تەمەنی خانەنشینی .. عێراق دەیکاتەوە بە 63 و هەرێم بۆ 60 ساڵ کەمی دەکاتەوە

#خانەنشینی#خانەنشینان#63 ساڵ#60 ساڵ#مەسرور بارزانی
5 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 مانگ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • دوای زیاتر لە پێنج ساڵ لە کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە عێراق، مەسرور بارزانی فەرمانی کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 60 ساڵ دەردەکات
  • بە بڕیاری مەسرور بارزانی تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵەوە بۆ 60 ساڵ کەمدەکرێتەوە
  • پەرلەمانی عێراق لە هەوڵی هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی و گەڕاندنەوەی تەمەنی خانەنشینیە بۆ 63 ساڵ
Primary Asset

سبەی

دوای زیاتر لە پێنج ساڵ لە کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی و زیاتر 13 مانگ لە بڕیاری دادگای فیدراڵی و شەش مانگ لە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی فەرمانی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو دەردەکات و تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵەوە بۆ 60 ساڵ کەمدەکاتەوە، لەکاتێکدا پەرلەمانی عێراق لە هەوڵی هەموارکردنەوەی یاساکە و گەڕاندنەوەی تەمەنی خانەنشینیە بۆ 63 ساڵ.

رۆژی چوارشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، فەرمانێکی ئیمزاکردووە بۆ کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵەوە بۆ 60 ساڵ، ئەوەش وەک بەشێک لە پابەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق.

بەپێی فەرمانەکەی سەرۆک وەزیران، تەمەنی خانەنیشینی فەرمانبەرانی کوردستان دەکرێتە 60 ساڵ، لەکاتێکدا پێشتر 63 ساڵ بووە، هەروەها ماوەی خزمەت لە 15ساڵەوە زیاد دەکات بۆ 25 ساڵ بۆ كەسێك ئارەزومەندانە داواكاری خانەنشینی پێشكەش بكات، تەمەنی ئارەزوومەندانەی خانەنشینیش لە 45 ساڵەوە بەرزدەکرێتەوە بۆ 50 ساڵ، ئەگەر كەسێك ئارەزومەندانە بیەوێت خانەنشین بێت دەبێت 25 ساڵ خزمەت و 50 ساڵ تەمەنی هەبێت.

هەر لە فەرمانەكەی سەرۆکی حکومەتدا هاتووە هەرفەرمانبەرێك تەمەنی بەرۆژومانگ و ساڵ تەمەنی 60 ساڵی تەواوكرد پێویستە دەستبەجێ هەواڵەی خانەنشینی بكرێت.

فەرمانەکەی مەسرور بارزانی، جێبەجێکردنى یاساى خانەنشینى یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ـى ساڵى 2014 ى هەموارکراوە و تەواوى حوکمەکانى یاساکە دەخاتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق

یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق لە رۆژی 3/2/2014 لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرچووە و رۆژی 10/3/2014 لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق ژمارە 4314 بڵاوکراوەتەوە و کەوتوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەپێی یاساکە تەمەنی خانەنشینی لە عێراق 63 ساڵ بوو، بەڵام ساڵی 2019 یاساکە هەموار کرایەوە و گۆڕانکاریی لە ماددەی 10 کرا کە تایبەتە بە تەمەنی خانەنشینی و سێ ساڵ کەمکرایەوە و 60 ساڵ وەک تەمەنی خانەنشینی دیاریکرا لە حاڵەتی ئاساییدا، بە دەر لە حاڵەتی نائاسایی و نەخۆشی و پەککەوتن و خانەنشینی پێشوەختەی ئارەزوومەندانە، کە مەرج و رێکاری تایبەتی هەیە لە یاساکەدا.

لەکاتی دەرچوونی بڕیارەکەوە، یەکێتی خانەنشینان و پەرلەمانتاران و شارەزایانی یاسایی و دارایی هەرێمی کوردستان داوای جێبەجێکردنی یاساکە دەکەن، بەهۆی ئەوەی بە تەواوەتی لە بەرژەوەندی مووچەخۆران و خانەنشیانە، سەرەڕای چەندنی بڕگە و ماددەی تایبەت، کەمترین مووچەی خانەنشینی بە 400 هەزار دینار جێگیرکردووە، لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستان کەمترین مووچەی خانەنشینی 220 هەزار دینارە.

دوای 11 ساڵ لە دەرچوونی یاساکە و زیاتر لە پێنج ساڵ لە هەموارکردنەوەی بڕگەی تایبەت بە تەمەنی خانەنشینی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم بڕیاری جێبەجێکردنی داوە، لەوکاتەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پڕۆژەی هەموارکردنەوەی یاساکە ئامادەکراوە و پەرلەمانتاران دەیانەوێت تەمەنی خانەنیشینی بۆ 63 ساڵ بەرزبکەنەوە. 

عێراق تەمەنی خانەنشینی دەکاتەوە بە 63 ساڵ

لە ئێستادا گفتوگۆی چڕ لەسەر گۆڕینی تەمەنی خانەنشینی لەناو لیژنە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەردەوامە، بەپێی پڕۆژەیەک دووبارە تەمەنی خانەنشینی سێ ساڵ زیاد دەکرێت و دەبێتەوە بە 63 ساڵ.

پڕۆژە یاسایەک لە بەرنامەی کاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدایە، بۆ دووبارە هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، بە جۆرێک تەمەنی خانەنشینی بکرێتەوە بە 63 ساڵ، لەکاتێکدا ساڵی 2019 تەمەنی خانەنشینی کەمکراوەتەوە بۆ 60 ساڵ.

بەپێی ووتەی ژمارەیەک پەرلەمانتار؛ 90%ـی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران پشتیوانی ئەو پێشنیازە دەکەن، تەمەنی خانەنشینی بکرێتە 63 ساڵ، گفتوگۆ بەردەوامە بۆ ئەوەی لە 2025دا ئەو پڕۆژەیە تەواو بکرێت و تەمەنی خانەنشینی بەرز بکرێتەوە.

کەمکردنەوەی وادەی تەمەنی خانەنشینی یەکێک بوو لە بەرئەنجامەکانی خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی 2019. ئامانجی بڕیارەکە ڕەخساندنی دەرفەت بوو بۆ ئەوەی گەنجان دابمەزرێن.

دوای جێبەجێکردنی یاساکە، دامەزراوەکانی حکومەت روبەڕوی کەمی شارەزا و توانای ئیداری بوونەتەوە و بەشێک لە دامەزراوەکان داوایان بەرز کردەوە بۆ ئەوەی ماوەی تەمەنی خزمەتی کەسانی شارەزا و بە توانایان بۆ درێژ بکرێتەوە، بۆ ئەوەی زۆرتر لە دامەزراوەکان بمێننەوە.

محەمەد جاسم خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هاوڕایە لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، ئاشکرای دەکات: پێشتر تەمەنی خانەنشینی گۆڕانکاریی تێدا کراوە و کەمکراوەتەوە بۆ 60 ساڵ، لیژنە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و بەتایبەتی لیژنەی دارایی پێشنیازی کردبوو سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران هەمواری یاسای خانەنشینی و زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی بخاتە بەرنامەی کارەوە، بەڵام حکومەت پڕۆژەکەی کشاندەوە، لەبەرامبەردا جوڵەیەکی نوێ هەیە بۆ هەموارکردنی تەمەنی خانەنشینی و دووبارە گەڕاندنەوەی بۆ تەمەنی 63 ساڵ.

زیاتر لە 88 پەرلەمانتار واژۆیان لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی و هەموارکردنەوەی بڕگەی 10ی یاساکە کردووە، بۆ ئەوەی تەمەنی خانەنشینی دووبارە بگەڕێندرێتەوە بۆ 63 ساڵ، کە ماوەی شەش ساڵە بۆ 60 ساڵ کەمکراوەتەوە.

دووبارە تەمەنی خانەنشینی زیاد دەکرێت؟

عەبدولقادر ساڵح، شارەزای یاساکانی باری فەرمانبەریی و خانەنشینی ئاماژەی بەوەکردووە؛ رەشنووسى ئەم یاسای هەموارە لە کاتێکدایە پێنج ساڵ تێپەڕیووە بەسەر دەرچوونى یاساى هەموارى یەکەم کە بۆ کەمکردنەوەى تەمەنى یاسایى خانەنشینى، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا پەرلەمانى عێراق ئامادەیە دەنگ بدات بەم هەموارە لە کاتێکدا هێشتا ماوەیەکى کەمى بەسەردا تیپەڕیووە؟ ئایا دەکرێت لەسەر بابەتێکى ئاوا هەستیار (تەمەنى یاسایى هەواڵەکردن بۆ خانەنشینى) هەموارى یاسا بەم شێوە خێرایە بکرێتەوە؟ ئایا ئەم هەموارە بە ئاسانى تێپەڕ دەبێت؟ ئایا ناڕەزایەتى دروست ناکات لەشەقامى عێراقى و چانسى دامەزراندن کەم ناکاتەوە بۆ ئەو حەشیمەتەى لە ژمارە نایەن لە گەنجان و لاوان کە چاوەڕێى ئەوەن دابمەزرێن و خەونەکەیان بێتە دی و ئەم هەموارەش بەدیهاتنى خەونەکەیان دەکاتە ئەستەم.

بڕیاری دادگای فیدراڵی

رۆژی 23ـی تشرینی دووەمی 2022، دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق، بڕیاریدا بە پابەندکردنی حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کارکردن بە یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی تایبەت بە یاسای یەکگرتوی خانەنشینی عێراق، بەگوێرەى یاساکە کەمترین موچەى خانەنشینى 400 هەزار دینار دەبێت.

حکومەتی عێراق جیاواز لەم یاسایەش چەند رێکارێکی گرتوەتەبەر بۆ زیادکردنی موچەی خانەنشینان کە نوێترینیان بڕیارەکەی مانگی تشرینی یەکەمی 2023 بوو، کە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە زیادکردنی 100 هەزار دینار بۆ موچەی مانگانەی ئەو خانەنشینانەی موچەکانیان لە ملیۆنێک دینار کەمترە.

یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و موچە ‌و دەرماڵەكان، کە ساڵی 2018 لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكراوە، کەمترین موچەی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان بە 300 هەزار دینار دیاریکردووە، بەڵام بەپێی بە یاسای خانەنشینی ژمارە 27ـی ساڵی 2006  کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خانەنشین بوون کاری پێ دەکات، کەمترین موچەى خانەنشینى 220 هەزار دینارە. دادگاى فیدراڵى لە بڕیارەکەیدا ئەم یاسایەی هەڵوەشاندوەتەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانی پابەند کردووە تا کار بە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو بکات.

چوونە ژێرباری بڕیاری دادگای فیدراڵی

رۆژی 3/7/2024، ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆی لەسەر بڕیاری دادگای فیدراڵی کرد و بڕیاریدا یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە 9ـی ساڵی 2014 کارپێکراو جێبەجێ بکرێت لە هەرێمی کوردستان بۆ یەکسانيی لە مووچە و ئیمتیازات و شایستەی دارایی خانەنشینان.

سیستمی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان

بەپێی یاسای خانەنشینی ژمارە ـی27 ساڵی 2006، کە لە هەرێمی کوردستان بۆ خانەنشینکردنی فەرمانبەران بەرکارە، بەپێی یاساکە نابێت مووچەی خانەنشینی لە ڕێژەی 80%ـی دوایین موچەی وەزیفی فەرمانبەر وەریگرتووە زیاتر بێت، كەمترین موچەی خانەنشینی 220 هەزار دینارە، کە سەرجەم فەرمانبەرانی مەدەنی و بەشی زۆری هێزە ئەمنییەکان بەو رێژەیە خانەنیشین دەکرێن، بەڵام ئەوانەی خاوەن بڕوانامە و خزمەت و تەمەنی تەواون، بەشی زۆریان بە موچەی 80% بنەڕەتی خانەنیشین دەبن.

ژمارەی خانەنشیان لە هەرێمی کوردستان

لە هەرێمی کوردستان ژمارەی جیاواز لەبارەی ژمارەی خانەنشینانەوە هەیە، بەپێی ئەو ژمارانەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە "سبەی" داوە، 245 هەزار و104  کەس لە هەرێمی کوردستان موچەی خانەنشینی وەردەگرن، لەو ژمارەیە 157 هەزار و471 خانەنشینی مەدەنی و 87 هەزار و 633 خانەشینی سەربازیین. 

لەکاتێکدا لە راگەیەندراوی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە بڕیاری دادگای فیدراڵی و جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو هاتووە ژمارەی خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان 277 هەزار و 541 کەسن و خەرجی کۆی مووچەی مانگانەی ئێستایان 122 ملیار دینارە.

هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی موچەی یەک مانگی خانەنشینان، پێویستی بە زیاتر لە 120 ملیار دینارە، بەشێوەیەک موچەی یەک مانگی خانەنشینانی مەدەنی پێویستی بە 64 ملیار دینارە، هەروەها موچەی مانگێکی خانەنشینانی سەربازی پێویستی بە 56 ملیار دینارە. 

زیادکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم

ماوەی سێ مانگە بە بڕیاری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، مووچەی خانەنشینانی شارستانی هاوتای عێراق کراوە و کەمترین مووچە کراوەتە 500 هەزار دینار، بەڵام تائێستا مووچەی خانەنشینی سەربازیی وەک خۆی ماوەتەوە و دەستکاریی نەکراوە، وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە: دەستکاریی مووچەی خانەنشینی سەربازیی ناکرێت و چاوەڕوانی رێککەوتنن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە.

 خانەنشینی لە مێژوی عێراقدا

لە مێژووى عێراقدا شەش یاساى بنەڕەتى تایبەت بە خانەنشینى دەرچووە، لەو شەش یاسایە تەنها یاساى ژمارە12ـى ساڵى 1930 و یاساى ژمارە 9ـى ساڵى 2014 ى هەموارکراو بە یاساى ژمارە 26ـى ساڵى 2019 تەمەنى یاسایى هەواڵەکردن بۆ خانەنشینیان بەتەواوکردنى تەمەنى 60 ساڵى دیاری کردووە، سەرجەم یاساکانى دیکە تەمەنەکەیان بە تەواوکردنى تەمەنى 63 ساڵى جێگیرکردووە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی