سبەی
دەرکەوتنی بکوژەکەی هەڤرین خەڵەف کە لە لیستی سزاکانی ئەمەریکادایە، لە مەراسمی دەستبەکاربوونی ئەحمەد شەرع وەک سەرۆکی سوریا، کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە، ژنە چالاکوانێکی ئەمەریکی هەڵمەتێک دەستپێدەکات دژی ئەو چەکدارە توندڕەوەی (ئەحرار شەرقییە).
نادین مایەنزا، ژنە چالاکوانی ئەمەریکی و سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆنی ئەمەریکا بۆ ئازادیی ئاینی نێودەوڵەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی: سەرسام بووم بەوەی کە ئەبو حاتەم شەقرا (ئەحمەد ئەلهایس) کە ئەمریکا سزای بەسەردا سەپاندووە، ئەمڕۆ لە چالاکیی "سەرکەوتن"دا قسەی کرد و ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریای تێدا هەڵبژێردرا.
مایەنزا دەڵێت: شەقرا بەهۆی تاوانەکانی لەوانە "بازرگانیکردن بە ژنان و منداڵانی ئێزدی و کوشتنی دڕندانەی هەڤرین خەلەف لە کاتی داگیرکاریی تورکیا لە ساڵی 2019 ، لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکاوە سزادراوە.
شەوی رابردوو بەبەشداریی ژمارەیەک لە گروپە چەکدارەکانی سەر بە تەحریری شام مەراسیمێک رێکخراو و دواتر بەیانی سەرکەوتنی شۆڕشی سوریا راگەیەندرا، ئەحمەد شەرع کرایە سەرۆک کۆمار و چەندین بڕیاری دیکە بۆ قۆناغی راگوزەری و گواستنەوەی سوریا درا، ئەحمەد ئەلهایس یەکێک بوو لە قسەکەرانی سەرەکیی مەراسیمەکە.
سزادانی ئەلهایس
رۆژی 28ـی تەمموزی 2021، فەرمانگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەروەت و سامانی دەرەکی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا (OFAC)، سزای بەسەر هەشت گرتوخانەی سەر بە دەزگای هەواڵگری رژێمی پێشوی سوریا و ژمارەیەک گروپی رێکخراوی توندڕەوەی دژبەری رژێمی ئەسەددا سەپاند، گروپی ئەحرار شەرقییە و سەرکردەکەی یەکێک بوون لەو کەس و لایەنانەی خرایە چوارچێوەی سزاکانەوە.
ئەحرار ئەلشەرقییە
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لەبارەی گروپەکە و سزادانییەوە بڵاوی کردەوە، گروپی چەکداری ئەحرار ئەلشەرقییە تۆمارێکی پێشێلکاریی مافی مرۆڤی هەیە، کە بریتییە لە کوشتنی دڕندانەی هەڤرین خەلەف، سیاسەتمەداری کورد و ئەمینداری گشتی پارتی ئایندەی سوریا و پاسەوانەکانی لە مانگی ئۆکتۆبەری 2019، کە کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ کوشتنەکانی وەک تاوانێکی جەنگ دەستنیشان کردووە.
ئاماژەی بەوەکردوە؛ ئەحرار ئەلشەرقییە چەندین هاوڵاتی مەدەنی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا کوشتووە، لەنێویاندا کارمەندانی تەندروستی، هەروەها میلیشیاکە سەرقاڵی ڕفاندن و ئەشکەنجەدان و دەستبەسەرداگرتنی موڵکی تایبەتی خەڵکی ناوچەکەیە و رێگریی لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا دەکات بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان کردووە.
هەروەها ئەحرار ئەلشەرقییە گرتوخانەیەکی گەورەی لە دەرەوەی شاری حەلەب دروستکردوە، لە ساڵی 2018ـەوە سەدان کەسی تێدا لەسێدارە داوە، گروپەکە ئەم زیندانەیان بەکارهێناوە بۆ رفاندنی خەڵک و ئازادکردنیان بەرامبەر فیدیە و بەدەستهێنانی پارە لە کەسایەتییە دیارەکانی بازرگانی و ئۆپۆزسیۆنی پارێزگاکانی ئیدلب و حەلەب.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا دەڵێت: ئەحرار ئەلشەرقییە ئەندامانی پێشووی داعشی لە ریزەکانی خۆیدا رێکخستووە و سەرقاڵی ئەنجامدانی پێشێلکاریی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لە سوریا
بکوژەکەی هەڤرین خەڵەف
لە راگەیەندراوەکەی مانگی ئابی 2021ـی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکادا هاتووە، ئەحمەد ئیحسان فەیاز ئەلهایس "ئەحمەد ئەلهایس" کە بە "ئەبو حاتەم شەقرا" ناسراوە، سەرۆکی ئەحرار ئەلشەرقییەیە، راستەوخۆ هاوبەشی زۆرێک لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤە، بەرپرسی یەکەمی بەندیخانەی ئەحرار ئەلشەرقییەیە لە دەرەوەی شاری حەلەب، کە لە ساڵی 2018ـەوە سەدان دەستگیرکراوی تێدا لەسێدارە دراون.
ئەحمەد ئەلهایس تێوەگلاوە لە بازرگانیکردن بە ژنان و منداڵانی ئێزدی و ئەندامانی پێشووی داعشی لە ریزەکانی ئەحرار ئەلشەرقییەدا تێکەڵکردووە، ژمارەیەک لە بەرپرسانی پێشووی داعش بەیعەتیان پێداوە.
ئامۆزاکەی ئەلهایس
رائید جاسم ئەلهایس، یان رەعد ئەلهایس کە بە "ئەبو جەعفەر شەقرا" ناسراوە و ئامۆزای ئەحمەد ئەلهایسە، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2017ـەوە فەرماندەی سەربازی ئەحرار ئەلشەرقییەیە، یەکێکە لە دەسەڵاتدارەکانی ئەو گروپە توندڕەوە، سەرپەرشتی قازانجەکان لە دزی و فرۆشتنی دەستکەوتەکانی ئەو گروپە توندڕەوە دەکات، کە لە ئامێرەکانی ماڵ و کێڵگەی هاوڵاتیان باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەستیان دەکەوێت، هەروەها بەرپرسی ئەندامانی پێشوی داعشە کە چونەتە ریزی گروپەکەیەوە، لەنێویاندا ئەندامێکی پێشووی داعش کە بە ئەشکەنجەدانی بەردەوامی هاوڵاتیانی مەدەنی ناسراوە و دواتر کراوەتە بەرپرسی چەکە قورسەکانی ئەحرار ئەلشەرقییە.
هەڤرین خەڵەف
لەکاتی تیرۆرکردنی هەڤرین خەڵەفدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاوی کردوەتەوە، گروپی ئەحرار ئەلشەرقییە و سەرکردەکەی بەرپرسی یەکەمن لە تیرۆرکردنی هەڤرین خەڵەف لە مانگی تشرینی یەکەمی 2019، هەڤرین ئەندامی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات و ئەمینداری گشتی پارتی ئایندەی سوریا بوو، لەسەر رێگای سەرەکی قامیشلۆ لەلایەن گروپی ئەحرار ئەلشەرقییەی سەر بە سوپای نیشتیمانی سوریا کرایە ئامانج، دوای تیرۆرکردن بەدوای ئۆتۆمبێلدا راکێشراوە، سوکایەتی بە تەرمەکەی و جەستەی کراوە، پاسەوانەکانشی بەهەمانشێوە سوکایەتیان پێکراوە و راستەوخۆ لە سەر شەقامەکە گوللـەباران کراون.
هەڤرین خەلەف لە دایکبووی ساڵی 1983 بوو لە شاری دێرکی سەر بە پارێزگای حەسەکە، ئەندازیاری کشتوکاڵی بوو، دوای روداوەکانی ساڵی 2011 هەڤرین پەیوەندی بە شۆڕشی رۆژئاوای کوردستانەوە کردووە و دواتر بوەتە ئەندامی ئەنجومەنی ئابوریی قامیشلۆ، ساڵی 2014 لەکاتی راگەیاندنی ئیدارەی خۆسەر، بوەتە جێگری دەستەی وزە و دواتر بە سەرۆکی لیژنەی ئابوریی هەڵبژێردراوە.
مانگی ئازاری ساڵی 2018 وەک ئەمینداری گشتی پارتی سوریای ئایندە هەڵبژێردراوە، یەکێک بووە لە ژنە شۆڕشگێڕ و چالاکەکانی رۆژئاوای کوردستان.