سبەی
دوای 34 ساڵ، بەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانی، جارێکی تر دیمەنی مانگرتن بەخۆیەوە دەبینێتەوە، ئەوکات بۆ پشتیوانی لە ئیدارەی کوردیی و دژی رژێمی بەعس و ئێستاش دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داواکردنی مووچە و مافی ژیان.
ئەمڕۆ شەممە، مانگرتنی ژمارەیەک لە مامۆستا و فەرمانبەر کە خێمەیان لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتوەکان لە سلێمانی هەڵداوە پێ دەنێتە رۆژی پێنجەمییەوە، ئەو 12 کەسەی مانیان لەخواردن گرتووە دەڵێن تا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت و مافەکانیان بەدەست نەهێنن بەدروشمی "مردن لەپێناو ژیان" بەردەوام دەبن لە مانگرتن لە خواردن.
بەهۆی سەرمای زستان و مانگرتنەوە، دۆخی تەندوستی مامۆستایانی مانگرتوو بەرەوە خراپی دەچێت و ژمارەیەکیان لەژێر چاودێریی تیمەکانی فریاکەوتنی تەندروستیین، کە لەماوەی پێنج رۆژی مانگرتنەکەدا لە نزیکیانەوە بوون.
یاریدەدەرێکی پزیشک لە تیمی فریاکەوتنی تەندروستی کە چاودێری دۆخی تەندروستی مانگرتوان دەکات، بە ''سبەی'' وت: رۆژانە دووجار سەردانیان دەکەین، دۆخی تەندروستیان رۆژ بەرۆژ خراپ تر دەبێت، شەکرەیان دادەبەزێت، تێکچونی دۆخی تەندروستان بەشێکی بۆ سەرماکە دەگەڕێتەوە.
پشتیوانیی بۆ مانگرتنی مامۆستایانی سلێمانی تادێت فراوانتر دەبێت، مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتیان و چالاکوانان رۆژانە سەردانیان دەکەن، بەڵام تائێستا هیچ لایەنێکی فەرمیی حکومی و وەزارەتی پەروەردە سەردانیان نەکردوون و وەڵامی داواکارییەکانی مامۆستاو فەرمانبەرانیان نەداوەتەوە. عەبدولواحید ئیبراهیم، مامۆستای ناڕازی لەوبارەیەوە بە "سبەی" وت: تائێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان نەهاتونەتە سەرخەت، بڵێن داواکاریتان چییە؟ خێمەتان بۆچی هەڵداوە؟بەرنامەتان چییە؟
ئەوەی خستەڕوو، ئێمە وەک دەستەی مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی تا وەڵامێک وەرنەگرین خێمەکە چۆڵ ناکەن، ئەگەر بەمردنیشیان بێت.
داواکاریی مانگرتوان چییە؟
مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو کە بەشێکن لە دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، لە راگەیەندراوێکدا کە پێش مانگرتنەکەیان پێنج رۆژ لەمەوبەر بڵاویان کردەوە، داوایان دەکرد دابەشکردنی موچەی دوا مانگی ساڵی رابردوو و موچەی مانگی یەکی ئەمساڵ پێش کۆتایی مانگ دابەش بکرێت، چەند رۆژێک بەسەر داواکارییەکەیان تێپەڕیووە و هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر دابەشکردنی مووچە نییە.
هەروەک داوا دەکەن حکومەت دەستبەجێ ناردنی داتای راست و دروست بۆ تەوتینکردنی موچە بۆ سەر بانکە فیدراڵییەکان بۆ عێراق بنێرێت، ئەگەر هەولێریش تەوتینکردنی موچە بۆ سەر بانکە فیدرالییەکان ناکات، پێویستە سلێمانی ئەو کارە بکات مووچەی سەرجەم فەرمانبەران تەوتینی بانکە فیدرالییەکان بکات.
مامۆستایان داوای پلە بەرزکردنەوەدەکەن کەماوەی 10ساڵە پلە بەرزکردنەوە فەرمانبەرانی شارستانی راگیراوە، بە پێویستی دەزانن دەستبەجێ دەست پێبکاتەوە، پێش خانەنشینکردنی هەر فەرمانبەر و مامۆستایەک سەرجەم پلە بەرزکردنەوە شایستەداراییەکان بگەڕێتەوە، دواتر خانەنشین بکرێن.
لەبارەی دەستپێکردنەوەی وەرزی دووەمی خوێندنیش دەڵێن: دەستپێکردنەوەی وەرزی دووەمی خوێندن بەندە بەڕێککردنەوەی وادەی دابەشکردنی موچەو نەفەوتانی هیچ موچە و مافێک و زوو جێبەجێکردنی تەوتین، کۆتایی هێنان بە خوێندنی ئەمساڵ لە ئەستۆی حکومەت و پەرلەمانتارەکانی بەغدایە.
مامۆستایان و فەرمانبەران سەبارەت بە ناردنی موچەی مانگی 12 ئاماژەیان بەوەکرد؛ حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتی لەسەرشانە و ناکرێ پارە بنێرێت و بەرپرسیاریەتی موچە هەڵنەگرێت، ئەگەر پارەی بۆ مووچەی مانگی 12 ناردوە، نابێت لەسەر دیارنەمانی بێدەنگ بێت.
مانگرتنەکەی 1991چۆن بوو؟
دووبارە بوونەوەی مانگرتن لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانی، لەکاتێکدا پێش 34 ساڵ لەمەوبەر، مانگرتنێکی هاوشێوە ئەنجامجدرا، ئەوکات ماوەیەکی کەم بوو راپەڕین ئەنجامدرابوو، بەڵام ئەمجارە دوای 34 ساڵ لە راپەڕین و پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمان و چەسپاندنی حوکمی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدراڵدا.
مانگی 10ـی ساڵی 1991 و حەوت مانگ دوای راپەڕین، رژێمی سەدام حسێن، سلێمانی تۆپبارانکردبوو، رۆژی 5ـی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵ 13 چالاکوان بە یاداشتێکەوە چوونە بەردەم نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی و دەستیان بە مانگرتن کرد، دەیانویست لەو رێگایەوە فشار لە ناوەندە جیهانییەکان بکەن، تا جارێکی دیکە رێگا بە گەڕانەوەی رژێمی بەعس نەدەن بۆ هەرێمی کوردستان و مەترسییەکان لەسەر هاوڵاتیان بڕەوێننەوە.
ساڵی 1991 بۆ یەکەم جار دژ بە سیاسەتەکانی رژێمی بەعس لە شاری سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە، بەمەش مێژوویەکیان تۆمارکردووە و پاشناوی ئەوکەسانە بووە بە "مانگر".
یەکێک لە مانگرتووەکانی ئەو ساڵ کە ناوی محەمەدە و بە "حەمەی مانگر" ناسراوە، جارێکی دیکە و دوای 34 ساڵ چووەتەوە بەردەم مانگرتووەکانی سلێمانی و بەشێک لەدەستەی ناڕەزایەتییەکان و پشتیوانییان دەکات.
یاداشتی ئەوکاتەی ئەو چالاکوانانە لەبەردەم نەتەوە یەکگرتوەکان دوایانکرد؛ لە فراوانکردنی هێڵی 34 بۆ 36، ئازادکردنی زیندانیانی سیاسیی، گەڕانەوەی ناوچە دابڕێندراوەکان، گەڕانەوەی ئاوارەکانی کەرکوک و خانەقین بۆ شوێنەکانی خۆیان، لەگەڵ چەند داواکارییەکی دیکەش.
مانگرتنەکەی ساڵی 1991 ماوەی 11 رۆژی خایاند
مانگرتنەکەی ئەو چالاکوانانە 11 رۆژ بەردەوامبوو، پێنج ڕۆژی یەکەم ئاویشیان نەخواردووەتەوە، ژمارەی مانگرتووان لە 13 کەسەوە بوو بە 25 کەس، خەڵک بە تەمەنە جیاوازەکانەوە بەشدارییان تێدا کردووە، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانەوە خەڵک سەردانیان دەکردن و پشتگیریی خۆیان بۆ چالاکییەکەیان دەردەبڕی، ئەو مانگرتنە بووەە باس و خواسی زۆربەی میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکان.