لە هەر چرکەساتێکدا ئەگەری روخانی 600 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە ئیستانبوڵ هەیە

#تورکیا#ئیستانبوڵ#بومەلەرزە#یەکەی نیشتەجێبوون
3 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 مانگ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • موراد کوروم، وەزیری گۆڕانی کەشوهەوا، ژینگە و شارسازی تورکیا دان بەوەدا دەنێت نۆ ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون و شوێنکار لە ئیستانبوڵ مەترسیی داڕووخانیان زۆر لەسەرە و دەڵێت: "ملیۆنان کەس لە ئیستانبوڵ لەو 600 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونەدا دەژین، کە لەوانەیە لە هەر چرکەساتێکدا بڕوخێن".
Primary Asset

سبەی

موراد کوروم، وەزیری گۆڕانی کەشوهەوا، ژینگە و شارسازی تورکیا دان بەوەدا دەنێت نۆ ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون و شوێنکار لە ئیستانبوڵ مەترسیی داڕووخانیان زۆر لەسەرە و دەڵێت: "ملیۆنان کەس لە ئیستانبوڵ لەو 600 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونەدا دەژین، کە لەوانەیە لە هەر چرکەساتێکدا بڕوخێن".

دوای ئەوەی تەنیا لە ماوەی شەش رۆژدا 570 بومەلەرزە دەریای ئیجەیان هەژاند، ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر هاوڵاتییانی تورکیا و باکوری کوردستانی گرتووەتەوە و دەترسن بوومەلەرزەیەکی بەهێزی هاوشێوەی بوومەلەرزەکەی دوو ساڵ لەمەوبەر ڕوو بدات.

موراد کوروم لە میانی بەشداریکردن لە پانێلێکدا ئاماژەی بەوەدا کە ئیستانبوڵ و تەواوی تورکیا و باکوری کوردستان توانای بەرگەگرتنی بومەلەرزەیەکی بەهێزی وەک بومەلەرزەکەی گومگوم (مەڕەش)ی نییە و دەڵێت: "چڕبوونەوەی بومەلەرزەکان لە دورگەکانی یۆنان لە دەریای ئیجە، دەری دەخات پێویستە چەند پەلە بکەین لە ئامادەکارییەکان بۆ ئەگەری ڕوودانی بومەلەرزەی بەهێز لە تورکیا".

موراد کوروم سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە تەنیا لە ئیستانبوڵ حەوت ملیۆن و 500 هەزار خانوو و یەک ملیۆن و 500 هەزار شوێنکار مەترسی داڕوخانیان زۆر لەسەرە و دەڵێت: "ملیۆنان کەس لە ئیستانبوڵ لەو 600 هەزار خانووەدا دەژین، کە لەوانەیە لە هەر چرکەساتێکدا بڕوخێن".

ئەو وەزیرەی حکومەتی تورکیا هۆشداریدا لەوەی لەوانەیە لە هەر چرکەساتێکدا بومەلەرزە لە تورکیا ڕووبدات. 

ئەم گوتانەی موراد کوروم لە کاتێکدا دێت، چوار مانگ لەمەوبەر سەرۆکی کۆمەڵەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لە ئەگەری ڕوودانی بومەلەرزە، سینان تورککان ڕایگەیاند: لە ئەگەری ڕوودانی بومەلەرزەدا نزیکەی 650 هەزار باڵەخانە لە ئیستانبوڵ مەترسی ڕووخانیان لەسەرە.

تورککان بە میدیاکانی تورکیای ڕاگەیاندووە پێکهاتەی جوگرافیای تورکیا و باکوری کوردستان بە جۆرێکە کە ڕوودانی بومەلەرزە زیانی زۆری پێ دەگەیەنێت و دەڵێت: "لە ئەگەری ڕوودانی بومەلەرزەدا نزیکەی لە سەدا 80ی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە تورکیا و باکوری کوردستان مەترسی داڕوخانیان لەسەرە".

ئیستانبوڵ گەورەترین شاری تورکیایە و بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە 2023، زیاتر بووە لە 15 ملیۆن کەس.

بەم جۆرەیش تەنیا ژمارەی دانیشتووانی ئیستانبوڵ، لە ژمارەی دانیشتووانی 131 وڵاتی جیهان زیاترە.

هەرچەند بە هۆی نەپرسینی نەتەوە و زمانی دایک، نازاندرێت ژمارەی کورد لە ئیستانبوڵ چەندە، بەڵام مەزەندە دەکرێت 3-4 ملیۆن کورد لەو شارە بژین. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی