ئەمبوڵانسێکی مانگی سوری کوردی کە لەلایەن تورکیاوە لە نزیک بەنداوی تشرین کرایە ئامانج
سبەی
رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بە وڵاتە، لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و بەتایبەتی لە بەنداوی تشرین تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە و هاوڵاتیانی مەدەنی و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیان کردووەتە ئامانج و تەنها لەم مانگەدا لە بەنداوی تشرین 20 کەس کوژراون و 120 کەسیش برینداربوون.
رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لە راپۆرتێکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە (30ـی کانوونی دووەمی 2025) بڵاوی کردوەتەوە: هێرشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سوپای نیشتمانیی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتیی دەکرێن، لە 18ـی ئەم مانگە و بەئامانجگرتنی ئامبوڵانسێکی مانگی سووری کوردی لە باکوری سوریا تاوانی جەنگە، شایەتحاڵەکان دەڵێن، هێرشەکە بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتن بووە کە کچێکی برینداری دەگواستەوە، کە لە هێرشێکی پێشووی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا بریندار بووە، لە هەمان رۆژدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خۆپیشاندەرانی نزیک بەنداوی تشرینی کردبووە ئامانج.
هیومان رایتس وۆچ دەڵێت: لە هێرشەکانی ئەو رۆژەدا شەش هاوڵاتی کوژراون کە یەکێکیان ئەکتەرێکی ناسراوی کورد بووە و نزیکەی 16 کەسی دیکەش برینداربوون.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: چەکدارەکانی سوپای نیشتیمانی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن، ڤیدیۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ سەر هاوڵاتیانی نزیکی بەنداوی تشرین بڵاوکردەوە، بەڵام نەتوانراوە یەکلایی بکرێتەوە کە هێرشەکە لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدراوە یان گروپە چەکدارەکان، کە تیایدا خۆپیشاندەران لە دەوروبەری بەنداوی تشرین دەکاتە ئامانج، لەکاتێکدا ئەوان کوبوونەتەوە بۆ رێگریی کردن لە بەردەوامی هێرشەکانی تورکیا کە مەترسی روخانی لەسەر بەنداوەکە زیادکردووە.
رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ ئاشکرای کردووە؛ لەم مانگەدا لایەنی کەم چوار هێرش لەلایەن گروپەکانی هاوپەیمانی تورکیاوە بۆ سەر خۆپیشاندەرانی بەنداوی تشرین ئەنجامدراون و بەهۆیەوە 20 کەس کوژراون و 120 کەسیش برینداربوون.
هیبە زیادین، لێکۆڵەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ دەڵێت: "سوپای نیشتمانی سوریا و هێزەکانی تورکیا زۆر بە رونی هێرشی نایاساییان بۆ سەر خەڵکی مەدەنی ئەنجامداوە، تورکیا پشتیوانی سەرەکیی ئەو گروپانەیە و پابەندە بەوەی پێشێلکارییەکانی ئەو گروپانە رابگرێت، ئەگەرنا هاوبەشی لە تاوانەکانیدا هەیە.
رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ بڵاوی کردوەتەوە؛ بەنداوی تشرین لە مانگی کانوونی دووەمەوە خاڵی سەرەکی روبەڕوبوونەوەی نێوان سوپای نیشتمانی سوریای هاوپەیمانی تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکرات بووە.
بەنداوەکە لە 10ی کانوونی یەکەمی 2024ـەوە لەکارکەوتووە، بەهۆی ئەوەی لەکاتی پێکدادانەکاندا زیانی پێگەیشتووە، بەهۆیەوە نزیکەی 413 هەزار کەس لە ناوچەکانی مەنبج و کۆبانی بێ ئاو و کارەبا ماونەتەوە، بەپێی ئامارەکانی کۆڕبەندی رێکخراوە ناحکومییەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، کە هاوپەیمانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە و لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا کاردەکەن، چاکسازیی بەپەلە پێویستە بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و پاراستنی سەرچاوەکانی ژیان، کە بەهۆی پەککەوتنی بەنداوی تشرینەوە کەوتونەتەوە.
لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور هۆشداری داوە لەوەی ئەگەر زیان بە بەنداوەکە بگات، مەترسی کارەساتی مرۆیی و کاولکاریی لێدەکەوێتەوە، بەهۆی بەردانەوەی ئاوەکەیەوە مەترسیی هەیە لافاو دروست بێت، ئەوەش روداوێکی وێرانکەری لێدەکەوێتەوە و زیان بە ناوچەیەکی بەرفراوان دەگەیەنێت.
لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە تۆپبارانەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا ئاو و کارەبای ملیۆنان کەسی بڕیوە، بەردەوامیی هێرشەکان زیانێکی گەورەی بە ژێرخانی زۆرێک لە دامەزراوە سەرەکییەکان گەیاندووە، لەوانە وێستگەکانی ئاو و کارەبا، دامەزراوە نەوتییەکان و بەهۆیەوە کارەکانی نەخۆشخانە و نانەواخانە و پڕۆژەکانی ئاو پەکیان کەوتووە.
هیومان رایتس وۆچ ئاماژەی بەوەکردووە، گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا تۆمارێکی خراپی پێشێلکاریی مافی مرۆڤیان هەیە، گروپەکانی سەر بە تورکیا کە ئەندامانی دەزگای هەواڵگریی تورکیایان تێدایە، ژمارەیەکی زۆر خەڵکیان رفاندووە کە لە ناویاندا منداڵیش هەیە، ئەشکەنجەدان و دەستدرێژیی سێکسیان بەرامبەر ئەنجامداون، بەشدارییان کردووە لە تاڵانکرن و دزینی ماڵ و موڵک و زەوتکردنی زەویدا.