سەگ و پشیلە خەون بە چییەوە دەبینن؟

#سەگ#پشیلە#خەون#بینین
5 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 مانگ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • سەگ و پشیلە هاوشێوەی مرۆڤ خەون دەبینن، بەڵام خەون بینینی ئەوان وەک هیی مرۆڤ نییە و لە چەند شتێکی سنوردار زیاتر بڕ ناکات.
Primary Asset

سبەی

پسپۆڕان ئاماژە بەوەدەدەن سەگ و پشیلە هاوشێوەی مرۆڤ خەون دەبینن، بەڵام خەون بینینی ئەوان وەک مرۆڤ نییە و لە چەند شتێکی سنوردار زیاتر بڕ ناکات. 

رۆژنامەی ئیندیپێندنت بڵاوی کردووەتەوە سەگ و پشیلەش هاوشێوەی مرۆڤ خەون دەبینن و لەو کاتەدا وەک مرۆڤ دەچنە قۆناغی خێرا جوڵاندنی چاو بە دەم خەوەوە (rapid eye movement / REM). 

زانایان وای بۆ دەچن کە خەون بینینی ئەو دوو جۆرە گیانلەبەرە، وەک مرۆڤ نییە و لە چەند شتێکی سنوردار زیاتر بڕ ناکات.

داڤید بەینا غوزمان مامۆستا لە زانکۆی ویلایەتی سان فرانسیسکۆ دەڵێت: "ئەگەر پێمان وابێت ئاژەڵەکانی دیکە بە هەمان شێوەی ئێمە خەون دەبینن، بە هەڵەدا دەچین، چونکە هۆش و جەستەی ئەوان، وەک ئێمە نییە".

پسپۆڕان وای بۆ دەچن خەونی ئەو گیانلەبەرانە ڕەنگدانەوەی ئەزموونی ژیانی ڕۆژانەیانە. 

لە کاتێکدا ژمارەیەک لە زانایان پێیانوایە مرۆڤیش بەم شێوەیە خەون دەبینێت، بەڵام ژمارەیەکی دیکەی زانایان وای بۆ دەچن لە کاتی خەون بینیندا مرۆڤ ئەو شتانە تەواو دەکات کە لە ژیانی ڕاستەقینە بە نیوەچڵی ماونەتەوە.

دێردی بێریت لە زانکۆی هارڤارد ئاماژە بەوەدەدات هێشتا بەپێی پێویست لەوە نەکۆڵدراوەتەوە کە گیانلەبەران چۆن خەون دەبینن و دەڵێت: "لەوانەیە سەگەکان ڕۆژانە گرنگی بە چی بدەن، خەو بەوەوە ببینن. لەوانەیە سەگە کەوییەکان خەون بە خۆراک، یاری و خاوەنەکانیانەوە ببینن".

لە توێژینەوەیەکدا کە لە دەیەی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو ئەنجام درا، دەرکەوت لە قۆناغی خێرا جوڵاندنی چاو بە دەم خەوەوە پشیلەکان جموجۆڵ دەکەن.

سەگەکان خەون بە چی و پشیلەکان خەون بە چییەوە دەبینن؟

دێردی بێریت وای بۆ دەچێت بە ئەگەری زۆرەوە، پشیلە خەون بە چاودێریکردنی نێچیرەکانی و پەلاماردانیانەوە ببینێت. لەوانەیشە بەشێکیان خەون بە ڕاکشان لەبەر تیشکی خۆر و باوشکدانەوە ببینن.

خوان ئەنتۆنیۆ ئاگوادۆ پزیشکی ڤێرتێرنەر لە کلینکیی مۆنچیپریسیپی لە مەدرید پێی وایە سەگەکان خەون بە خاوەنەکانیان، ڕۆیشتن و ئەو یارییانەوە دەبینن کە یارییان پێ دەکەن.

پشیلەکانیش لە کاتی خەودا خەون بە ڕاکشان لەسەر قەنەفە، ڕاوکردن و تەنانەت شەڕکردن لەگەڵ گیانلەبەرانی دیکە دەبینن.

لە کاتی بینینی ئەو خەونانەیشدا پشیلەکان قاچەکانیان دەجوڵێنن، جوڵە بە دەمیان دەکەن و دەنگی جیاواز دەردەکەن.

دێردی بێریت وای بۆ دەچێت سەگەکان لە پشیلەکان زیاتر خەون بە خاوەنەکانیانەوە ببینن. 

لە کاتی خەوی قوڵدا سەگ و پشیلە بە خەبەر مەهێنن!

ئاگوادۆ وای بۆ دەچێت کە گەورە و بچووکی سەگ کاریگەری هەیە لە بینینی خەون و دەڵێت: "سەگە گەورەکان لە هەر 60-90 خولەکێکدا خەونێک دەبینن، بەڵام بە هۆی چالاکتربوونی مێشکیان سەگە بچوکەکان نزیکەی لە هەر 10 خولەکێکدا خەونێک دەبینن".

ئاگوادۆ بە پێویستی دەزانێت لە کاتی خەوی قوڵدا ئەم جۆرە گیانلەبەرانە بە خەبەر نەهێندرێن، چونکە کاردانەوەیان نەرێنی دەبێت و لەوانەیە پەلاماری مرۆڤ بدەن.

ناوبراو بە باشی دەزانێت بۆ بە خەبەر هێنان سەگ و پشیلەکان بە ناوی خۆیانەوە بانگ بکرێن یان بە هێواشی جێخەوەکەیان بجوڵێندرێت. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی