سبەی
ئیدارەی خۆسەر، دەستپێشخەرییەکی راگەیاند بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەی دانیشتوانی کامپەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و ئاشکرای کرد هاوڵاتیانی سوریی ناو کامپی هۆل و کامپەکانی دیکەش دەتوانن خۆبەخشانە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند: لەگەڵ روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە هەشتی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوو، سوریا چووەتە قۆناغێکی نوێ و چەند بابەتێکی مرۆیی نوێ هاتوەتە کایەوە، یەکێک لەو دۆسیانەی کە بارگرانییەکی قورس دەخاتە سەر شانی ئیدارەی خۆسەر، دۆسیەی کۆچبەران و پەنابەرانە.
لە دەستپێشخەرییەکەدا کە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا راگەیاندرا، لیژنەی کاروباری کۆچ و پەنابەرانی ئیدارەی خۆسەر ئاماژەیان بەوەکردووە؛ ئەمڕۆ لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ، رایدەگەیەنین کە رێگا خۆش دەکەین بۆ هاوڵاتیانی سوریا لە کامپی هۆل کە خۆبەخشانە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
ئاماژەی بەوەکردوە؛ هەرچەندە بڕیارێکی هاوشێوەش ماوەیەک لەمەوبەر و لە رۆژی پێنجی تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 درا بۆ گەڕانەوەی بەشێک لە ئاوارەکان، بەڵام بەشێک لە خێزانەکانی ناو کامپی هۆل، لە سەردەمی دەسەڵاتی رژێمی بەشار ئەسەد ترسیان لە گەڕانەوە هەبوو ، لەگەڵ روخانی رژێمەکەش ئیتر هیچ هۆکارێک نەماوە بۆ ئەوەی ئەوان بترسن یان لە کامپەکەدا بمێننەوە، ئێمەش کارئاسانیی تەواو دەکەین بۆ گەڕانەوەی سەلامەتی ئەو خێزانانە کە ئارەزوی گەڕانەوەیان هەیە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
ئیدارەی خۆسەر، داوا لە رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان دەکات هاوکاریی هاوڵاتیانی سوریا بکەن کە بەهۆی شەڕی وڵاتەکەوە ئاوارەبوون بۆ ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و لە ئێستادا لە کامپەکانی ئەلعەریشە، ئەلمەحمودلی، تویحینیە و ئەبو خەشاب دەمێننەوە.
هەروەها داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەیان هەبێت لە پرسی ئاوارەکانی عەفرین و گرێ سپی و سەرێکانی و دڵنیابن لە گەڕانەوەیان بە سەلامەت بۆ ناوچەکانیان، لەگەڵ گەرەنتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنیان و دڵنیابوون لە گەڕانەوەیان بە سەلامەتی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
ئیدارەی خۆسەر، ئاماژەی بەوەکردووە، بەردەوام دەبن لەسەر جێبەجێکردنی ئەرکە مرۆیی و ئەخلاقییەکانیان بەرامبەر بە پرسی کۆچبەران و پەنابەران لەگەڵ ئەوەشدا دەرگای گەڕانەوەی خۆبەخشانە و سەلامەتیان بۆ مسۆگەر دەکەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.