سبەى
نوێنەرى شۆفێرانى ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لە سلێمانى رایگەیاند: بە بڕیارى بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە ئەمڕۆوە ئۆتۆمبێلەکان بەمەرجى پابەندبوون بە یاساکانى هاتوچۆ دەتوانن بچنەوە سەر شەقامەکان، ئەوەش دواى نزیکەى مانگێک لە قەدەغەکردنى هاتوچۆى ئۆتۆمبێلەکان بەبڕیارى لیژنەى باڵاى ئەمنى سلێمانى.
سەرەتاى مانگى رابردوو لیژنەى باڵاى ئەمنى سلێمانى بڕیاریدا هاتوچۆى ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان قەدەغە بکات و دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەکاندا بگیرێت، ئەوەش کاردانەوەى زۆرى خاوەنى ئۆتۆمبێلەکانى بەدواى خۆیدا هێنا و رۆژى سێشەممە خاوەنى ئۆتۆمبێلەکان لە سلێمانى رژانە سەر شەقام و بۆ ماوەى چەند کاتژمێرێک هاتوچۆیان لەبەردەم بیناى پارێزگارى سلێمانى داخست، خۆپیشاندانەکە گرژى لێکەوتەوە و نزیکەى 20 کەس دەستگیرکران.
نوێنەرى شۆفێرانى ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لە سلێمانى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەگەڵ بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى کۆبوونەتەوە و بڕیاردراوە رێوشوێنەکانى قەدەغەکردنی ئۆتۆمبێلەکان بەشێوەیەکى کاتى رابگیرێن تا بڕیارى کۆتایی لەبارەیانەوە دەردەچێت.
لەکۆبوونەوەکەدا هەروەها بڕیاردرا لیژنەیەک بە نوێنەرایەتى نوێنەرى سەرۆکى یەکێتى، نوسینگەى جێگرى سەرۆکى حکومەت و بەشى یاسایی بۆ دۆزینەوەى میکانیزمى یاسایی بۆ چارەسەرى کێشەى ئۆتۆمبێلەکان پێکبهێنرێت.
لەماوەى زیاتر لە مانگێک لە جێبەجێکردنى بڕیارى لیژنەى ئەمنى، چەندین ئۆتۆمبێلى بێسەرەتا دەستیان بەسەرداگیرا، بەڵام نوێنەرى شۆفێرى ئۆتۆمبێلەکان دەڵێت لەمڕۆوە ئۆتۆمبێڵانەى دەستیان بەسەردا گیراوە ئەگەر تاوانیان پێ ئەنجامنەدراوە دەدرێنەوە خاوەنەکانیان.
جەختیشیکردەوە، هەر بەپێی بڕیارەکە کڕین و فرۆشتن لە پێشانگاکان بەو ئۆتۆمبێلانەوە قەدەغە دەکرێت تا بریارى کۆتایی لەبارەیانەوە دەردەچێت و پێویستە شۆفێران پابەندى یاسا و رێنماییەکانى هاتوچۆ بن.
تا ئێستا بەرپرسانى هاتوچۆ و لیژنەى ئەمنى سلێمانى هیچ رونکردنەوەیەکیان لەو بارەیەوە نەداوە، سبەى پەیوەندى بە هەڤاڵ ئەبوبەکر سەرۆکى لیژنەى باڵاى ئەمنى سلێمانییەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ قسەیەک لەو بارەیەوە بکات.
لە سەرەتای دەستپێكردنی هەڵمەتی هێزە ئەمنییەكان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلە بێسەرەتایانەی لە پارێزگای سلێمانی هەن، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند: بابەتەكە لەژێر چارەسەردایە و بۆچوونی خۆمان بە ئاشكرا بە لایەنە پەیوەندیدارەكان وتووە.
بەپێی ئەو داتایانەی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە دەست "سبەی" كەوتوون، ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان ژمارەیان 63 هەزار ئۆتۆمبێل زیاترە لە هەرێمی كوردستان، 35 هەزاریان شاهینە و مەلیكەن و نرخیان لەنێوان چوار هەزار بۆ شەش هەزار و 500 دۆلارە و زۆربەیان لە پارێزگای سلێمانین.
بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆی هەرێم لە 90%ی ئەو ئۆتۆمبێلانە مەرجی سەلامەتییان تێدا نیە، چونكە پێش هاوردەكردنیان بڕاونەتەوە و دواتر چاك كراونەتەوە.
پێشتر سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان، "تائێستا هیچ بڕیارێك نییە لەبارەی ئەو ئۆتۆمبێلانە، بەڵام ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێسەرەتان هەموو كات ئەگەری دەستبەسەرداگرتنیان هەیە، چونكە هیچ بەڵگەنامەیەك نییە خاوەندارێتی ئەو ئۆتۆمبێلانە بسەلمێنێت".
هێنانی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا پێشتر لە ساڵی 2003 روویداوە، كاتێك رژێمی پێشووی عێراق روخێنرا، بە هەزاران ئۆتۆمبێل لە شارەكانی دیكەی عێراقەوە هێنرانە هەرێم و دواتر وەزارەتی ناوخۆی هەرێم مۆڵەتی هاتوچۆپێكردنی لەژێر ناوی ئاڕم پێ بەخشین.