هاوسەرکانی شارەوانی ئاکدەنیز
سبەی
دوای دەستگیرکردنی هاوسەرۆک و سێ ئەندامی شارەوانی ئاکدەنیز لە مێرسین، قەیوم لە جێگەیان دانرا و هاوسەرۆکانی شارەوانییەکەش زیندانی دەکرێن.
دوای ئەوەی رۆژی 10ی ئەم مانگە، پۆلیس هەڵیکوتاسەر سەر چەند ماڵێک لە قەزای ئاکدەنیزی مێرسین و هۆشیار ساری یەڵدز و نوریە ئاسڵان هاوسەرۆکانی شارەوانی و سێ ئەندامی دیکەی شارەوانییەکەی دەستگیرکرد کە سەرجەمیان سەر بە دەم پارتیین و لە هەڵبژاردنەکاندا متمانەی دەنگدەرانیان وەرگرتووە، دوو رۆژ دواتر و دوێنێ یەکشەممە برانە بەردەم دادگا و بڕیاری دەستەبەسەرییان بۆ دەرچوو، ئەمڕۆش وەزارەتی ناوخۆی تورکیا زەیت شەنەر قائیمقامی قەزای ئاکدەنیزی وەک قەیوم بۆ سەرۆکی شارەوانی قەزاکە دەستنیشان کرد.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند: جگە لە هاوسەرۆکانی شارەوانی، سێ ئەندامی دیکەی شارەوانییەکەش دەستگیرکراون.
داوای دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی شارەوانی قەزای ئاکدەنیز و سێ ئەندامی دیکەی ئەنجومەنەکە، رەوانەی بەردەم داواکاری گشتی ناوچەکە کران، داواکاری گشتی تۆمەتی "ئەندامێتی، پڕوپاگەندە، پارەدارکردنی رێکخراو" مەبەستی "پەکەکە"ی ئاڕاستەکردن و تۆمەتباری کردن بە سەرپێچی کردنی یاسا کارپێکراوەکانی ئەو وڵاتە بەتایبەتی یاسای ژمارە 2911ـی تورکیا.
داوای ئاڕاستەکردنی تۆمەتەکان لەلایەن داواکاری گشتییەوە، دادگای تاوانەکانی مێرسین فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هۆشیار ساری یەڵدز و نوریە ئاسڵان و سێ ئەندامی دیکەی شارەوانی ئاکدەنیز دەرکرد و هەمان تۆمەتی ئاڕاستە کردن.
ئیبراهیم کایا، هاوسەرۆکی لقی مێرسینی کۆمەڵەی پارێزەران بۆ ئازادی لە مێرسین لەبارەی بڕیارەکەی دادگاوە رایگەیاند: بڕیاری دەستگیرکردنی هاوسەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی نایاساییە، ئەوەی دادگا دەیکات جگە لە شانۆگەرییەک هیچی تر نییە، چونکە پێشتر بڕیاری دوورخستنەوەی هاوسەرۆکانی شارەوانی دراوە.
هەر لەو بارەیەوە، بەدریە کوش هاوسەرۆکی دەم پارتی لە مێرسین رایگەیاند: بە بڕیارێکی سیاسی هاوڕێکانمان دەستگیر کراون، بە بیانووی درۆ و پووچ، پێویستە دەستبەجێ ئەم بڕیارە نایاساییە هەڵبوەشێنرێتەوە، ئێمە لە پشت خەباتی هاوڕێکانمانەوە وەستاوین.
دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی شارەوانییەکی مێرسین لەکاتێکدایە، ماوەیەک باس لە دووبارە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەکرێت و دوای بانگەوازێکی دەولەت باخچەلی هاوسەرۆکی مەهەپە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان، شاندی دەم پارتی لە زیندانی ئیمرالی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان کرد و لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە گفتوگۆیان کرد، دواتر پەیامێکی ئۆجەلانیان بۆ رای گشتی و دەسەڵاتدارانی تورکیا بڵاوکردەوە.
دوای سەردانی ئۆجەلان لە زیندان، شاندی دەم پارتی لەگەڵ زۆربەی پارت و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی تورکیا کۆبونەوە، دواتر سەردانی هەریەک لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپەیان کرد لە زیندان و ئەوانیش پاڵپشتیی خۆیان بۆ پرۆسەی چارەسەری و بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەربڕی.
لە سەروبەندی کۆبوونەوە لەگەڵ پارتە سیاسییەکان، سەرچاوەیەک لە دەم پارتییەوە رایگەیاند: دوای كۆبوونەوە لەگەڵ پارتە سیاسییەكان، سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش کراوە كە ماوەی نۆ ساڵە لە گرتووخانەی ئەدیرنە زیندانی كراوە و پاشانیش شاندەکە کە پێکهاتوون لە سڕی سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان و ئەحمەد تورک، دەگەڕێنەوە لای ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمراڵی و ئەنجامی کۆبونەوە و گفتوگۆکانی پێ دەگەیەنن.