سبەی
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان جەخت دەکاتەوە کە کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان هیچ مانا و کاریگەرییەکی نییە، چونکە کارتی نوێی دەنگدان وێنەی دەنگدەری لەسەرە و پێویستە لە رۆژی دەنگداندا خۆی ئامادەبێت.
موهەنەد سەڕاف، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی نیمچەفەرمیی عێراقی راگەیاندووە: بۆ رۆژی دەنگدان پێویستە دەنگدەر خۆی ئامادەبێت لە بنکەکانی دەنگدان، ئەوەش دوای دڵنیابوونەوە لە پەنجەمۆر و وێنەی سەر کارتی دەنگدانەکەی، لە رێکەی کامێرای جێگیرکراوەوە کە دڵنیایی لە وێنەکان دەکاتەوە پرۆسەکە ئەنجامدەدرێت، هەروەها بۆ سەلماندنی ئەوەی کە هەڵگری کارتی دەنگدانەکە خودی دەنگدەرەکەیە.
بڕیارە رۆژی11ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، کۆمسیۆنی زۆرینەی قۆناغەکانی ئامادەکاریی تەواو کردووە و لە ئێستادا دوای تۆمارکردنی قەوارە و هاوپەیمانێتییەکان و کاندیدەکان، ووردبینی بۆ ناوی کاندیدانی هەڵبژاردنەکە دەکات.
پێشتریش کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان هۆشداریی دابوو، لە کڕین و فرۆشتن بە کارتی بایۆمەتری دەنگدانەوە و هەڕەشەی ئەوەی کردبوو، هەر کەسێک ئەوکارە بکات روبەڕووی سزای قورس دەبێتەوە، ئەگەر بسەلمێنرێت لیست یان کاندیدێک ئەوکارەیان کردووە، ئەوا لە پرۆسەکە دوور دەخرێنەوە.
لە چەند رۆژی رابردووشدا ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: بە رەچاوکردنی نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ رای گشتی روندەکەنەوە کە رێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر بۆ رێگریی لە روودانی هەر پێشێلکارییەک کە مەترسی لەسەر سەلامەتیی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن درووست بکات.
جەختی کردبوەوە، کە هەر کڕین و فرۆشتنێک بە کاردانی بایۆمەتریی دەنگدان یان هەر هەوڵێکی لەوشێوەیە، یان بەکارهێنانی دامەزراوە و کەرەستەکانی دەوڵەت بۆ مەبەستی هەڵبژاردن بە تاوان ئەژمار دەکرێت و بەپێی یاسای روبەڕووی سزا دەبێتەوە، جا ئەو کەسە دەنگدەر، کاندید، هاوپەیمانی یان هەر پارت و قەوارەیەکی سیاسی بێت.
کۆمسیۆن هۆشداریی دابوو، سەرەڕای گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان بەرامبەر ئەو کەسانەی کە هەر تاوانێکی هەڵبژاردنیان بەسەردا ساغ بێتەوە، ئەوا ئەو کەسەی سەرپێچی کردووە لە پرۆسەی هەڵبژاردن دوور دەخرێتەوە و متمانە لە قەوارە یان هاوپەیمانییەکەشی وەردەگیرێتەوە.