دواى بێهیوابوونى لە عێراق، هەرێم پلانێکى نوێى بۆ وەرگرتنى گەنمى جوتیاران راگەیاند

#وەزارەتى کشتوکاڵ#وەرگرتنى گەنم
11 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 10 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیدا لەسەر کۆنووسی پێشنیارکراوی ليژنەی بالای تایبەت بە ساغکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، بەهەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەوەرگرتنی گەنم لە جوتیاران بەپێی ئەو بڕە گەنمەی کە ماوە لە کوردستان، بەمەرجێک بە پێی (مواسەفات)ی عێراقی بێت.
Primary Asset

حکومەتى عێراق بۆ ئەمساڵ 400 هەزار تۆن گەنمى لە جوتیارانى هەرێمى کوردستان وەرگرت، کە 300 هەزار تۆنى لە ساڵى رابردوو کەمتر بوو

سبەى

وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانى هەرێمى کوردستان پلانێکى نوێى بۆ وەرگرتنى گەنمى جوتیاران راگەیاند، ئەوەش دواى بێ ئەنجامى هەوڵەکان بۆ وەرگرتنى سەرجەم بەرهەمى گەنمى ئەمساڵ لەلایەن عێراقەوە.

بەپێی راگەیەنراوێکى وەزارەتەکە کە دەست “سبەى” کەوتووە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیداوە لەسەر کۆنووسی پێشنیارکراوی لێژنەی بالای تایبەت بە ساغکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، بەهەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەوەرگرتنی گەنم لە جوتیاران بەپێی ئەو بڕە گەنمەی کە ماوە لە کوردستان، بەمەرجێک بە پێی (مواسەفات)ی عێراقی بێت.

رونیشیکردووەتەوە، بۆ هەر تەنێکی گەنمی پلە یەک نرخەکەی 550 هەزار دینار، بۆ گەنمی پلە دوو بۆ هەر تەنێک بڕی 525 هەزار دینار دیاریکراوە، پێویسته جوتیار پشتگیری بنکەی کشتوکاڵی و بڕی گەنمی وەرگیراو لە سایلۆکان پێ بێت و بڕی گەنمی وەرنەگیراویش تۆمار کرابێت.

پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمەکە لە ماوەی (یەک مانگ )دەبێت، لە رێکەوتی 15/7/2025 دەستپێدەکات، شایستە داراییەکانی جوتیاران لە ماوەی (دوو مانگ) دابەشدەکرێت لە رێکەوتی وەرگرتنی گەنمەکە، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوەکە.

دەشڵێت، ئەم پرۆسەیە لە لایەن پڕۆژەی نیشتیمانی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لەلایەن هەر دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەت لەسایلۆکانی (خۆشناو و قەیوان )جێبەجێدەکرێت، بە چاودێری و هەماهەنگی لیژنەی بالای وەرگرتنی گەنمی ناوخۆی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، وەک پاڵپشتیەک بۆ ساغکردنەوەی ئەو بڕە گەنمەی جوتیاران لەدوای پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی عێراق دیاری کرابوو.

حکومەتى عێراق بۆ ئەمساڵ 400 هەزار تۆن گەنمى لە جوتیارانى هەرێمى کوردستان وەرگرت، کە 300 هەزار تۆنى لە ساڵى رابردوو کەمتر بوو. نرخى هەر تۆنێک گەنم کە بەشێوازى پێشکەوتووى ئاودێرى بەرهەمهێنرابێت بە 800 هەزار دینار دیاریکراوە، لەبەرانبەر 800 هەزار دینار بۆ شێوازى کۆن.

پێشتر بێگەرد تاڵەبانى وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێم لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسیدا و لە وەڵامى پرسیارى پەیامنێرى سبەى ئاماژەى بەوەکردبوو، لە هەوڵى بەردەوامدان بۆ ئەوەى عێراق سەرجەم گەنمى هەرێم وەربگرێت، ئەگەر هەمان مامەڵە لەگەڵ جوتیارانى هەرێمى کوردستان نەکرێت، دەبێت کەرتى تایبەت بریار لەسەر کڕینەوەى گەنمى جوتیاران بدات.

بەپێی ئامارەکتانى وەزارەتى کشتوکاڵ، بەرهەمى ساڵانەى گەنم لە هەرێمى کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک تۆنە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆى کاریگەرى وشکەساڵییەوە ئەو بڕە رووى لە کەمبوونەوەى بەرچاو کرد.

حکومەتى عێراق ساڵى رابردوو شەش ملیۆن تۆن گەنمى لەسەرتاسەرى عێراق و هەرێمى کوردستان لە جوتیاران وەرگرت، پاساوى کەمکردنەوەى بڕى وەرگرتنى گەنمیشى بۆ ئەمساڵ گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەى کە زیاتر لە نیوەى ئەو بڕەى ساڵى رابردوو وەرگیراوە لە سایلۆکان ماوەتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی