ئەمڕۆ ساڵیادی رزگارکردنی کۆبانێ-یە

#کۆبانێ#بەرخۆدان#شەڕڤان#پێشمەرگە#هاوپەیمانی نێودەوڵەتی#داعش#
6 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 مانگ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • رۆژی 26ـی کانوونی دووەم، ئەو رۆژەی کە دانیشتووانی کۆبانێ و رۆژئاوای کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستانی گەورە و جیهانیش لەبیری ناکەن، لەو رۆژەدا توانرا چەکدارانی داعش لە کۆبانێ ببەزێنرێن و شارەکە لەدەست ئەو گروپە رزگاربکرێت.
Primary Asset

سبەی

رۆژی 26ـی کانوونی دووەم، ئەو رۆژەی کە دانیشتووانی کۆبانێ و رۆژئاوای کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستانی گەورە و جیهانیش لەبیری ناکەن، لەو رۆژەدا توانرا چەکدارانی داعش لە کۆبانێ ببەزێنرێن و شارەکە لەدەست ئەو گروپە رزگاربکرێت.

دوای زیاتر لە سێ مانگ گەمارۆی سەختی کۆبانێ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، رۆژی 26ی کانوونی دووەمی ساڵی 2015، شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە بە پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، توانیان شاری کۆبانێ لە گەمارۆی داعش رزگار بکەن و ئەو شارۆچکە بچوکە بکەنە رەمزی بەرخۆدان و بەرەنگاربوونەوەی داعش و پێگەیەکی گەورەی لەسەر نەخشەی جیهانی بۆ بنەخشێنن.

گەمارۆی کۆبانێ

داعش، لەوکاتەدا کە لەوپەڕی توانای سەربازیی خۆیدا بوو دوای دەستبەرداگرتنی روبەرێکی بەرفراوانی خاکی سوریا و رۆژئاوای کوردستان، رۆژی 13ی ئەیلولی 2014 چەکدارەکانی هێرشیانکردە سەر شاری کۆبانێ لە باکوری رۆژهەڵاتی پارێزگای حەلەب، کە لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەلەوە دەپارێزرا.

تا رۆژی 2ـی تشرینی یەکەمی 2014، داعش توانی دەستبەسەر 350 گوند و شارۆچکەی نزیک لە کۆبانێدا بگرێت، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی گەورەی ئاوارەبوون، نزیکەی 300 هەزار هاوڵاتی کورد لەرێگەی سنورەکانەوە ئاوارەی باکوری کوردستان بوون، بە گەیشتن بە مانگی کانوونی دووەمی 2015 و توندبوونەوەی گەمارۆکانی سەر کۆبانێ، ئاوارەبوون گەیشتە 400 هەزار کەس.

لە هەمان مانگدا، یەکینەکانی پاراستنی گەل بە پاڵپشتی ژووری ئۆپراسیۆنەکانی بورکان فورات و هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان و ئەمریکاو فەرەنسا و ژمارەیەک وڵاتی هاوپەیمان ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژی داعش پێکهێنرا و بڕیاری هێرشی پێچەوانە درا.

سەرەڕای توانای سنوردار و کەمی ئەوکاتەیان، شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ‌و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) بە بەرخۆدانێكی بێ وێنە‌ و لەپێناو پاراستنی شارەكە، بەرەنگاری چەکدارانی داعش بونەوە و بەرخۆدانێکی مێژوییان تۆمارکرد و چاوی جیهان کەوتە سەریان.

لەپاڵ هەموو ئەمانەشدا، شەڕڤانە ژنەکان لە کۆبانێ بەتایبەتی و رۆژئاوای کوردستان بەگشتی، هێمایەکی دیکەی بەرخۆدان و ئازادی بوون بەجۆرێک ناوبانگیان نەک تەنیا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو گەیشتە سەرانسەری جیهان و بوونە جێگای شانازی کورد و بەرخۆدانەکەی.

رزگارکردنی کۆبانێ

دوای گەمارۆیەکی سەختی چەکدارانی داعش بۆ سەر شارۆچکەی کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان، بەچونی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ و دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش، باڵانسی هێز بە بەرژەوەندی کورد گۆڕا و توانرا لە ماوەی سێ مانگدا بە بەشداریی سێ کاروانی هێزی پێشمەرگە بەچەکی قورسەوە، شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە لە قۆناغی بەرگریەوە بچنە قۆناغی هێرشەوە تا نیوەڕۆی رۆژی 26ـی کانونی دوەمی 2015 توانیان گردی کانی کوردان و گەڕەکی مەشتەل نور، کە دوا خاڵی رۆژهەڵاتی شارەکە بون بەدەست چەکدارانی داعشەوە، کۆنتڕۆڵ بکەنەوە و ناوەندی شارەکە بە تەواوەتی ئازاد بکەن و لە دەستی چەکدارانی داعش دەریبهێنن.

لە رۆژی 27ی مانگی کانوونی دووەمیشدا شەڕڤانان توانیان بە تەواوەتی شارەکە کۆنتڕۆڵ بکەنەوە، جگە لە چەند گوند و ناوچەیەکی دەوروبەری کۆبانێ نەبێت کە لەژێر دەسەڵاتی داعشدا مابونەوە.

دوای ئەوەی کۆبانێ لە دەستی داعش ڕزگارکرا، شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە بەرەو گرێ سپی بەڕێکەوتن و لە 15ی حوزەیرانی 2015 توانیان گەمارۆی سێ ساڵەی داعش و بەرەی نوسرە، لەسەر هەرێمەکە بەتەواوی کۆتایی پێبهێنن.

شەڕی ئازادكردنی کۆبانێ (134) رۆژی خایاند، لەو شەڕەدا زیانێكی زۆر بە ژێرخانی شارەكە كەوت كۆڵان‌ و خوێندنگە‌ و نەخۆشخانە ‌و زۆرینەی دەزگا‌ و دامەزراوەكانی وێران بون.

پێشمەرگە، پشتیوانی رۆژئاوای کوردستان

 (134) رۆژ دوای ئەوەی شاری کۆبانێ کەوتە بەر هێرشی چەکدارانی داعش و لە سێ بەرەوە گەمارۆدرا بو شارەکەش لەوپەڕی بەرخۆداندا بەرپەرچی هێرشەکانی دایەوە، تا ئەوکاتەی بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان لە 28ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 2014 یەکەم کاروانی هێزی پشتیوانی پێشمەرگە بە چەکی قورس و ناوەندەوە لە رێگەی باکوری کوردستانەوە و لەناو پێشوازییەکی گەرم و بێوێنەی هاونیشتیمانیانی باکوری کوردستاندا گەیشتە کۆبانێ، ئەوکاتە کەمتر لە (20%)ی شارەکە بەدەستی شەڕڤانانەوە مابو.

بەچونی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ و دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش باڵانسی هێز بە بەرژەوەندی کورد گۆڕا و توانرا لە ماوەی سێ مانگدا بە بەشداری سێ کاروانی هێزی پێشمەرگە و بەچەکی قورسەوە، شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە لە قۆناغی بەرگریەوە بچنە قۆناغی هێرشەوە تا نیوەڕۆی رۆژی 26ـی کانونی دوەمی 2015 توانیا ناوەندی شارەکە لە دەستی چەکدارانی داعش دەربهێنن.

بڕیاری پەرلەمانی کوردستان بۆ ناردنی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ

رۆژی 22/10/2014 لە پەرلەمانی کوردستان بە کۆی دەنگ بڕیاردرا هێزی پێشمەرگە رەوانەی کۆبانێ بکرێ بە مەبەستی پشتیوانی لە خەڵک و شەڕڤانان لە بەرامبەر تیرۆریستانی داعشدا.

لەو رۆژەدا پەرلەمانی کوردستان کوردستان بە ئامادەبونی وەزیری پێشمەرگە و بە وتنەوەی سردوی نەتەوەیی ئەی رەقیب، بەکۆی دەنگی پەرلەمانتاران بڕیاری ژمارە 28 دەرچو و بڕیاردا پێشمەرگە بچێتە شاری کۆبانێ بۆ پشتیوانی خوشک و برا شەڕڤانەکانی و دانیشتوانی خۆڕاگری ئەو شارەی رۆژئاوای کوردستان، ئەوەش یەکەمجاربو لە مێژوی کورددا بەفەرمی پێشمەرگە بچێتە بەشێکی دیکەی کوردستان بۆ پشتیوانی بەرخۆدانەکەیان.

پێشتریش لە 15/10/2015پەرلەمانی کوردستان بڕیاری ژمارە 24ـی پەسەندکرد، کە بەشێوەیەکی فەرمی کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستانی ناساند و داوای لە حکومەتی هەرێم کرد، پشتیوانی دارایی ئەو بەشەی کوردستان بکات و لەڕوی ئیدارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات.

زیانەکانی كۆبانی لە شەڕی داعشدا

بەپێی ئامارەكان لە شەڕی كۆبانیدا سێ هەزار و 800 چەكداری داعش كوژران، لەبەرامبەردا 422 شەڕڤان و پێشمەرگەیەكی هەرێمیكوردستان شەهید بون.

ئامارەکانی ئیدارەی پێشووی کانتۆنی کۆبانێ لەبارەی زیانەکانی شەڕی داعش

80%ـی شارەكە وێران بو
40%ـی رێگاوبان ‌و شەقامەكانی تێكچون

هێڵی ئاو و كارەبای کۆبانێ بە تەواوی پەكی كەوت
541 گوندی سەر بە كۆبانی وێران‌ و تاڵان كران
3000 ئاژەڵی گەورە‌و زیاتر لە 100 هەزار سەر ئاژەڵی بچوك دزران و لەناوچوون
زیاتر لە 3000 تراكتۆر‌و ئامێری چاندن ‌و دروێنەی دانەوێڵە لەلایەن داعشەوە دزران
300 هاوڵاتی ئاوارەی توركیا بون

رزگارکردنی کۆبانێ هەوێنی هەسەدە

دوای ئەوەی کۆبانێ لە دەستی داعش ڕزگارکرا، شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە بەرەو گرێ سپی بەڕێکەوتن و لە 15ی حوزەیرانی 2015 توانیان گەمارۆی سێ ساڵەی داعش و بەرەی نوسرە، لەسەر هەرێمەکە بەتەواوی کۆتایی پێبهێنن و دوابەدوای ئەم سەرکەوتنەش، لە 10ـی تشرینی یەکەمی 2015، لە کانتۆنی جەزیرە دامەزرانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەلایەن شەرڤانانەوە ڕاگەیەندرا.

هێزەکانی سوریای دیموکرات کە یەپەگە و یەپەژە پێکهێنەری سەرەکیین و شەڕڤانانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە پێکهاتەکانی عەرەب و مەسیحی و سریانەکان تیایدا بەشدارن، رێکخراوترین و راهێنراوترین هێزی سەربازیین لە رۆژئاوای کوردستان و سوریاش، ئێستا ژمارەیان گەیشتوەتە زیاتر لە 100 هەزار شەڕڤان، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پشتیوانیی بەهێزیانە و چەک و کەرەستەی سەربازیی پێشکەوتویان هەیە و لە سوریای نوێدا پێگەیەکی گەورەیان هەیە.

رۆژی کۆبانێ

دوای ئازادكردنی كۆبانی، رۆژی یەكی نۆڤەمبەری 2015 بە هەزاران كەس لە سەرتاسەری جیهان، رژانە سەر شەقامەكان، دواتریش ئەو رۆژە وەك ڕۆژی جیهانیی كۆبانی ناسێنرا.

رۆژی یەکی نۆڤەمبەر، کە بە رۆژی بەرخۆدانی کۆبانێ دادەنرێت، وەک رێزێک بۆ خۆڕاگریی و بەرخۆدانی شەڕڤانان و خەڵکی ئەو شارە بەرامبەر پەلامارەکانی داعش، کە ئەو شارە بوە رەمزی خۆڕاگریی و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی چەکدارانی داعش بۆ سەر ئەو شارەی رۆژئاوای کوردستان.

لەسەر بانگەوازێکی ئازادیخوازان و مرۆڤ دۆستان و پشتیوانانی گەلی کورد، رۆژی یەکی نۆڤەمبەر بە ملیۆنان کەس لە سەرتاسەری جیهانەوە رژانە سەر شەقامەکان و پشتگیریان لە خۆڕاگریی شەڕڤانان و خەڵکی کۆبانێ کرد لە بەرامبەر دڕندەترین هێزی تیرۆریستیی جیهان.

لە رۆژەدا لە 93 وڵاتی جیهان، ملیۆنان کەس رژانە سەر شەقامەکان وەک پشتگیریی بۆ کۆبانێ و مەترسی گروپی داعش لەسەر جیهان، جگە لە باکور و باشور و رۆژهەڵاتی کوردستان، لە وڵاتانی ژاپۆن، ئەرجەنتین، ئەفغانستان، میسر، مەغریب، تورکیا و زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا، خەڵک چوونە سەر شەقامەکان و رێگا سەرەکییەکان و دەروازەی فڕۆکەخانەکان و بەردەم باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکانی تورکیا و ئەو وڵاتەیان بە پاڵپشتی داعش تۆمەتبار کرد و رای گشتی جیهانیی بەرامبەر بەرخۆدانی کۆبانێ درووست بو، داوای پاڵپشتیی جیهانیان کرد بۆ رۆژئاوای کوردستان و روبەڕوبوونەوەی گروپی داعش، کە مەترسیدارترین گروپی تاوانکاریی بوو لە جیهاندا.

دووبارە مەترسیی لەسەر کۆبانێ

لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا، مەترسییەکان لەسەر رۆژئاوای کوردستان بەردەوام بوون، ژمارەیەک گروپی چەکدار بەناوی سوپای نیشتیمانی سوریا، کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن، دەستیان بەسەر روبەرێکی بەرفراوانی خاکی رۆژئاوای کوردستاندا گرتووە و تائێستا توانیویانە شارەکانی عەفرین، سەرێ کانی، گرێ سپی بە پشتیوانیی تورکیا کۆنترۆڵ بکەن.

لە دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەدیش لە 8ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2024، سوپای تورکیا پاڵپشتیی گروپە چەکدارە توندڕەوەکان دەکات بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان، دوای دەستبەسەرداگرتنی شارۆچکەی مەنبج لە رۆژئاوای روباری فورات، هێرشەکانیان بۆ سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ دەستپێکردووە و بەبەردەوامیی لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆردومانی کۆبانێ و دەوروبەری دەکەن، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوای کوردستانیش هۆشداریی داوە لەوەی بەردەوامی ئەو هێرشانە کارەساتی مرۆیی لێدەکەوێتەوە و تائێستا بە سەردان هاوڵاتیی بوونەتە قوربانیی ئەو هێرشانە.

بۆ پاڵپشتی لە شەڕڤانانی هەسەدە و روبەڕوبوونەوەی هێرشەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی رۆژئاوای کوردستان لە سەر بەنداوی تشرین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی ئەنجام دەدەن، تائێستاش چەندجارێک فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانی بەنداوەکەیان کردووە، سەرەڕای کوشتن و بریندارکردنی دەیان هاوڵاتی مەدەنی، ئاوو کارەبا لە زۆربەی ناوچەکانی نزیک بەنداوەکە بڕاوە و مەترسیی لەسەر هەرەسهێنانی بەنداوەکەش دروست بووە، کە ناوچە روبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی دەکاتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی