بەیەکەوە 45 کورسیی پەرلەمان بە دەست بهێنن، بەڵام بە هۆی کۆچی دواییکردنی پەرلەمانتارێک و دەستلەکارکێشانەوە و سەنگەرگواستنەوەوە تەنیا 30 پەرلەمانتاریان ماوە.
Primary Asset

وێنە: میدیاکان

سبەی

دوای ئەوەی دوو هەفتە لەمەوبەر هەریەک لەو سێ پارتە پاشخان ئیسلامییە لە پەرلەمانی تورکیا یەکیان گرت، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا لەژێر ناوێکی نوێدا یەک بگرن و هەمان رۆژی یەکگرتنەکەیش سەرۆکی گشتیی هەرسێ پارتەکە پێکەوە رای گشتی لێ ئاگادار بکەنەوە.

هەریەک لە پارتیی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) بە سەرۆکایەتی عەلی باباجان و پارتیی ئایندە بە سەرۆکایەتی ئەحمەد داودئۆغڵو لە ئاک پارتیی دەسەڵاتداری تورکیا جیا بوونەتەوە و ئەوەی دیکەیشیان پارتیی سەعادەتە بە سەرۆکایەتیی مەحمود ئاریکان کە لەگەڵ ئاک پارتی سەر بە هەمان قوتابخانەی فکرین و رەگ و ریشەیان بۆ پارتیی فەزیڵەت و پارتیی رەفاه دەگەڕێتەوە.

دوای چەندین دیدار و کۆبوونەوە دوو هەفتە لەمەوبەر هەرسێ پارتەکە کە خاوەن ژمارەیەک کورسین لە پەرلەمان بڕیاریاندا لەژێر یەک چەتردا کۆ ببنەوە و بەرەیەکی بەهێز پێکبهێنن بەرامبەر بە ئاک پارتیی دەسەڵاتدار و ئەو حزبانەی لە هاوپەیمانی جومهوردا پشتیوانی لە حکومەتەکەی ئاک پارتی دەکەن.

چوونە ژێر یەک چەتری ئەو سێ پارتە لە پەرلەمان دوای ئەوە هات، نەدیم یەماڵی، پەرلەمانتاری پارتیی ئایندە بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد داودئۆغڵو دەستی لە پارتەکەی کێشایەوە و سەنگەری گواستەوە ناو ئاک پارتی.

هەر ئەوکات بەشێک لە چاودێران ئاماژەیان بەوەدا ئەمە دەبێتە قۆناغی یەکەم بۆ یەکگرتنەوەی ئەو سێ پارتە و دواتر لە چوارچێوەی پارتێکی سیاسی یەکگرتوودا درێژە بەکارەکانیان دەدەن.

ئەو لیژنەیەی لەلایەن ئەو سێ پارتەوە پێکهێندراوە لە دوا قۆناغی کارەکانی خۆیدایە و رۆژنامەی سۆزجو ئاماژە بەوەدەدات بە ئەگەری زۆرەوە ناو لە پارتە نوێکە دەنرێت "رێگای نوێ" و ناوی پارتی لەگەڵدا بەکار ناهێندرێت، ئەوا لە کاتێکدایە دوو هەفتە لەمەوبەر کەناڵی تەگەرەتە بڵاوی کردبووەوە ئەو سێ پارتە لەژێر ناوی "پارتیی یەکگرتوو لەپێناو دیموکراسی" یەک دەگرن. 

کەسێک کە پەرلەمانتار نییە دەبێت بە سەرۆکی گشتیی پارتەکە

هەریەک لەو پارتانە 13 کەس دیاری دەکات وەک ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پارتەکە. 

لە کاتێکدا سەرۆکی گشتیی زۆربەی ئەو پارتە سیاسییانەی کورسییان هەیە لە پەرلەمان، پەرلەمانتارن؛ بەڵام ڕۆژنامەی سۆزجو ئاماژە بەوە دەدات کەسێک دەکرێت بە سەرۆکی گشتیی پارتەکە کە پەرلەمانتار نییە.

زۆربەی پەرلەمانتارانی ئەو سێ پارتە داواکارییەک پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەن بۆ ئەوەی بە ناوی ئەو پارتە نوێیەوە بەردەوامی بدەن بە کارەکانیان و فراکسیۆنی ئەو پارتە نوێیە لە پەرلەمان پێکبهێنن.

بەرنامە بۆ ئەوە دانراوە داواکاری بۆ دامەزراندنی پارتە نوێیەکە لە 10 یان 13ی کانونی دووەم پێشکەشی وەزارەتی ناوخۆ بکرێت. 

چاوەڕێ دەکرێت دواتریش سەرۆکی گشتیی هەرسێ پارتەکە بە یەکەوە گوتار پێشکەش بکەن و ڕای گشتی لێ ئاگادار بکەنەوە.

ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ئەو سێ پارتە ناڕازین

ئێستا پارتیی سەعادەت نۆ پەرلەمانتار، پارتیی ئایندە نۆ پەرلەمانتار و پارتیی دەڤا 12 پەرلەمانتاریان ماوە و سەنگەریان نەگواستوەتەوە. بەڵام بەپێی زانیارییەکان لە هەریەک لەو پارتانەدا 1-2 پەرلەمانتار هەر بە ناوی پارتەکانی خۆیانەوە بەردەوامی دەدەن بە کارەکانیان و دژی ئەو یەکگرتنەن. باس لەوەش دەکرێت هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی چەندین پەرلەمانتاریش لە پارتیی ئایندە و پارتی دەڤا هەر بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە.

بریکاری سەرۆکی گشتیی فراکسیۆنی ئایندە-سەعادەت و پەرلەمانتاری پارتیی ئایندە لە بازنەی ئیستانبوڵ، عیسا مەسیح شاهین بە ئاژانسی هەواڵی ANKAی ڕاگەیاندووە سەرۆکی گشتیی پارتەکەی لەوە ئاگادار کردووەتەوە کە ناچێتە ناو پارتە نوێیەکە.

دوو هەفتە لەمەوبەر پەرلەمانتاران موستەفا یەنەرئۆغڵو، دوێنێ بوراک داڵگن و ئەمڕۆیش پەرلەمانتار سەلما عالییە کاڤاف دەستیان لە پارتی دەڤا کێشایەوە. 

بە هۆی ئەوەی دوو هەفتە لەمەوبەر پەرلەمانتار نەدیم یاماڵی دەستی لە پارتیی ئایندە کێشایەوە، فراکسیۆنی سەعادەت-ئایندە هەڵوەشایەوە. چونکە بوون بە فراکسیۆن لە پەرلەمانی تورکیا پێویستی بە 30 کورسییە. بەڵام دوای ئەوەی هەریەک لە پەرلەمانتارانی پارتیی دەڤا محەمەد ئەمین ئەکمەن و ئێرتوغروڵ کایا چوونە ناو پارتیی سەعادەت جارێکی دیکە فراکسیۆنەکە پێک هێندرایەوە. 

پارتیی سەعادەت

دوای داخستنی پارتیی فەزیڵەت لە لایەن دادگای دەستوورییەوە، لە 20ی تەمووزی 2001 لە لایەن نەجمەدین ئەربەکان و رەزایی کوتان دامەزرێندرا و توانی لە دواهەمین هەڵبژاردنی گشتیدا کە لە 14ی ئایاری 2023 ئەنجام درا ببێتە خاوەنی 20 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا.

هەروەها باڵی نوێخوازی پارتیی فەزیڵەت لەبری ئەوەی بچنە ناو ریزەکانی پارتیی سەعادەت کە مێژووی هاوبەشیان بۆ پارتیی رەفاه دەگەڕێتەوە، پارتیی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی)یان لە 2002 دامەزاند.

تا ئێستا ئەم پارتە دووجار توشی لێکترازان بووە و پارتیی دەنگی گەل لە 2010 و پارتیی سەرلەنوێ رەفاه بە سەرۆکایەتی محەمەد فاتیحی کوڕی نەجمەدین ئەربەکان لە 2018 لێی جیابوونەتەوە.

ئەو پارتە وەک پارتێکی راست و هەڵگری ئایدۆلۆژیای ئومەتی ئیسلامی و دژەزایۆنیزم خۆی پێناسە کردووە.

پارتیی دیموکراسی و پێشکەوتن

لە 2020 بە سەرۆکایەتیی عەلی باباجان، جێگری پێشووتری سەرۆکوەزیرانی تورکیا دامەزرێندرا و توانی لە دواهەمین هەڵبژاردنی گشتیدا ببێتە خاوەنی 15 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا.

ئەو پارتە وەک پارتێکی راستی میانڕەو هەڵگری ئایدۆلۆژیای لیبڕاڵی نەریتخواز، نیولیبڕاڵی و دادپەروەری کۆمەڵایەتییە.

پارتیی ئایندە

لە 12ی کانوونی یەکەمی 2019  لە لایەن ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا و سەرۆکی گشتیی پێشووی ئاک پارتی دامەزرێندرا.

پارتەکە وەک پارتێکی راست و وەک هەڵگری ئایدۆلۆژیای لیبڕاڵی نەریتخواز خۆی پێناسە دەکات.

پارتیی ئایندە توانی لە دواهەمین هەڵبژاردنی گشتیدا ببێتە خاوەنی 10 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا، بەڵام بۆ دامەزراندنی فراکسیۆنێکی هاوبەش لەگەڵ پارتیی سەعادەت، لەنێو فراکسیۆنی پارتیی سەعادەتدا چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی