بۆچی دەنگی خۆمان پێ ناخۆشە؟

#دەنگ#توێژینەوە#ژێی دەنگ#لەرە
5 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 مانگ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • ئەوە هەر ئێوە نین دەنگی خۆتان پێ ناخۆشە و حەزتان لێ نییە گوێتان لە دەنگی خۆتان بێت. ئەگەر تا ئێستا هۆکاری ئەمەتان نەزانیووە، ئێستا کاتی هاتووە بیزانن.
Primary Asset

سبەی

لە قسەکردنی ڕۆژانەدا بە دوو جۆری جیا واتا لە ناوەوە و لە دەرەوە هەست بە دەنگی خۆمان دەکەین. ئەمەش لەبەرئەوەیە دەنگمان هەم بە ڕێگای هەوا و هەم لە ڕێگای ئێسقانی کاسەى سەرمانەوە بۆمان دەگەڕێتەوە.

ئەو لەرزەیەی لە کاتی قسەکردن لە ژێکانی دەنگمانەوە دەردەچێت، تەنیا ناگاتە گوێکانمان، بەڵکو هاوکات بە ئێسقانەکانیشماندا دەڕوات و دەگاتە گوێی ناوەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی دەنگی خۆمان گڕتر بێتەوە بەر گوێمان. 

بەڵام کاتێک گوێمان لە تۆمارێکی دەنگی دەبێت، تەنیا لە ڕێگای هەواوە دەگات بە گوێکانمان. ئەمەیش دەبێتە هۆی دروستبوونی شەپۆل و لەرەی جیاواز و دەنگمان لەوە ناسکتر و جیاوازتر بێتە بەر گوێمان کە چاوەڕێمان دەکرد. 

بەپێی توێژینەوەیەکی زانکۆی تۆکیۆ، جیاوازی نێوان دەنگی خۆمان بە تۆمارکراوی لەگەڵ هەستپێکردنمان بۆ دەنگی خۆمان، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت.

پڕۆفیسۆری دەرونناس دکتۆر سیڵک پاڵومان ئاماژە بەوە دەدات دەنگ بەشێکی گرنگە لە کەسێتی مرۆڤ و دەڵێت: "بەڵام کاتێک مرۆڤ گوێی لە تۆماری دەنگی خۆی دەگرێتەوە، گوێی لە دەنگێک دەبێت کە لە ئاست چاوەڕوانی ئەودا نییە، بۆیە بە دەنگی خۆی هەراسان دەبێت".

لە توێژینەوەیەکی دیکەیشدا هۆکاری پێخۆشنەبوونی تۆمارە دەنگییەکان بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە هەستەکانی مرۆڤ لە دەنگیدا ڕەنگ دەداتەوە. 
دەمارناس مارک پێڵ لەمبارەیەوە دەڵێت: "کاتێک گوێ لە تۆمارێکی دەنگی خۆمان دەگرین، وەک چۆن هەڵسەنگاندن بۆ دەنگی کەسانی دیکە دەکەین، بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکەین دەنگی خۆشمان هەڵدەسەنگێنین. کاتێکیش هەست دەکەین ئەو دەنگەی دەیبیستین لەگەڵ کەسێتیمان ناگونجێت، هەست بە هەراسانی دەکەین".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی