سبەی
یانەی هیلالی سعودی ئاشکرای کرد: گرێبەستی نەیماری یاریزانی بەرازیلی پێش وادەی خۆی و بە رەزامەندی هەردوولا هەڵوەشێنراوەتەوە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، یانەی هیلالی سعودی بڵاوی کردەوە، بە رەزامەندی هەردوولا و پێش کۆتایی هاتنی ماوەکەی، گرێبەستی یاریزانی هێرشبەری یانەکەی، نەیمار داسیلڤای بەرازیلی هەڵوەشاندوەتەوە.
یانە سعودییەکە، سوپاس و پێزانینی خۆی پێشکەشی ئەو ئەستێرە بەرازیلییە کردووە بەرامبەر ئەوەی لە کاروانەکەی لەگەڵ هیلال پێشکەشی یانەکەی کردووە.
هاوینی ساڵی 2023، نەیمار داسیلڤای بەرازیلی بە گرێبەستێکی گرانبەهای 90 ملیۆن یۆرۆیی و تا ساڵی2027 رووی کردە یانەی هیلال، بەڵام بەهۆی پێکانە بەردەوامەکانەوە نەیمار تەنها حەوت یاریی لەگەڵ یانە سعودییەکە ئەنجامداوە.
نەیماری 32 ساڵ، ئەستێرەی جیهانی تۆپی پێ، لەم وەرزەی خولی رۆشنی سعودیی تەنها دوو یاریی بەشداریی کردووە، دوا یاریی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بوو، کە وەک یاریزانی یەدەگ یاریی کرد.
لەماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی هیلالی سعودی، نەیمار لە زۆربەی یارییەکان بەشداریی نەکردووە، ئەوەش بەهۆی پچڕانی بەستەرەکانییەوە کە بەهۆی پێکانەوە لە یاریی نێوان هەڵبژاردەکەی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023 و لە یارییەکانی پاڵاوتنی جامی جیهانی دووچاری بوو.
نەیمار دەگەڕێتەوە بەرازیل؟
لەماوەی رابردوودا، دەنگۆی جیاواز لەسەر ئایندەی نەیماری بەرازیلی بڵاوکرایەوە، سیناریۆی نزیک ئەوەیە بگەڕێتەوە بۆ یانەکەی پێشووی کە یانەی سانتۆسی بەرازیلییە.
تائێستاش نەیمار گرانترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێیە، کە لە ساڵی 2017 بە گرێبەستێکی 222 ملیۆن یۆرۆیی لە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانییەوە روویکردە یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی.
نەیمار دەچێتەوە تیمەکەی میسی؟
ماوەیەک لەمەوبەر چەند سەرچاوەیەکی رۆژنامەوانی بڵاویان کردەوە، گفتوگۆی نێوان ئینتەر مەیامی و هیلالی سعودی بۆ گواستنەوەی نەیمار داسیلڤا بۆ ریزی تیمەکەی مێسی دووبارەی سەریهەڵداوەتەوە، ئەگەر هەیە دوای زستان تیمەکەی (MSN) یەکبگرنەوە.
ژمارەیەک سەرچاوەی جیاوازی رۆژنامەوانی بڵاویان کردەوە: بەجێهێشتنی ریزەکانی یانەی هیلالی سعودی و پەیوەندی کردن بە یانەی ئینتەرمەیامی ئەمەریکی و یاریکردن هاوشانی لویس سوارێز و لیۆنێل میسی، لە سەرەتای ئەمساڵ رۆژەڤی سەرەکییە و دانوستانەکان لەوبارەیەوە دەستیان پێکردووە.
سایتی (InterMiami Zone) سەبارەت بە گرێبەستی ئینتەر مەیامی لەگەڵ نەیمار داسیلڤای بەرازیلی و گواستنەوەی لە ریزەکانی یانەی هیلالی سعودییەوە بڵاوی کردەوە "ئەوبابەتە مەحاڵ نییە، بەڵام گرێبەستێکی قورسە"، ئاماژەی بەوەشکردبوو لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا ئینتەرمەیامی کورسیی چۆڵی هەیە، بۆیە ئەگەر نەیمار رازی بێت بە مووچەیەکی کەمتر لەوەی ئێستا لە سعودیە وەری دەگرێت، رێگاکە ئاسانتر دەکات بۆ ئەوەی نەیمار هاوشانی سوارێز و میسی لە خولی ئەمەریکی یاری بکات.
راپۆرتی سایتە ئەمەریکییەکە ئەوەی تێدا هاتووە: ئینتەر مەیامی پارەی زۆر ناداتە گرێبەستی یاریزانان، بەڵکو ئامانجێتی ئەو یاریزانانە بگوازێتە ریزەکانی کە بێبەرامبەر گرێبەست دەکەن، یان بە نرخی کەم دەچنە ریزی یانەکەوە.