سبەی
دوای ئەوەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە کە ئێران لە ئامادەکاریدایە بۆ مینڕێژێکردنی گەرووی هورموز، گەورە بەرپرسانی ئەمەریکا هەواڵەکەیان پشتڕاست کردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەدەن بۆیان دەرکەوتووە مینی دەریایی لەسەر کەشتییە دەریایییەکانی ئێران بیندراون لە کەنداو.
ژمارەیەک بەرپرسی ئەمەریکی ئاماژەیان بەوەداوە بۆیان دەرکەوتووە مانگی ڕابردوو سوپای ئێران مینی دەریایی لە ژمارەیەک لەو کەشتییە ئێرانییانە بار کردووە کە چوونەتە کەنداو.
ئەمەیش نیگەرانی قوڵی ئەمەریکای لێ کەوتووەتەوە لە ترسی گەمارۆدانی گەرووی هورموز لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.
لەمبارەیەوە دوو گەورە بەرپرسی ئەمەریکی کە نەیانویستووە ناوی خۆیان ئاشکرا بکەن بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە کە دوای ئاراستەکردنی یەکەم موشەکی ئیسرائیل لە 13ـی حوزەیران، ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە.
ئامادەکاریی ئێران بۆ مینڕێژکردنی گەرووەکە ئاماژەیەکی جدییە کە ئێران بە نیازی داخستنی گەرووەکەیە کە یەکێکە لە ڕێگا بازرگانییە دەریایییە جیهانییە هەرە گرنگەکانی ئێران.
هەنگاوێکی لەم جۆرە دەبێتە هۆی ئەوەی گرژییەکان زیاتر تەشەنە بستێنن و گورزێکی گەورەیش بەر بازرگانیی جیهان دەکەوێت.
گواستنەوەی نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی سروشتی جیهان لە ڕێی ئەو گەرووەوەیە و چاوەڕێ دەکرێت بە داخستنی گەرووەکە نرخی وزە زۆر بەرز ببێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، دوای هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان بە ڕێژەی زیاتر لە سەدا 10 دابەزی.
هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە گەڕێندرایەوە کە بە هۆی پێکدادانەکانەوە کێشە بۆ خستنەبازاڕی وزە دروست نەبوو.
دوای ئەوەی ئەمەریکا لە 22ـی حوزەیران هێرشی ئاسمانی کردە سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران، پەرلەمانی ئێران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر داخستنی گەرووی هورموز، بەڵام Press TV کە کەناڵێکی حکومەتی ئێرانە ڕایگەیاند ئەم بڕیارە پابەندکەر نییە و بڕیاری کۆتایی لە دەست ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانە.
پێشتریش ئێران چەندین جار هەڕەشەی داخستنی گەرووەکەی کردبوو، بەڵام هیچ کاتێک داینەخست.
چ کاتێک ئێران مینە دەریایییەکانی گواستووەتەوە گەرووی هورموز؟
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بۆی دەرنەکەوتووە کە لە کاتی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەکتر چ کاتێک ئەو مینە دەریاییانە خراونەتە سەر کەشتییەکانی ئێران و ناشزاندرێت دواتر ئەو مینانە لە کەشتییەکان هێندراونەتە خوارەوە یان نا.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە نەداوە کە ئەمەریکا چۆن ئەوەی دەستنیشان کردووە کە کەشتییەکان مینیان هەڵگرتووە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئەم جۆرە زانیارییە هەواڵگرییانە لە ڕێگای گرتەکانی مانگی دەستکرد و سەرچاوە مرۆییە هەواڵگرییەکان، یان بە تێکەڵی لەگەڵ هەردووکیان کۆدەکرێنەوە.
لەمبارەوەیەوە سەرچاوەیەک لە کۆشکی سپی بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە بە هۆی سەرکەوتوویی دۆناڵد ترەمپ لەو هێرشەی بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەنجامی دا و ئەو گوشارانەی خستیە سەر حوسییەکانی یەمەن گەرووی هورموز بە کراوەیی هێڵدراوەتەوە و دەڵێت: "بەم جۆرە سەرلەنوێ ئازادیی بازرگانی دەریایی ڕێکخرایەوە و ئێرانیش زۆر لاواز کرا".
لای خۆیشیانەوە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەمبارەیەوە لێدوانیان نەدا.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە لەوانەیە ئێران بۆ ئەوە مینی دەریایی لە کەشتییەکان بار کردبێت تا بە ئەمەریکا بڵێت جدییە لە داخستنی گەرووی هورموز، لەوانەیشە ڕێوشوێنێکی سەربازیی ڕۆتینی بێت وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ ئەگەری دەرکردنی بڕیاری داخستنی گەرووی هورموز.
گرنگی گەرووی هورموز
ئەم گەرووە لەنێوان عوممان و ئێران هەڵکەوتووە و کەنداوی بەسڕا و کەنداوی عوممان بە دەریای عەرەبەوە دەبەستێتەوە.
پانتایی تەسکترین خاڵی گەرووەکە 34 کیلۆمەترە و پانتایی ڕێڕەوی بازرگانیی هەردوو لای هاتن و چوونیش لە تەسکترین خاڵیدا تەنیا 3.2 کیلۆمەترە.
زۆربەی نەوتی خاوی سعودیە، ئیمارات، کوێت و عێراق لە ڕێی ئەم گەروەوە دەگوازرێتەوە بازاڕەکانی جیهان. نزیکەی تەواوی گازی سروشتی قەتەر کە یەکێکە لە وڵاتانەی زۆرترین گازی سروشتی شلکراوە بەرهەم دەهێنێت لە ڕێی ئەم گەرووەوە دەگوازرێتەوە بازاڕە جیهانییەکان.
هەروەها ئێران بەشی زۆری نەوتەکەی خۆیشی لە ڕێی ئەم گەروەوە دەگوازێتەوە بۆ وڵاتان. بۆیە بە داخستنی گەرووەکە زیانێکی زۆری ئابووری بە خۆیشی دەگات. بەڵام ئێران چەندین ساڵە بە دوای سەرچاوەی دیکەدا دەگەڕێت تا بە داخستنی گەرووەکە دووچاری ئەو کێشەیە نەبێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی دامەزراوەی هەواڵگریی بەرگریی ئەمەریکا لە 2019 ئێران خاوەنی زیاتر لە پێنج هەزار مینی دەریاییە و دەتوانێت لە ڕێگای بەلەمە هێرشبەرە خێراکانی لە ماوەیەکی کەمدا ئەو بۆمبانە جێگیر بکات.
ترسی ئەمەریکا لە ئێران لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟
کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمەریکا بۆ پاراستنی بازرگانیی دەریایی ناوچەکە لە بەحرێن جێگیر کراوە و بۆ ئەو مەبەستەیش چوار کەشتیی دۆزینەوەی مین (MCM) سەر بە هێزە دەریایییەکانی ئەمەریکا لە بەحرێن بوون. بەڵام لەم ماوەیەی دواییدا کەشتیی دژەتانکی Littoral Combat Ship (LCS) جێی کەشتییەکانی (MCM) گرتووەتەوە.
بەرلەوەی ئەمەریکا هێرش بکاتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە بەرامبەر ئەگەری تۆڵەسەندنەوە، ئەمەریکا بە شێوەیەکی کاتی کەشتییە دژەتانکەکانی لە بەحرێن کشاندەوە. بەڵام بەرپەرچدانەوەی ئێران تەنیا هێرشی موشەکی بوو بۆ سەر بنکەی سەربازیی ئەمەریکا لە قەتەڕ.
لەگەڵ ئەوەیشدا بەرپرسانی ئەمەریکا بە هەستیاری مامەڵە لەگەڵ قۆناغەکەدا دەکەن و پێیان وایە لە داهاتوودا ئێران بە جۆرێکی دیکە دەیەوێت تۆڵەی هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکان لە ئەمەریکا بکاتەوە.