ئومێد بەرۆشکی بە شەش مانگ بەندکردن سزادرایەوە

#ئومێد بەرۆشکی#چالاکوانانی بادینان#زیندانی کردن#شەش مانگ بەندکردن
9 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 9 مانگ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • دادگای دهۆک جارێکی دیکە سزای شەش مانگ بەندکردنی بۆ ئومید بەرۆشکی دەرکرد
  • رەمەزان ئەرتیسی پارێزەر: دەبوو بەپێی یاسای رۆژنامەگەریی سزا بدرایە نەک یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی
  • پارێزەری ئومێد بەرۆشکی: حوکمی سزادانەکەی تەمیز دەکەینەوە
Primary Asset

سبەی 

دادگای دهۆک جارێکی دیکە سزای شەش مانگ بەندکردنی بۆ ئومید بەرۆشکی دەرکرد، پارێزەرەکەی دەڵێت: دەبوو بەپێی یاسای رۆژنامەگەریی سزا بدرایە نەک یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و بۆ ئەوەش بڕیارەکە تەمیزدەکەینەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ـی کانوونی دووەمی 2025، دوای نزیکەی ساڵێک لە دەستگیرکردنی، دادگای دهۆک سزای شەش مانگ زیندانی بەسەر رۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکی سەپاند، بە تۆمەتی ناوزڕاندنی چاکسازی زەرکای دهۆک.

لەوبارەیەوە رەمەزان ئەرتیسی پارێزەری ئومێد بەرۆشکی بە "سبەی" راگەیاند: سزاکەی ئومێد بەرۆشکی بەپێی ماددەی دووی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامیرەکانی پەیوەندییە، لەسەر ئەوەی بابەتێکی لە لاپەڕی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوکردوەتەوە لەسەر رفاندنی مەلا نەزیر، دواتر زیندانی چاکسازی زەرکا سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە و لەسەر ئەو بنەمایە دەستگیرکراوە و سزا دراوە.

وتیشی :"داواکاریی بۆ تەمیزکردنەوەی حوکمەکەی ئومێد بەرۆشکی پێشکەشی دادگای پێداچونەوەی هەرێم دەکەین".

کەسوکاری ئومێد بەرۆشکی ئاماژە بەوەدەکەن :"یاسا سەروەر نییە و ڕۆڵی خۆی نابینێت، کەیسەکەیان بە حیزبی کراوە، داوا دەکەن دەنگیان بگاتە لایەنە پەیوەندیدارەکان و داوای پێداچوونەوە بە کەیسەکە دەکەن و دەیانەوێت یاسا سەروەر بێت".

پێشتر لە 22ـی شوباتی 2024، ئەیهان سەعید، چالاکوانی مافی مرۆڤ و کەسوکاری دەستگیرکراوان بادینان رایگەیاند: هێزە ئەمنییەکانی دهۆک لەسەر سکاڵایەک چوونەتە سەر ماڵی رۆژنامەوان ئومێد بەرۆشکی، دەستگیریان کردووە و گواستویانەتەوە بۆ بۆ بنکەی چاکسازی زرکا، ئەوەش لەسەر سکاڵایەکی چاکسازیی گەورانی دهۆک کە مانگێک پێشتر لەسەریان تۆمارکردبوو بە تۆمەتی ئەوەی ناوی زڕاندون.

ئەیهان سەعید دەستگیرکردنەکەی نە نایاسایی ناوبرد و رایگەیاند: دەستگیرکردنی ئومێد نایاساییە و هیچ ناوزڕاندنێکی نەکردووە، چونکە هەواڵی رفاندنی مەلا نەزیر راستە و کەسوکاریشی ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە.

رۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکی یەکێک بوو لە دەستگیرکراوانى بادینان، لە ساڵی 2021 و لەگەڵ زیاتر لە 90 چالاکوان و رۆژنامەنووسی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران، دوای 21 مانگ لە زیندانیکردنی لە 22ـی شوباتی 2022 ئازادکرا، جارێكی دیکەش لە 20ـی تەمموزی 2023 دەستگیرکرایەوە، بەهۆی قسەکردن لەسەر سزادانی شێروان شێروانی کە یەکێکە لە دەستگیرکراوانی بادینان و تائێستاش لە زینداندایە و ئازاد نەکراوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی