
سبەی
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا دەڵێت" پێموایە تا كۆتایی ئەم هەفتەیە لەگەڵ شاندی دەم پارتی كۆدەبمەوە". دەشڵێت "راستییەكەی ئەوەیە نەمدەویست هەڵوێستێكی لەم جۆرە لە دەم پارتی ببینم".
گوڵستان كلچ كۆچیگیت، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراسی و یەكسانی گەلان (دەم پارتی) لە پەرلەمانی توركیا، ناڕەزایەتی دژی پێشنیازی درێژكردنەوەی ماوەی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا لە عێراق و سوریا بۆ ماوەی سێ ساڵ دەربڕی كە دواتر پەرلەمان پەسەندیكرد، رایگەیاند: ناوچەكە لە نێو شەڕ و قەیرانێكی گەورەدا، پێشنیازەكانی حكومەتیش بۆ درێژكردنەوەی پرۆسە و ئەركە سەربازییەكانیان لەو وڵاتانە، پەرەی زیاتر بە شەڕەكە دەدەن.
وتیشی: "لە كاتێكدا باس لە ئاشتی، چەكدانان و دووركەوتنەوە لە پێكدادان دەكرێت، پێشنیازی شەڕ دەهێننە پەرلەمان".
رۆژێك دوای ئەم لێدوانە، پەرلەمانی توركیا درێژكردنەوەی وادەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان و مانەوەی هێزەكانی لە هەرێم و رۆژئاوی كوردستان بۆ سێ ساڵی دیكە درێژكردەوە، ئەوەش بە ئامانجی ریشەكێشكردنی هەڕەشە چاوەڕوانكراوەكانی سەر وڵاتەكە.
لێدوانی دەم پارتی لەبارەی درێژكردنەوەی ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەی نیگەران كردووە، دوای سەردانە سێ رۆژییەكەی بۆ كوێت، قەتەر و عومان، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە كاتی گەڕانەوەیدا بۆ توركیا لە نێو فڕۆكەكەیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان دووا، لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی ئایا دەم پارتی كە لەم دواییانەدا "هەڵوێستێكی نەرێنیی بەرامبەر پرۆسەی توركیای بێ تیرۆر گرتووەتەبەر یان نا؟ ئەردۆغان رایگەیاند: "راستییەكەی ئەوەیە نەمدەویست هەڵوێستێكی لەم جۆرە لە دەم پارتی ببینم،پێموایە تا كۆتایی ئەم هەفتەیە دیدارمان لەگەڵ شاندی دەم پارتی دەبێت و كۆدەبینەوە. لەگەڵیاندا ئەم پرسانە دەخەینە بەر باس و لێكۆڵینەوە".
وتیشی:" پێموانییە شاندی دەم پارتی ئەم تێگەیشتنەی هەبێت، نامەوێت بیریشی لێبكەمەوە، زیاتر لەگەڵ خاتوو پەروین لەسەر ئەم پرسانە گفتوگۆمان كردووە، پشتیوان بە خودا لە دیدارەكەماندا لە ڕۆژانی كۆتایی ئەم هەفتەیەدا دەرفەتمان دەبێت بۆ دووبارە هەڵسەنگاندنی ئەم بابەتانە، چونكە توركیای بێ تیرۆر تەنیا سوودی بۆ ئێمە نییە، بەڵكو سوودی بۆ هەموو توركیا هەیە، بە لاز، تورك، كوردەوە سوودی بۆ هەموومان، بۆ تەواوی ٨٦ ملیۆن كەسی ئەم وڵاتە هەیە".
" لە كاتێكدا ئێمە بیردەكەینەوە كەشوهەوای وڵات بۆتە توركیای بێ تیرۆر، راستییەكەی كە ئەم جۆرە شتانەم لە دیاربەكرەوە بیست، نیگەران بووم. پشتیوان بەخودا هەرچی زووە لەم دۆخە دوور بكەوینەوە و توركیایەك بنیاتبنێین كە ئاشتیی، ئارامیی و برایەتیی تیایدا باڵا دەست بێت. با لەمەدا سەركەوتووبین". ئەردۆغان وای وت.
