یۆنامی: پێویستە هەمواری یاسای باری کەسیی لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ بگونجێت

#یۆنامی#یاسای باری کەس#هەموارکردنەوە#مافی مرۆڤ#ژنان و منداڵان
یەک ساڵ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ساڵ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • "چاودێریی دوایین گۆڕانکارییەکان دەکەین سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی و پێویستە هەموارەکە لەگەڵ پابەندییەکانی عێراق بە رێککەوتنامەکانی مافی مرۆڤ بگونجێت" یۆنامی وا دەڵێت
Primary Asset

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی رێکخراوەکان دژی هەمواری یاسای باری کەسیی

سبەی

"چاودێریی دوایین گۆڕانکارییەکان دەکەین سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی و پێویستە هەموارەکە لەگەڵ پابەندییەکانی عێراق بە رێککەوتنامەکانی مافی مرۆڤ بگونجێت" یۆنامی وا دەڵێت.

نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق (یۆنامی) بەیاننامەیەکی سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند: نەتەوەیەکگرتووەکان چاودێریی دوایین گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات بۆ هەمواکردنەوەی یاسای باری کەسیی ساڵی 1959 و یاسا گرنگەکانی دیکە.

لەوبارەیەوە یۆنامی جەخت دەکاتەوە گرنگە هەموارەکە هاوشانی پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق بێت لە بواری مافی مرۆڤ و بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە پاراستنی مافەکان و خۆشگوزەرانی ژنان و منداڵەوە هەیە و لە ئاستی خواست و داواکارییەکانی گەلی عێراق بێت و پارێزگاریی لە دەستکەوتە مێژوییەکانی بکات.

لەراگەیەندراوەکەیدا، یۆنامی ئاشکرای کردووە: بە چڕیی لەسەر هێڵن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە عێراقییەکان و جەختیان کردوەتەوە، کە گفتوگۆیەکی گشتگیری و بونیاتنەر لەوبارەیەوە بکرێت و لە هەوڵەکانیشیان لەوبارەیەوە بەردەوام دەبن، نەتەوەیەکگرتووەکان پاڵپشتی عێراق دەکات بە ئاراستەی دەوڵەتی یاسا و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ.

پەسەندکردنی یاسا جێی مشتومڕەکان

رۆژی سێشەممە، 21ـی کانوونی دووەم ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەرسێ یاسای گەڕانەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان و یاسای باری كەسیی و لێبوردنی گشتی بە یەک پاکێج پەسەندکرد.

پەسەندکردنی سێ یاساکە بەیەک پاکێج و یەک دەنگدان ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتوەتەوە و بەشێکی پەرلەمانتاران بە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆ و دەستوری دەزانن و لە دادگای فیدراڵی سکاڵای یاساییان تۆمارکردووە.

یوسف کیلابى ئەندامى پەرلەمانى عێراق شێوازى دەنگدان لەسەر ئەو سێ پڕۆژەیاسایە بە "پێشهاتێکى مەترسیدار و پێچەوانەى دەستور و یاسا و پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان" دادەنێت و دەڵێت: پەنا بۆ دادگاى فیدراڵى دەبەن و دەبێت لە رێگەى تۆمارى ڤیدیۆیەوە سەیرى دانیشتنەکە بکرێتەوە، چونکە دەنگ لەسەر پڕۆژەکان نەدراوە.

رونیشیکردەوە: "پڕۆژەکان بەیەک پاکێج خراونەتە دەنگدانەوە، ئەوەش لەهیچ دانیشتنێکدا رووینەداوە، دەنگدانەکە پوچەڵ و نایاسایی بووە".

دانیشتنی دەنگدانەكە لەسەر ئەو سێ یاسایە بووە هۆی دروستبوونى پشێوی لەناو هۆڵی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، بەشێك لەپەرلەمانتاران پێیانوایە هەرسێ یاساكە بەبێ ئەوەی دەنگی تەواوەتی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت تێپەڕێندراون.

زیاتر لە سێ مانگە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەیەوێت دەنگ لەسەر سێ پرۆژە یاسا بدات كە هەریەكێكیان بەلای یەكێك لە پێكهاتەكانەوە گرنگە، ئەوانیش هەرسێ پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵك و زەویی زەوتكراوی هاوڵاتییان و لێبوردنی گشتی و باری كەسیین، بەڵام ناكۆكییە سیاسییەكان ڕێگربوون، بەوەش پەرلەمانی عێراق زۆرترین دانیشتنی كردووە و نەیتوانیوە دەنگ لەسەر هیچ یەكێك لەو سێ یاسایە بدات تا سەرئەنجام ئەمڕۆ یەكلایی كردنەوە.

رێکخراوەکان دژی یاسای باری کەسیی دەوەستنەوە

ژمارەیەک لە رێکخراوەکانی داکۆکی لە مافی ژنان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی 188 کۆبونەتەوە، دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی لە پەرلەمانی عێراق دەوەستنەوە و بە مەترسی لەسەر منداڵان و نەوجوانان و ژنان و خێزانی دەزانن و بە شەرمەزاریی و پەڵەی رەش لە مێژوی یاسادانانی عێراق ناوی دەبەن.

هاوپەیمانی 188، لەبەردەم نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی عێراق گردبونەوە و لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند: رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی نوێنەران بە رێککەوتنی حیزب و کوتلە جیاوازەکان سەودا و مامەڵەی بە تەواوی ژیانی کۆمەڵگەی عێراقەوە کرد، بەتایبەتی منداڵان و نەوجەوانان و خێزان، لەکاتێکدا سەدان تۆڕی جیاواز لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کاریان لەسەر رەتکردنەوەی یاسای باری کەسێتی کرد و ناڕەزایەتی زۆر بەهێزی رێکخراوەکانی لێکەوتە و کاریگەریی نەرێنییەکانی خرایەڕوو.

تۆڕی 188 ناڕازییە لەو یاسایە و پێیوایە کۆمەڵگە بەرەو دواوە دەبات و ژیان و سەلامەتی منداڵان و نەوجەوانان و ژنان و خێزان دەخاتە مەترسییەوە.

رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەڵێن: سەرەڕای ناڕەزایەتی رێکخراوە ناوخۆیی و جیهانییەکان و نەتەوەیەکگرتوەکان و ئاژانسەکانی بواری مافی مرۆڤ و منداڵان، بەڵام تەوژمی کۆنەخوازی و پیاوسالاری بە پەلەپڕوزێ فریاکەوتن دەنگ بۆ یاسایەک بدەن، کە بۆ سەدەکانی ناوەڕاستیش شیاونییە، ئەمەش دەبێتە پەڵەیەکی رەش و شەرمەزاری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ عێراق و پەرلەمانەکەی.

لە راگەیەندراوی رێکخراوەکاندا هاتووە: پەرلەمانی عێراق دەستی بۆ هەموارکردنەوەی دوو بڕگەی یاساکە بردووە ئەوانیش، گەڕانەوە بۆ مەزهەبەکانی شیعە و شوننە ئەمەش دەبێتە هۆی پەرتبوونی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای مەزهەبی، هەموارەکە هەڵوەشاندنەوەی بڕگەیەکە کە زیاتر لە 15 ساڵە لە هەرێمی کوردستان کاری لەسەر دەکرێت ئەویش رێگرییە لە هاوسەرگیریی دەرەوەی دادگاکان، بەڵام بەم هەموارە دادگا ناچارە هاوسەرگیری دەرەوەی دادگاکان پەسەند بکات و دەسەڵات بۆ یاسا و دادگا ناهێڵێتەوە.

ئەو تۆڕە، هەمواری یاسای باری کەسێتی بە نامرۆڤانەترین یاسا دادەنێن کە دژی یاسا و دەستوری عێراق و پەیماننامە و رێکەوتنامەکانی مافی مرۆڤ و منداڵانە پێچەوانەی بنەمای جیاکردنەووەی دەسەڵاتەکانە.

تۆڕی 188 هۆشداریی دەداتە حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان، کە رێگا نادەن یاسایەکی لەو جۆرە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێبکرێت و هاوکار و پاڵپشتی سەرجەم رێکخراوەکانی دیکە دەبن لە خەباتی مەدەنی و یاسایی و رێکارەکان بۆ رێگریی کردن لە هەموارکردنەوەی یاساکە و جێبەجێکردنی.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی