هێزێکی هەسەدە
سبەی
دوای ئەوەی هاوپەیمانان لە دوو بنكەی دێرەزوور كشانەوە، هێزەكانی سوریای دیموكرات چەكی قورس و هێزی زیاتر دەبەنە ئەو بنكانە.
بەپێی هەواڵی تەلەفزیۆنی سوریا، ئەمڕۆ پێنجشەممە هێزەكانی سوریای دیموكرات، "هەسەدە" هێزێكی گەورە و چەك و پێداویستیی سەربازیی بردووەتە هەردوو بنكەی عومەر و كۆنیكۆ لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور، دوای ئەوەی لەماوەی رابردوودا هێزەكانی هاوپەیمانان لە هەردوو بنكەكە كشانەوە.
لە 19 ی نیسانی رابردوو، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا "پنتاگۆن" رایگەیاند، وەزیری بەرگریی فەرمانیداوە بە یەكخستنی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا، ئەویش لەچوارچێوەی چەند بنكەیەكدا و كەمكردنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا بۆ كەمتر لە هەزار سەرباز، ئەمەش دوای چەند مانگێك لە رووخانی رژێمی پێشووی سوریا لە كۆتایی ساڵی رابردوو.
"قسەكردن لەسەر كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان تەنها خەیاڵێكی بێ بنەمایە"
شەش رۆژ لەمەوبەر،مەحمود حەبیب، فەرماندە لە هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند، هاریكاری نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەشێوەیەكی كاریگەر بەردەوامە، هەردوولا بەردەوامن لە مەشق و ڕاهێنانی هاوبەش، بە ئامانجی بەرزكردنەوەی ئاستی هاریكاری نێوانیان. لەگەڵ پلانی جێگیربوونیان لەنزیك بەنداوی تشرین بەم نزیكانە.
وتیشی هاوكاری سەربازی و لۆجستی بۆ پشتیوانی لە بنكەكانی هاوپەیمانان لە باكوری سوریا نێردراوە و "قسەكردن لەسەر كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان تەنها خەیاڵێكی بێ بنەمایە".
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمەریكا لەمساڵدا ناردنی هاوكاری سەربازی و لۆجستی بۆ بنكەكانی لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا زیادكردووە و مانگانە كاروانی نوێی هاوكاری دەگەیەنێتە هێزەكانی.
لەگەڵ بەردەوامی ناردنی هاوكاری، هاوپەیمانان سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ گەورەترین مانۆڕی سەربازی لەو كاتەوە كە چونەتە سوریا، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەك لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ئاژانسی نۆرس پرێس.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، مانۆڕەكە لە بنكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە كێڵگەی نەوتی عومەر و دەوروبەری و هەروەها لە دەوروبەری ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆرەوە دەست پێدەكات، تا دەگاتە سنووری عێراق، ئەوەش رێگە خۆشدەكات بۆ قۆناغێكی نوێی ئۆپەراسیۆنەكان دژی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان.
رۆژی هەینی رابردوو كاروانێكی سەربازی هاوپەیمانان كە بەربەستی كۆنكرێتی و چەك و كەلوپەلی سەربازی و لۆجیستی هەڵگرتبوو، لە كێڵگەی نەوتی عومەر و كونیكۆی غازییەوە لە دەوروبەری دێرەزوور رەوانەی بنكەكانی دیكەی هاوپەیمانان لە پارێزگای حەسەكە كران، ئەوەش بەپێی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ.
ئەو جموجۆڵە دوای كەمتر لە 48 كاتژمێر هات لە رەوانەكردنی كاروانێكی سەربازی هاوپەیمانان بۆ بنكەكانیان لە رەققە، كە 25 بارهەڵگری پڕ لە سیستمی چاودێری پێشكەوتوو، زرێپۆش، تانكەری سوتەمەنی، كەلوپەلی سەربازی و لۆجیستی جۆراوجۆری لەخۆگرتبوو.
چوار هەفتە لەمەوبەر، هاوپەیمانان 70 بارهەڵگر چەك و كەرەستەی سەربازییان لە هەرێمەوە رەوانەی رۆژئاوای كوردستان كرد، لەگەڵ ئامادەكاریی بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی هێزەكانیان لەو ناوچەیە.
كاروانەكە چەك و كەرەستەی سەربازی و ئۆتۆمبێلی سەربازی گولـلەنەبڕ، سیستمی رادار و دۆشكە و تانكەری سوتەمەنی و چەندین سندوقی داخراویان لەخۆگرتبوو، كە لەزەوی و ئاسمانەوە و لەلایەن دوو هەلیكۆپتەری سەربازییەوە دەپارێزران، ئەوەش بەپێی روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ.
كاروانەكە رەوانەی بنكەی خەراب جەبیر لە دەوروبەری رمێلان لە باكوری پارێزگای حەسەكە كران.
ئەمەریكا لە سوریا
لە مانگی كانوونی دووەمی 2024 پنتاگۆن ڕایگەیاند كە نزیكەی دوو هەزار سەربازی ئەمەریكا لە سوریا جێگیركراون، ئەوەش زیاترە لەو ژمارە فەرمیانەی كە پێشتر وەزارەتەكە ڕایانگەیاندبوو.
لەو ژمارەیە 1100 سەربازیان لەلایەن پنتاگۆنەوە بە هێزی كاتی ناوبران، 900 سەربازەكەی دیكەش بە هێزی سەرەكی.
پنتاگۆن هۆكاری زیادكردنی هێزەكانی لە سوریا بۆ پێشهاتە خێراكانی ئەم دواییەی سوریا گەڕاندبووەوە.
بەوتەی بەرپرسێكی پنتاگۆن بۆ ئێن بی سی، رەنگە ژمارەی سەربازانی ئەمەریكا زۆر زیاتر بێت لەوەی كە پنتاگۆن رایگەیاندووە.
هێزەكانی ئەمەریكا لە بنكەی بچووك لە ناوچە جیاجیاكان جێگیربوون وەك كێڵگەی نەوتی عومەر، شەدادی و حەسەكە و قامیشلۆ.
ئەم هێزانە پاڵپشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) دەكەن، كە بەرپرسیارە لە دەستەبەركردنی ئاسایشی تۆڕێكی ئاڵۆزی زیندان و ناوەندەكانی دەستبەسەركردن لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، كە نزیكەی 45 هەزار چەكداری داعش و ئەندامانی خێزانەكانیان تێیدا زیندانیكراون.
جگە لە بنكەكانیان لە سوریا، هێزەكانی ئەمریكا هەروەها لە بنكەی تەنەف لە سێگۆشەی سنووری نێوان عێراق و سوریا و ئوردن جێگیركراون.
بنكەی تەنەف بووەتە بەشێك لە ستراتیژیی ئەمەریكا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانی وەك قاعیدە و داعش و گرنگترین ئامانجیش كۆنتڕۆڵكردنی هەژمونی ئێرانە لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.
بنكەكە دەكەوێتە سەر سنووری عێراق و چەند میلێك لە سنووری ئوردنەوە دوورە.
لە ساڵی 2016ەوە ئەم بنكەیە خاڵی دەستپێكی ئۆپەراسیۆنەكانی دژ بە داعش و مەشقپێكردنی گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا بووە.
وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە هاوپەیمانی دژ بە داعش نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە كاتێك پێشتر دووجار ئیدارەی ترەمپ فەرمانی كشانەوەی هێزەكانی دابوو، ئاماژەیان بەوەداوە كە ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی هێرشی وێرانكەری داعش ببنەوە وەك ئەوەی لە ساڵانی 2015 و 2016 لە پاریس، كان، برۆكسل و بەرلین ڕوویاندا.